یەکگرتوو: داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت بەزیادەوە بەشی مووچە دەکات

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان .
جەماوەری هەرێمی کوردستان ..
فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم ..
یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەر دەسەڵات و حکومەتێک لە جیهاندا دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خۆشگوزەرانییە بۆ هاوڵاتیان ، ئەم ئەرکی حکومەت و مافی موچەخۆر و هاوڵاتیانە نابێ لە ژێر هیچ بیانوو پاساوێک پشتگوێبخرێت ، ئەمەش یەکێکە لە پێوەرەکانی دەسەڵات و حکومەتی رەشید و دادپەروەر ، بەڵام بەداخەوە ساڵانێکی دوور و درێژە دەسەڵات و حکومەتی هەرێم ئەو ئەرکە سەرەکی و گرنگەی خۆی پشتگوێخستووە و تا ئێستا دەیان موچەی هاوڵاتیانی نەداوە و دەیانی تری بە نیمچە و نیوەموچە داوە ، ئەمە لەکاتێکدا داهاتی نەوتی و نا نەوتی لە هەرێم لەگەڵ ئەو بەشە بوجە و موچەی کە لە بەغداوە دێت بەزیادەوە بەشی موچەی موچەخۆران دەکات .
حکومەت و دەسەڵات لە بەغدا ، لەگەڵ بوونی بریارێکی دادگای فیدراڵی کە نابێت موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە گرفتە سیاسییەکان بکرێت بەڵام بەداخەوە دەیکات و حکومەتی هەرێمیش لەو بارەوە بیانووی دەداتە دەست ، هەموو ئەمانە بەنیسبەت موچەخۆران هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ کە موچەی پێنادرێت و ژیانی خۆیان و ماڵومناڵیان تاڵ دەکرێت و بازارو کاسبیش لە هەرێم سست و وەستاو دەکرێت .
فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم ..
ئێوە لە کاتێکدا چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان موچەی مانگی پێنج وەربگرن کەچی لەناکاو حکومەتی بەغدا نەک تەنها موچەی مانگی پێنچ بەڵکو چارەنووسی موچەی مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵیشی خستە دۆخێکی نادیارەوە ؟!
لێرەوە ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چۆن هەوڵماندا لەرێگەی بریارێکی دادگای فیدڕاڵی موچەی موچەخۆرانی هەرێم مسۆگەر بکەین و کردمان ، بە هەمان شێوە بەڵێن بە هاوڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێم دەدەین کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بەتایبەتی لە رێگەی فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو لە بەغدا و لە هەولێر بۆ بەردەوامبوونی موچە و جێبەجێکردنی بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی تا موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت ، وە لەو بوارەدا هەرچیمان پێبکرێت ئەنجامی دەدەین .
هەروەها داوا لەهەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا دەکەین هەرچی زووترە کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن و تێکەڵی نەکەن لەگەڵ کێشەکانی نێوانیان و موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدەن .
مەکتەبی سیاسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
30/5/2025