هه‌واڵ

چەند بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە

ڕۆژی یەکشەم ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەی ژمارە ٢ی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ئامادەی بوون، لە گوتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سوپاسی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە “سەرەڕای ئاڵنگاری و قەیرانەکان ئێستا ئاستی زانکۆکانی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەکادیمی دنیا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دیار و بەرچاوە، هەروەها زانکۆکانمان توانیویانە لەڕووی زانستی و بەرزکردنەوەی توانای ئەکادیمی و کوالێتی هەنگاوی گرنگ بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتن بنێن”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: “ستراتیژی کارکردنمان لەم چەند ساڵەدا بریتی بووە لە فرەوانکردنی پانتاییی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا بازاڕی کاری کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە کادیری تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی ناوەڕۆکی پرۆگڕامەکانی خوێندن هەیە بە پێداویستییەکان و پەرەپێدانی ئەو سکیڵ و کارامەییانەی کە بۆ بازاڕی کار پێویستن”، بۆ ئەمەش گوتی: “پێویستە کردنەوە و هێنانەکایەی بەشی نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری کوردستان بێت”.

لەبارەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، تەوەری یەکەم تایبەت بوو بە داواکاریی ژمارەیەک لە قوتابییان و خوێندکارانی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کە لە تاقیکردنەوەی خولی دووەمی سیمستەری یەکەم دەرنەچوون، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە پێدانی دەسەڵات بە ئەنجوومەنی زانکۆکانی کوردستان بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کۆی کەیسەکانی هاوشێوە لەناو ئەنجوومەنی زانکۆکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل+ ئێواران)، لە خوێندکاران و قوتابییانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکیان بەهۆی خراپی باری دارایی تاکو ئێستا کرێی خوێندنیان نەداوە، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنی وەزارەت بە ڕەچاوکردنی گوزەرانی داراییی خوێندکاران و قوتابییان، بڕیاری دا بە داشکاندنی (٢٠٪)ی لە کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل+ئێواران) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆی ئەو پارەیەی کە لەلایەن قوتابییان و خوێندکاران ماوە بیدات، بە مەرجێک پێش ٥/ ٥/ ٢٠٢٤، بە یەک قیست گشت پارەکە بدات، ئەمە تەنیا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) جێبەجێ دەکرێت.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داواکاریی خوێندکاران و قوتابییانی بۆردی کوردستانی کە بە شێوەی پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن، گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەنجوومەنی وەزارەت داواکارییەکەی پەسەند کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئەنجامدانی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان، بە مەبەستی دروستکردنی کێبڕکێی زانستی و ئەکادیمی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە ئەنجامدانەوەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش فەرمانگەی تایبەتمەند لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان ئامادەکاری پێویست ئەنجام دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بریکاری وەزارەت، کورتەیەک لەبارەی ئەو وۆرکشۆپە پێشکەش کرا کە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تایبەت بە تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای خوێندنی باڵای تایبەت لە عێراق، بۆ ئەمەش بریکاری وەزارەت ئەنجامی وۆرکشۆپەکە و دەرەنجامەکانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی پەیوەست بە زانکۆکان لە ڕووی کارگێڕی و دارایی و زانستی و ئەکادیمی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پەسەند کران.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...