دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەم، ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مەسعوود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قایمقام و بەرپرسانی فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكان، سەبارەت بە ڕەوشی کەشوهەواو و پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەو هەنگاو و کارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیانداوە و جەختی لە هەماهەنگی نێوانیان کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەو هەوڵ و کار و پڕۆژانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەر لەوەرزی باران بارینی ئەمساڵ لە پێناوی ڕوونەدانی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەسنووری پارێزگاکە ئەنجامدراوە، توانراوە لە شاری هەولێر مەترسییەکانی لافاو کەمبکرێتەوە، سەبارەت بەو ڕێژە باران بارینەش کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کەشناسی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و پێشبینییەکانیان بۆ ڕەوشی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەی لای خوارەوە:
یەکەم: سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکی عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی کە دەبنە هۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
دووەم: بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ و ئاودێری، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم: سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو.
چوارەم: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، وەک پێشووتر لەسەر ڕێگا گشتی و سەرەکییەکانی دەرەوەی شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و ڕێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.
پێنجەم: (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.
شەشەم: ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێک و دروستبوونی هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکی نەخوازراو.
حەوتەم: سەرجەم شار و سیتییەکان، لە بەرانبەر پاککردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورسی کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنوورەکانیان بەرپرسیارن.
هەشتەم: داوای لە هاووڵاتییان دەکەین هەماهەنگ و هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن، لەحاڵەتی باران بارینی زۆر نزیکی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.
نۆیەم: سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرانبەر هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان هەریەکه و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیار دەبێت.