هه‌واڵ

د. موسەنا ئەمین: کوردستان لە قەرەبووی ماددەی ١٤٠ بێبەش کراوە

زێدپرێس

د. موسەننا ئەمین ئەندامی لێژنەی ماددەی١٤٠ لە ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، قەرەبووی ماددەی ١٤٠ زۆرینەی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام کوردستان قەرەبوو ناکرێتەوە.

د. موسەنا ئەمین ئەندامی لێژنەی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لێژنەی پێوەست بە ماددەی ١٤٠ بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هادی عامری سەرۆکی لێژنەی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی عێراقی، چەند ڕاستی و پرسیارێکی تایبەتی خستەڕوو.

کۆبوونەوەکە لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٣ بە بەشداری ١٥ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچووە، وەک ئەوەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ کردووە.

د. موسەنا ئەمین لەو کۆبوونەوەیەدا، ئاماژەی بەوە کرد، قەرەبووی ماددەی ١٤٠ زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام بۆچی کوردستان ناگرێتەوە، کە پێش هەر شوێنێکی دی، هەزاران شار و گوندی خاپوور کراوە.

ئەو، باس لەو جیاوازییە دەکات، کە لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق دەکرێت و دەپرسێت “تاکەی ھاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوتای بەشەکانی تری عێراق نین و بێنان و مووچەن، دوو مانگە هەتا بریندارانی کیمیاییش وەک پێویست چارەسەر و چاودێریان نییە”.

موسەنا ئەمین، ئەوەش بیر دەخاتەوە، کە ماددەی ١٤٠ لە بنەڕەتدا بۆ قەرەبووکردنەوە نەبوو، بەڵکوو بۆ گێڕانەوەی خاک بوو، وەک دەڵێ “باسی قەرەبوو کرا، ھە‌تا خاک بگە‌ڕێتە‌وە،‌ ئێستا خەریکە ئامانجی ئەسڵی لە‌بیر دەکرێت”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامە کوردەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای وەڵامی ئەو پرسیارەی کرد، کە “بە چ ماف و یاسایەک هێزەکانی ئاسایش و بەرگری دەبنە دۆست و هاوکاری هەندێ خاوەن موڵکی داگیرکار دژی جووتیار و هەژاری خاوەن موڵکی زەوی داگیرکراو؟”. زیاتر دەڵێ “ھە‌ندێک لە کشتوکاڵی پارێزگای کە‌رکووک و ھە‌ندێک قازی بوونەتە لایەنگیر و دژ بە یاسا و بڕیارەکان، دەستەواژەی گرێبەستە سڕکراوەکان بەکاردێنن، لەکاتێکدا ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاوە و پووچەڵکراوەن”.

ئەو لێدوانانەی موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەکاتێکدا دێن، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، فوهمی بوڕهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، ڕای گەیاند بوو، پارەی قەرەبووی مادەی ١٤٠ تەنیا ناوچە کوردستانییەکان ناگرێتەوە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرج دەکرێت، کە پێوەندییان بە ماددەی ١٤٠ەوە نییە.

سەرەتای ئەم مانگەیش (ئابی ٢٠٢٣) دژوار فایەق نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠، ڕای گەیاند، ئەو بڕە پارەیەی یەکەمجار بۆ قەرەبووی ماددەی ١٤٠ تەرخان کرا بوو، تەنیا ١٠٠ ملیار دینار بوو، کە بڕێکی یەکجار کەمە، پێشنیازی زیادکردیان کردووە و کراوەتە ٢٠٠ ملیار دینار، بەڵام وەک گوتی “هێشتا ھەر کەمە، چونکە بەو پارەیە ٢٠ ساڵی دیکەی دەوێت تا قەرەبووکردنەوەکە کۆتایی بێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...