
ماڵی وەفایی لە هەولێر، بە پێشکەشکردنی سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی خۆی، دەستپێشخەرییەک بۆ بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەم، ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ماڵی وەفایی، کە ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە شاری هەولێر، دەستپێشخەرییەکی بۆ بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕاگەیاند.
ناوەندەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، جگە لە قوربانی گیانی، زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی دامەزراوەکانی قەزای چەمچەماڵ گەیاند، لەناویشیاندا کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەوە زۆرێک لە کتێب و سەرچاوەکانی کتێبخانەکە لەناو ئاوی باران و لافاودا لەناوچوون
لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “ئێمە لە ماڵی وەفایی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی دوو لە هاونیشتمانییانی شارەکە، وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و بەشداریمان لە بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە کوردستاندا، سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەکەین و هیوادارین بتوانین کەلێنێک لەو زیانە پڕ بکەینەوە کە بەر کتێبخانەکە کەوتووە”.



