ژینگه‌هه‌واڵ

سلێمانی؛ لە هەفتەیەکدا ١٣ هاووڵاتی بەتۆمەتی داربڕین دەستگیرکراون

لەماوەی هەفتەیەکدا ١٣ هاووڵاتی بەتۆمەتی داربڕین و خەڵوزکردن و زیانگەیاندن بە دارستانەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون و دۆسیەکیان ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٤ی ئازاری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی بەتۆمەتی داربڕین لە سنوری گوندی (کەلکەسماق)ی سەر بە شارۆچکەی دوکان ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوونەکانیاندا، چوار درەختی بڕاوەیان لە سنورەکەدا دۆزیوەتەوە و دواتر هاووڵاتییەک بەتۆمەتی بڕینەوەی دارەکان دەستگیرکراوە و ئێستا بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و ڕێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی بەتۆمەتی خەڵوزکردن و زیانگەیاندن بە دارستانەکان ڕاگەیاند. دوابەدوای دۆزینەوەی کورەیەکی خەڵوزکردن لە سنوری گوندی (قۆرچی) سەر بە شارەدێی ناڵپارێز.

لە ڕاگەیەندراوی پۆلیسدا هاتووە، کە کورەی خەڵوزکردنەکە دۆزراوەتەوە و تێکدراوە، هەرچەند خاوەنەکەی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەر لەوێ هاووڵاتییەک پیکابێک و ٤٠ فەردە خەڵوزەوە بەتۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیرکراوە.

هەرچەند بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بڕینەوەی درەختی تەڕ و زیانگەیاندن بە دارستانەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوامن لە دەستگیکردنی سەرپێچێکاران، بەڵام هێشتا بڕینەوەی داری تەڕ، خەڵوزکردن و زیانگەیاندنی جۆراوجۆر بە دارستانەکان هەیە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤یشدا، دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی لە سنوری گوندی (وڵانە) ڕاگەیاند، لەکاتێکدا سەرقاڵی بڕینەوەی داری سروشتی و بارکردنی بوو.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤، لە سنوری گوندی (سنەڵجێ)ی شارباژێڕ هاووڵاتییەک بەتۆمەتی بڕینەوەی ٣٠ داربەڕوو دەستگیرکرا و لە سنوری گوندی (دەرگەزێنی مەحموود فەقێ)ی سەربە بازیان، سێ هاووڵاتی دیکە لەکاتی بڕینەوەی درەختی سروشتیدا دەستگیرکران.

لە بەدواداچوونی زێدپرێسدا دەرکەوتووە، لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردووشدا، لانیکەم پێنج هاووڵاتی دیکە بەتۆمەتی داربڕین و زیانگەیاندن بە دارستانەکان دەستگیرکراون، لەناویاندا دەستگیرکردنی سێ هاووڵاتی لەلایەن بنکەی پۆلیسی دارستانی زەڕایەن لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤دا. دەستگیرکراوەکان سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی بوون، بەڵام ئاژەڵەکانیان بەرداوەتە ناو دارستانی دەستکردی شارەدێی زەڕایەنەوە و زیانیان پێگەیاندووە. هەروەها لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٦ی شوباتیشدا هاووڵاتییەک لە سنوری گوندی (شیلەخان)ی پیرەمەگروون دەستگیر کرا، بەتۆمەتی بڕینەوەی ٣٠ داری سروشتی لە جۆری بەڕوو کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ بوو. هاوکات ؛ە سنوری بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک هاووڵاتییەکی دیکە بە بارێک داری بڕاوەی سروشتییەوە دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر بارە دار و ئۆتۆمبێلەکەیدا گیرا و لە ڕۆژی پێشتریشدا لە سنوری گوندی (قشلاخ)ی سەربە شارەدێی تەکیە، هاووڵاتییەکی دیکە لەکاتی داربڕیندا دەستگیرکراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...