شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی

دەمامکدانی نیشتمان!

هێشتا لە کوردستان بەتەواوی ئاسەواری بەعارەبکردن نەسڕاوەتەوە، کەچی دیاردەیەکی مەترسیدارتر سەریهەڵداوە. دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە ئەوەی ئێستا دەکرێ بەدەست و خواستی خۆمانە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێمە ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕیکلامە بازرگانییە سەرمادارییەکان دەبینین و هەر ڕۆژە و ناوێکی نوێی بیانی بەسەر گەڕەکێک یان ئاواییەکی نوێدا دەسەپێندرێ! ئەو ناوە نوێیانە نەک هەر بە مێژوو و کەلتووری نیشتمانی ئێمە نامۆن، بگرە هەندێکیان بە ئاسانی هەر لەبەر ناکرێن و گۆکردنیشیان زەحمەتە.

بێگومان، بنیاتنانی شار و گوند و ئاوایی نوێ مایەی خۆشحاڵی و ستایشە، بەڵام کاتێک ناوی بەشێک لەو ئاواییە نوێیانە دەبیستین شۆک دەبین و سەرمان سوڕدەمێنێت. لەوەش خراپتر مێش میوانی دەسەڵات نییە و بگرە هاندەریشە.

مخابن تا ئێستا نەمزانیوە شارەوانییەک، ئەکادیمیای کوردی، دەزگایەکی ڕۆشنبیری لەبەرانبەر ئەو دیاردە نامۆ و مۆدێلە پشتشکێنە بەدەنگ هاتبێت. شار کراوەتە سیتی و گوند کراوەتە فیلیج و ئاواییەکان بەناوی ئیتاڵی و ئەمریکی و ئیسپانی و ئینگلیزی و تەڕەماش دەکرێن!

ئەرێ گەلۆ ئەوە دەمامکدانی ڕوویی گەشی نیشتمان نییە؟

کورد دەڵێ: ئاو و ئاوەدانی، ئاواییش ئەو شوێنەیە کە مرۆڤی لێ نیشتەجێیە، کەچی هەروا بە سوک و ئاسانی دەستبەرداری ئەو چەمکە مێژووییە کوردەوارییەی خۆمان دەبن و دێن هەندێ ناوی ناڕەسەن هەڵدەبژێرن و دەیسەپێنن.

لەم یەک دوو ڕۆژە ڕیکلامێکم بینی بۆ ئاواییەک دەکرا (بۆ نموونە) بەناوی تولیپ! ئایا بۆچی تولیپ؟ لە کاتێکدا تولیپ جۆرێکە لە شلێر و مێلاقی خۆمان. ئایا ئەو ئاواییە بەناوی شلێر یان مێلاق کرابایە جوانتر و رەسەنتر نەبوو؟

بە کوردی دەگوترێ ئاوایی… ژاراوە، مەمکاوە، ئاشاوە، بەرزاوە ئەوانە و دەیان ناوی تری سەرتاسەری کوردستان، کەچی بەداخەوە خەریکە شار و ئاواییەکانمان لە جیاتی تەعریب تەغریب دەکرێن!

ئارێز عەبدوڵا

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...