هه‌واڵ

هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە داشکانی کرێی کارەبا بێبەش دەکرێن

زێدپرێس

هەریەک لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە بڕیاری داشکانی ڕێژەی ١٥٪ی کرێی کارەبا بێبەش دەکرێن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ڕای دەگەیەنێت، ناکرێت جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییانی هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بکرێت.

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ زێدپرێس ڕای گەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داشکانی ڕێژەی ١٥٪ی کرێی کارەبا، تەنیا پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەگرێتەوە و بەو شێوەیەش پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە داشکانەکە بێبەش کراون.

ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پاش ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەم ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکی وەزارەتەکە داوە، بە داشکانی ڕێژەی ١٥٪ی کرێی کارەبا لە هاوبەشانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هاوشێوەی هەمان بڕیار کە پێشتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەرچووە.

بەڵام، کاسترۆ مەعروف ڕەتی کردەوە، بڕیاری داشکانەکە بۆ هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە کرا بێت، بەڵکوو هەڵەبجەیش هاوشانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە داشکانی کرێی کارەبا بێبەش کراوە.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕوونی کردەوە، لەو نووسراوەی پێشتر وەزارەتی کارەبا بۆ داشکانی ڕێژەی ١٥٪ی کرێی کارەبا بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، تەنیا ئاماژە بە داشکانەکە لە پارێزگای سلێمانی کراوە، نەک هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین.

زیاتر گوتی “لەبەرئەوەی لە بڕیارەکەدا ئاماژە بە هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین نەکراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانەدا ناتوانن پابەندی بڕیارەکە بن و هیچ داشکانێکیش بۆ هاوبەشانی کارەبا لەو سنورانەدا نەکراوە”.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی کاسترۆ مەعروف، لەڕووی کارگێڕییەوە پێویستە وەزارەتی کارەبا لە بڕیار و نووسراوەکەدا ڕاستەوخۆ ئاماژە بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بدات، بە پێچەوانەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لەو دەڤەرانەدا ناتوانن پابەندی بڕیارێک بن، کە ناوی ئەوانی تێدا نەهاتووە.

بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران/ فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی، بە ژمارە ٧٢٣١ی ڕێککەوتی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کە بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان، ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراوە، تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە نووسراوی ژمارە ٣٧١٢ی وەزارەتی کارەبا، لە ڕێککەوتی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، ڕەزامەندی درا بۆ داشکاندنی ١٥٪ی کرێی کارەبا بۆ پارێزگای سلێمانی و بڕیارەکەش تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت.

کاسترۆ مەعروف باسی لەوەش کرد، ناکرێت جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییانی هیچ ناوچەیەک بکرێت و پێویستە بڕیارەکە هەموو هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ناوبراو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ٩ی ئابی ٢٠٢٣، نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەرز کردووەتەوە، کە تیایدا داوا دەکات، نووسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی ١٥٪ لە هاوبەشانی کارەبا لە ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، لەکاتێکدا بڕیارەکە تا ئێستا تەنیا پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.

ڕاگەیەنراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی کارەبا، کە ئاماژە بە داشکانی کرێی کارەبا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەکات، ئەگەر تیایدا ئاماژە بە ئیدارە سەربەخۆکانی وەک سۆران و زاخۆ و ئەوانی دی نەدرێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی فرۆشیاری وزە لەو ئیدارە سەربەخۆیانەشدا، تووشی هەمان گرفت دەکات، ئەگەر ڕەچاوی ڕێنمایی و ڕێکارە کارگێڕییەکان بکەن، ناتوانن داشکان لە کرێی کارەبا بۆ هاوبەشانی سنوورەکانیان بکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...