كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ

لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ٩٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی ئامارێکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی و کۆمیتەی یەکی ئایار، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٠ کرێکار لە شوێنکار و بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە و ساڵی ڕابردوویش ٧٣ کرێکار بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانی کار.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤، لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی کوردستان و کۆمیتەی یەکی ئایار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تا ئەمڕۆ ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤، بیست کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەستداوە؛ پارێزگای سلێمانی، هەشت قوربانی ڕووداوی کار، لە پارێزگای هەولێر، نۆ قوربانی ڕووداوی کار، لە پارێزگای دهۆک دوو قوربانی ڕووداوی کار و قوربانییەکی دیکەی ڕووداوی کاریش لە پارێزگای کەرکووک بووە.

کۆمیتەکە ڕوونیکردەوە، کە بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو، ٧٣ کرێکار لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی سەندیکای کرێکاران، زیاترین هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران پێکهاتوون لە؛ حەوت کرێکار بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە، شەش کرێکار لە شوێنی کارەکانیاندا کەوتوونەتە ژێر ئامێرەوە، پێنج کرێکار بەهۆی کەوتنە خوارەوە، کرێکارێک بەهۆی داڕوومان و کرێکارێکی دیکەیش بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستداوە.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عوسمان زیندانی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی کوردستان، هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران و ڕووداوەکانی کاری گێڕایەوە بۆ دەستەبەرنەکردنی پێداویستی و ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی کرێکاران لە شوێنکاردا.

ڕۆژی ٢٨ی نیسانی هەر ساڵێک، لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە بە ڕۆژی جیهانی پاراستنی ژیانی کرێکاران دیاریکراوە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاراستنی ژیانی کرێکارانەوە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، وەزارەتی کار لەڕێگەی حەوت لیژنەی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان “بەشێوەیەکی بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی داوە” و لە ساڵی ٢٠٢٣دا دوو هەزار و ١٦٧ جار سەردانی پڕۆژەکانیان کردووە و هەزار و ٦٢٣ ڕاسپاردەی پێشکەش کردووە.

وەزارەتەکە زیاتر دەڵێ، “هەمیشە هەماهەنگی بەردەواممان لەگەڵ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاراندا هەبووە بۆ بڵاوکردنەوە هۆشیاری و کەلتوری خۆپارێزی و پاراستن لە کارەساتە ترسناکەکان لە پڕۆژەکانی کاردا”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...