دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم، ٤ی نیسانی ٢٠٢٤، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە لە مین و پشتگیریکردنی کاروباری مین، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی ٨ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی ٤ی نیسانی بە ڕۆژێكی جیهانی بۆ “هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین” دەستنیشان کرد.
لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٦، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گیرۆدەی كێشەی مین و تەقەمەنی بوون بۆ یەكەمین جار یادی ئەو ڕۆژە كرایەوە. لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا لە ئاستە جیاجیاکانی حكوومەت و ڕێكخراوەکانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کاروباری مین بە ئەنجامدانی ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە. ئەم رۆژە بە “رۆژی کاروباری مین Mine Action Day ” یش دەناسرێت.
دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان وەک لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، بەو توانایە مرۆیی و تەکنیکییەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی کارکردنی “کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی” دەکاتەوە.
دەزگای مین هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی کۆمەكبەخش و نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکان ئاگاداردەکاتەوە کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە هێشتا ڕووبەری زیاتر لە (٢٥٠) كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە پاك بکرێتەوە و “ئەمەش پێویستی بە کۆمەکییەکی دارایی و لۆجستی زۆر هەیە کە ئێستا بە تەنیا بە حکوومەتی هەرێم دابین ناکرێت”.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، دەزگای گشتی کاروباری مین وەک ئەرکی خۆی سەرەڕای قەیرانی دارایی “بەردەوامبووە لە کار و چالاکییەکانی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی بە رادەستکردنەوەی کێڵگەکان بە خاوەنەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری”، هەروەها لە رێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوەوە “توانیویەتی بە شێوازی سەردانی ڕاستەوخۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و مینبەرەکانی سۆشیال میدیا سەدان هەزار هاووڵاتی لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی هۆشیار بکاتەوە”.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، تا ئێستا ١٣ هەزار و ٥٨٩ هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانیی مین و لەو ڕوانگەوە دەزگای مین جەخت لەسەر گرنگی هۆشیارکردنەوە و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە پەیام و ڕێنماییەکانی هۆشیارکردنەوە دەکاتەوە و ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی “بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک نزیکی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەکان نەکەون و هەوڵی دەستکاریکردنیان نەدەن و لە کاتی پێویستدا لە ڕێگای ژمارە (١٨٢) پەیوەندی بە دەزگای مین بکەن”.
دەزگای مین، هاوکات داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بۆ هاوکاریکردنی بەرنامەی مینی هەرێمی کوردستان و هەروەها داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە بەردەوام پشتگیری بەرنامەی مین بکات “تاکوو وەک دەزگای مین بتوانین بە باشترین شێواز لەو ئەرکە پیروزە بەردەوام بین.”