هه‌واڵ

ئاسایشی سلێمانی وەڵامی دەستەی مافی مرۆڤ ناداتەوە

زێدپرێس

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نەتوندی ئیدانەی هەڵکوتانە سەر ماڵێک لە شاری سلێمانی دەکات و ئاشکرای دەکات، وێڕای ئەوەی هەوڵیانداوە بۆ زانیاری و ڕوونکردنەوە پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانییەوە بکەن، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەمەڕ هەڵکوتانە سەر ماڵێک لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.

پەیامەکە دوابەدوای هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەفسەرێکی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دێت، کە لەو کاتەدا هاوسەرەکەی لەماڵەوە بووە و ماوەیەکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکەوە دەستبەسەرکراوە.

دەستەی مافی مرۆڤ لە پەیامەکەیدا، ئەم حاڵەتە بە پاشەکشێ لە سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ لەقەڵەم دەدات و نیگەرانی خۆی پیشان دەدات لەوەی تا ئێستا دەزگای ئاسایش و حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بابەتەکە نەبووە.

 

دەقی پەیامەکە:

 

ڕۆژی سیشەممە هێزێکی چەکداری ناسنامە نادیار هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە شاری سلێمانی .

بەوتەی یەکێک لەخاوەن ماڵەکە هێزێکی نادیار بوونە و خۆیان نەناساندووە و هیچ فەرمانێکی دادگاشیان پێ نەبووە چوونەتە سەر ماڵەکەیان و پشکنینان کردووە و چەند کەلوپەلێکی ماڵەکەیان بردووە.

دەستەی مافی مرۆڤ وەک ئەرکی خۆی لە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان له ڕۆژی چوارشەممەوە لەڕێگەی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤەوە بەدواداچونی کرد بۆ حاڵەتەکە، بۆ ئەو مەبەستەش لای خۆیانەوە پەیوەندیان بە ئاسایشی سلێمانی کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام پەیوەندییەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە و تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی ئەمنی و ئیداری پارێزگای سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە لەسەر ڕووداوەکە و ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارە کە بە گوتەی خاوەن ماڵەکە دەیان کەس بوونە.

ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو حالەتە دەکەین و تەواو پێچەوانەی ڕێکارە یاساییەکانە و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە و هیچ پاساوێک نییە بۆ هیچ دەزگایەکی ئەمنی و سەربازی بۆ هەڵکوتانە سەر هیچ ماڵ و کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر و لە دەرەوەی یاسا.

ئێمە نیگەرانین لە بێدەنگی و بڵاونەکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی خۆجێیی لە سلێمانی لەسەر ڕووداوەکە، چونکە پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە، ناکرێت هێزێکی چەکدار لەدەرەوەی یاسا و ڕێکارەکان و بەبێ دیاریکردنی ناسنامەیان و بێ ئاگاداری لایەنە فەرمییەکان هەڵبکوتنە سەر خەڵک .

ئێمە ئەوە بە پێشهاتێکی خراپ دەزانین و بەشێکە لە پاشەکشێی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و ئەرکی سەرەکیش بۆ ئەو پرسە دەکەوێتە ئەستۆی داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە وەک بەشێک لە پارێزگاریکردن لەمافی گشتی.

وەک دەستەی مافی مرۆڤیش بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و چاودێری ئەو کەیسە و هەموو بابەتێکی تری پەیوەست بە پێشێلکارییەکان لەهەر کوێ بێت و هەرکەس و لایەنێک بیکات و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ دامودەزگا فەرمییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە مافی خەڵک و پاراستنی شکۆمەندی و ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری یاسا و هیوادارین هەرچی زووە دەزگاکانی شاری سلێمانی ڕوونکردنەوە و زانیاری لەسەر ئەو کەیسە بڵاوبکەنەوە بۆ ڕای گشتی و ئەو حاڵەتانەش دووبارە نەبنەوە و دڵنیایی بدەنە هاووڵاتییان.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

10/1/2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...