هاوپەیمانی “هەرێمی کوردستان” ڕاگەیەندرا
ڕۆژی پێنجشەم، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند.
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، د. كاوە مەحموود، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان ڕایگەیاند: هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان هەڵگری شوناسێکی کوردستانییە و گوتیشی “بە نیسبەت ئێمەوە شوناسی کوردستانیبوون گرنگە، ئەو شوناسی کوردستانیبوونە بەسراوەتەوە بە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها گرێدراوە بە مافەکانی جەماوەر لە بواری دابینکردنی ژیانی پڕ کەرامەت بۆیان و داکۆکردن لەمافەكانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بە تورکمان و ئاشوری و کلدان و سریان و ئەرمەن و هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە کوردستاندا هەن”.
هەروەها بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژانی ڕابردوو، چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی دیکەیش ئەنجامداوە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو سێ لایەنە لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکە ڕێککەوتوون.