كه‌لتوور

ئایشە گروکه‌

بە (دایکی هەمووان) دەناسرا. چونکە لەماوەی خەباتی شاخ دا، هەموو پێشمەرگەکانی وەک کوڕی خۆی سەیر دەکرد. لە باوەشی دەگرتن و ماچی دەکردن.
ناوی تەواوی (عایشە قادر ونس) و لە١ی تەمووزی ١٩٣١ لە گەڕەکی بایزاغای شاری کۆیە لەدایک بووە.
بە (ئایشە گروکە) یان ئایشە گور(گوڵ) بانگ دەکرا. ناوەکەی لە گوڵەوە وەرگیراوە، بەهۆی جوانی و گفتولفتی شیرینییەوە.
لە ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (محەمەدئەمین عەبدوڵا ئەحمەد) ناسراو بە محەمەدئەمینی حەلاق پێکهێناوە. پێنج کوڕ و سێ کچی هەبوون.
هەر زوو پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی و ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئافرەتانەوە کردووە و دەستی بە چالاکی سیاسی کردووە.
ماڵە شەهیدان و بێدەرەتانانی بەسەر دەکردەوە و لە خۆراک، پارە و پول، جلوبەرگ، پێداویستی و هەر چییەکی چنگی دەکەوت، بەسەر خەڵکی دەستکورت و لێقەوماوی دابەش دەکرد یان بۆ پێشمەرگەکانی شاخی دەنارد.
بە (تەتەری شاخ و شار) دەناسرا، هەواڵ و پۆست و نامەی لە شاخەوە بۆ شار دەهێنا و بۆی دەبردنەوە. چالاکییەکانی لە دەیەی هەشتاکاندا، بۆ بەعسییەکان تۆقێنەر بوون، بەردەوام لە هەوڵی دەستگیرکردن و شەهیدکردنیدا بوون.
لە ساڵی ١٩٨٣ بەشدار حەلاق کوڕە بچووکەکەی ئایشە گور، لەلایەن ناپاکێکەوە و لەگەڵ چوار پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید کران و تەرمەکانیان کەوتنە دەست ڕژێمی بەعسەوە.
ئایشە گور لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٨ بە نهێنی سەردانی هەولێر دەکات، لەلایەن مەفرەزەیەکی جاشەوە دەستگیر و ڕادەستی ئەمن دەکرێت. لەوکاتەدا گوڵباخ و کەلسوومی کچی و کێوانی کچەزای لەگەڵ بوو، ئەوان ئازاد دەکەن و ئایشە گور بۆ ئەمنی هەولێر دەگوازنەوە.
لە دائیرەی ئەمنی هەولێر بۆ ماوەی چوار مانگ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دەهێشترێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە دائیرەی ئەمنەوە دەستکەوتن، ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٨٨ بە گوللەبارانکردن شەهید کراوە.
دوو ساڵ پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، تەرمی ئایشە گور، لە گۆڕێکی ناو گۆڕستانی مەعمەل قیڕ لە شاری هەولێر دۆزرایەوە و لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٩٣ لە مەراسیمێکی تایبەتدا، ڕووفاتی ئایشە گور و شەهید بەشداری کوڕی کە لە هەمان گۆڕستاندا خرابووە ژێر خاک، دەرهێنران و جارێکی دی لە شاری کۆیەی زێدی خۆی بە خاک سپێردرانەوە.
پاش دەرهێنانی ڕووفاتەکەی، شوێنەواری حەوت فیشەک بە کراسەکەی ئایشە گورەوە دەرکەوتوون. ئەو، بە حەوت فیشەک گوللەباران و شەهید کرا.
ئایشە گور، دایکی شەهید محەمەد حەلاقە، یەکێک لە فەرماندە پێشمەرگە شیوعییەکان، کە لە ئایاری ١٩٩٥ دوای دەستگیرکردنی لە بازگەی کۆیە و لەگەڵ ١١ لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی، پێکەوە شەهید کران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...