هه‌واڵ

تەیف سامی: دینارێک بۆ هەرێم نانێرین تا تەوتینی مووچە نەکرێت

لە کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، بۆ ئەم مانگە دینارێک بۆ هەرێمی کوردستان نانێرین، تا تەوتینی مووچە نەکرێت.

 

جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردووەتەوە، کە “لەم مانگەوە دینارێک بۆ هەرێم نانێرین تا تەوتینی مووچە نەکرێت”.

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ قسەکردن لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

بەگوتەی جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی، تەیف سامی، بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە، کە لەم مانگەوە یەک دینار بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن، تا تەوتینی مووچە نەکرێت، واتە تا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە.

لێدوانەکەی تەیف سامی، دوای ئەوە دێت، کە هەر دوێنێ سێشەم، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا و بەناوی گوتەبێژەکەیەوە، ڕایگەیاند، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی کاش خەرج بکرێت، تا ئەوکاتەی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنەکە و دروستکردنی هەژماری بانکی تەواو دەبێت، چونکە ئەو پڕۆسەیە لەڕووی تەکنیکییەوە کاتی دەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...