كه‌لتوورهه‌واڵ
ئاراستەکان

پێشانگەی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار و یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە شاری هەولێر، بە بەشداری نزیکەی تێکڕای دەزگە و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرێتەوە.

 

بڕیارە، ڕۆژانی ٤ تا ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە ناو پارکی پێشمەرگە لە شاری هەولێر بکرێتەوە، ئەوەش یەکەمین پێشانگەی هاوشێوەیە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، نزیکەی تێکڕای دەزگە و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، وەشانخانە و چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ ژمارەیەک لە دەزگە و ناوەندە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، هەروەها چەند وەشانخانەیەکی کوردی کە لە وڵاتانی ئەوروپا چالاکن، بەشداری لە پێشانگەکە دەکەن.

 

کردنەوەی یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە شاری هەولێر، لەکاتێکدا دێت کە ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی نەخوازراوی ئەمنی و چەند هۆکارێکی دیکەوە، نەتوانراوە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە شارەکە بکرێتەوە، لەکاتێکدا تێکڕای دەزگە و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە ڕایانگەیاندووە، بە تەواوەتی خۆیان بۆ پێشانگەکە ئامادە کردبوو و هەریەک دەیانویست بە چەندین ناونیشانی تازەوە بەشداری لە پێشانگەکە بکەن.

 

وا دەردەکەوێت، یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی، قەرەبووی ئەو دۆخە بکاتەوە کە بەهۆی سازنەکردنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبەوە دروست بووە و خوێنەران لە چاوەڕوانی کردنەوەی پێشانگەی کتێب دەرباز بکات.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، سەدان ناونیشانی نوێ لە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی بۆ یەکەمجار لەلایەن دەزگە و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەخرێنەڕوو.

 

بڕیارە، پێشانگەی کتێبی کوردی، وەک چالاکییەکی بەردەوامیی ساڵانە بەڕێوەببردرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button