ژینگه‌شرۆڤه‌

گۆڕانی کەشوهەوا؛ نزیکترین زەنگ!

 

1

مانگی 11 (نۆڤەمبەری)ی 2015، لە پانێڵێکدا لەسەر گۆڕانکارییەکان کەشوهەوا کە یەکێک بووم لە بەشدارەکان تیایدا، مامۆستایەکی هەمان زانکۆ لە بواری زانستەکانی کەشوهەوادا باسی ئەوەی کرد کە چیاکانی ئەلپ لە کۆتایی ئەم سەدەیدا بەبێ بەفر دەمێننەوە.

هەڵبەتە بەفری چیاکانی ئەلپ، تەنیا لەو وێنانەدا کۆنابنەوە کە ناودارەکانی جیهانی بزنس و وەرزش و سینەما بڵاویان دەکەنەوە، بەڵکو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئابووری بەشێکی زۆری کیشوەری ئەوروپایە. لەم ڕوانگەیەوە مامۆستاکەی زانکۆ ژنێڤ باسی زیانەکانی توانەوەی بەفرەکانی دەکرد لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا. مرۆڤیش وا ڕاهاتووە ترسی نەبێت لە پێشبینی و ئاگادارکردنەوەی دوورمەودا، ئەگەر لە ناو ڕووداوەکەدا نەبێت باکی نییە و بەردەوام دەبێت لەسەر ڕیتمی ژیانی ئاسایی خۆی. بۆیە پێشبینییەکانی زانایان لەسەر کەشوهوا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕای گشتی نەبوو.

دووای شەش ساڵ لەو قسانەی پڕۆفیسپۆرە سویسرییەکە، واتە ساڵی 2021، ئەوروپا کەوتە ناو گەورەترین قەیرانی کەشوهەواوە؛ زۆرترن ڕووداوی لافاو، وشکەساڵی و کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکانی بینی. لە نوێترین ڕاپۆرتیشدا لە ئاژانسی ژینگەی ئەوروپی دەریکردووە (2024)، کێشوەرەکە وەک یەکێک لە بەرکەوتووترین شوێنەکانی دنیا وەسفدەکرێت لە ڕووی کەشوهەواوە. بەم شێوەیە ئەو 80 ساڵەی پڕۆفیسۆرەکەی زانکۆی ژنێڤ داینابوو بۆ توانەوەی تەواوی بەفری چیاکانی ئەلپ، کورت بووەتەوە بۆ کەمتر لە 10 ساڵ و ئەوروپا کەوتووەتە ناو مەترسییەکەوە.

 

2

10 ساڵێک پێش ئێستا کە باس لە سەهۆڵبەندانەکانی جەمسەری باکووری زەوی زەوی (ئارکتیک) دەکرا، بەهەمان شێوەی پێشبینییەکان بۆ چیاکانی ئەلپ، کۆتایی سەدە دانرابوو بۆ توانەوەی تەواوی ڕووبارە بەستووەکانی ئارکتیک لە هاویندا. دووای چەند ساڵێک باس لەوە دەکرا کە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا، واتە ساڵی 2050، هاوینی ئارکتیک بێ بەفر دەبێت و ئاسمانی شین، بەڵام نوێترین ڕاپۆرتی زانستیی، هەموو پێشبینییەکانی گۆڕی و ساڵی (2035)ی داناوە بۆ توانەوەی تەواوی سەهۆڵبەندانی باکووری زەوی، واتە 10 ساڵی تر.

توێژینەوەکە (2024) دوو سیناریۆی داناوە: یەکەمیان لە خراپترین دۆخی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەڵێت: توانەوەی بەفر لە جەمسەی باکوور لە مانگی (5)ی هەموو ساڵێکدا دەست پێدەکات و ناوچەکە تا مانگی (12) بێ بەفر دەبێت. هەرچی سیناریۆی دووەمە دەڵێت لەباشترین دۆخدا (8، 9، 10) ناوچەکە بێ بەفر دەبێت و ئاسمانی شین.

لەوانەیە تا ئێستا ئەم هەواڵە کاریگەری بۆ سەر خەڵک نەبێت، چونکە جەمسەری باکوور دوورە و کەسیش باکی بەوە نییە ئەگەر ورچە سپییەکان و پەنگوین نەمێنن و لەناو بچن، چونکە مرۆڤایەتی تەنیا لە ژیانی خۆی دەترسێت و بیرکردنەوەی لەسەر ئەم ڕەهەندە بەندە.

ئەگەر کەمێک دوورتر بڕوانین، ڕاستییەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبینین: زەوی وەک سەلاجەکەی ماڵەوەی تۆیە کە پڕکراوە لە خۆرادن بۆ ئەوەی خراپ نەبێت، فرێزەرەکەش جگە لە سەهۆڵ پڕ کراوە لە گوشت و خۆراکی بەستوو بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا بتەوێت بەکاری بهێنیت. ئەگەر فرێزەرکە تێکچوو، هەموو لەشی سەلاجەکە تێکدەچێت و لەماوەیەکی دیاریکراویشدا خواردنەکانی تێکدەچن.

هەردوو جەمسەری باکوور و باشوور، فرێزەری زەوی دایکن، ئەگەر ئەوان تێک بچن، هەموو زەوی تێکدەچێت. بۆ؟ چونکە سوڕی ساردی و گەرمی زەریاکان و دابارین و ئاستی دەریا و کوالێتی ئاوی سازگار لەسەر زەوی بەندن بە سەهۆڵبەدانەکانەوە. بۆ نموونە کە دەتوێنەوە، ئاستی دەریا بەرز دەبێتەوە و هەڕەشە لەسەر شارەکانی ڕۆخی دەریا دروست دەبێت و زیانەکانی بەملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێن.

سەهۆڵبەندانەکان کە ملیۆنەها ساڵیان پێویست بووە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە دروست بن، لەهەناوی خۆیاندا بڕێکی یەکجار زۆریان لە گازی کاربۆن و میسان شاردووەتەوە، بە توانەوەیان ئەم گازانە دەچنە بەرگەهەواوە و گەرمای زیاتر لەسەر زەوی قەتیس دەکەن، یانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما خێرا و فرەوان دەکەن، ئەمانەش دەبنە هۆی تێکچوونی تەواوی سوڕی دابارین و وشکەساڵی و بڵاوبوونەوەی پەتا و داڕمانی ئابووری و تێکچوونی کشتوکاڵ.

ئەمە نزیکترن زەنگی مەترسییە بۆ ئەوەی جیهان هەنگاوێک بنێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان لەپێناو پاراستنی زەویدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button