
ھەر خۆی دەبوو ھەڵبژاردن لە ٢٠٢٢ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر قانوون و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دواخرا.
ساڵی ٢٠١٨ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەڕێوەبرد و ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە کە لە گرافیکەکە دیارە، پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢١ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی ٥ کورسی بەدەست ھێنا.

لایەنەکانی دەرەوەی پارتی، بە تایبەتیش یەکێتی لە ٢٠٢١ بەدواوە کەوتنە پڕوپاگەندەی گوایە تۆماری دەنگدەرانی کوردستان ھەزاران مردووی تێدایە و نەسڕاوەتەوە، پارتی لە دھۆک و ھەولێر ناسنامەی بۆ ھەزاران کوردی ڕۆژئاوا و باکوور دروست کردووە و دەنگیان پێدەدات، بۆیە پارتی ئەو دەنگە زۆرەی ھێناوە، ئەگەرنا قەبارەی ڕاستەقینەی پارتی ئەوەندە نییە! ئیدی ئەو حزبانە کەوتنە پاساو دروستکردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.
لەگەڵ ئەوەی ئەگەر ھەرێمی کوردستان یەک بازنەی ھەڵبژاردن بێ بۆ حزبە بچووکەکان باشترە، چونکە دەنگیان نافەوتێ، بەڵام یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ چوونە پاڵ یەکێتی، وەک دەزانین دواتر چوون لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمار کرد، دەرەنجام دادگای فیدڕاڵی بە خواستی ئەوان بڕیاریدا و ھەرێمی کوردستانی کردە ٤ بازنەی ھەڵبژاردن و ١١ کورسی کۆتای مەسیحی و تورکمانی ھەڵوەشاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردرا کۆمیسۆنی ھەڵبژاردنی عێراق ھەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات.
ھەرچەندە ئەوە سەرەتایەکی خراپ بوو کە لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان ڕێکنەکەون و پرسەکە ببەنە دادگای فیدڕاڵی و پارتی دژی ئەوە بوو، بەڵام دواجار پارتی ڕازیبوو بەو گۆڕانکارییانەی کە دادگای فیدڕاڵی کردبووی، بچتێەوە کێبڕکێی ھەڵبژاردنەوە.
یەکێتی و لایەنەکانی دیکە پێیان وابوو ئەگەر کۆمیسیۆنی بەغدا و بە تۆماری خۆی و بە ٤ بازنە ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات، ئەوا بە قەولی خۆیان پارتی ناتوانێ دەنگی مردووەکان و کوردانی ڕۆژئاوا و باکوور بۆ خۆی بەکاربێنێت، دواجار پارتی لە باشترین دۆخدا ناگاتە ٢٥ کورسی و ئەوان دەبنە زۆرینەی ڕەھا، بەڵام ئەنجامی ھەڵبژاردن ( بەو مەرجانەی خۆیان ویستیان) تووشی شۆکی کردن، وەک لە گرافیکەکە دیارە پارتی لە کۆی ٩٥ کورسی گشتی ٣٩ کورسی ھێنا و لە ٥ کورسی کۆتای مەسیحی و تورکمانی ٣ کورسی بردەوە و کۆی کورسییەکانی بووە ٤٢.
یەکێتی ٢٣ کورسی بردەوە، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵويست ٤ کورسی و کۆمەڵ ٣ کورسی.
سەیر بکەن لە ٢٠١٨ بە تۆماری کۆمیسۆنی هەرێم، یەکگرتوو و کۆمەڵ ١٢ کورسیان هێناوە، بەڵام لە ٢٠٢٤ بە هەردووکیان ١٠ کورسیان هێناوە، واتا ٢ کورسییان لە دەستداوە.

ئینجا لەوەش سەیرتر کۆمەڵ کە ٣ کورسی هێناوە گوتی دەنگەکانمان دزراوە و ئەنجامەکە ڕەتدەکەینەوە و بایکۆت دەکەین! بەڵام دوای ساڵێک کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا کۆمەڵ تەنها ١ کورسی هێنا و پێی ڕازیبوو و نوێنەرەکەشی لە بەغدا زۆر پەرۆشە سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە کاتی دەستووری خۆیان هەڵبژێردرێن! کەچی تا ئێستا لە بایکۆتی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و ٣ کورسیشی هەیە!
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان هەر زوو یەکگرتوو و ڕەوتی هەڵويست و نەوەی نوێ گوتیان ئێمە دەبینە موعارەزە و بەشداری حکوومەت ناکەین، بەڵام دوای زیندانیکردنی سەرۆکی حزبەکە، ڕازیبوو بچێتە پاڵ یەکێتی بۆ دروستکردنی حکوومەت!
کە یەکێتی بینی لایەنەکان بەشداری پێکهێنانی حکوومەت ناکەن و پارتی ناچارە لەگەڵ ئەو ڕێکبکەوێت، کەوتە دانانی مەرج و گەڕانەوە بۆ سەردەمی پەنجا بە پەنجا! ئەگەرنا براوەی یەکەم کە ٣٩ کورسی هەیە و براوەی دووەم کە ٢٣ کورسی هەیە چۆن دەبێ مەرجی تەعجیزی بەسەر براوەی یەکەمدا بسەپێنێت؟! ئەدی هەڵبژاردن بۆچی کراوە؟ ئەگەر دابەشکردنی پۆستەکان پەنجا بە پەنجا بکرێتە مەرجی بەشداربوون ئەدی هەر لە بنەڕەتەوە بۆ هەڵبژاردن بکرێ و خەڵک بچێت دەنگ بدات؟ کەواتە هیچ حیسابێک بۆ ویستی دەنگدەرانی کوردستان ناکرێ و ڕێز لە دەنگ و هەڵبژاردنی ئەوان نەگیراوە.
هەڵويستی پێشوەختەی یەکگرتوو و ڕەوتی هەڵوێست کە بەشداری حکوومەت ناکەین بێ ئەوەی گفتوگۆ بکەن چیان دەدرێتێ، لە ڕاستیدا خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی قانوونی، سیاسی و ئەخلاقی و ڕێزنەگرتنە لە دەنگدەرانی خۆیان بە تایبەت و دەنگدەرانی کوردستان بە گشتی، ئەگەر بەشداری حکوومەت ناکەی ئەدی بۆ دەچیتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە؟!
بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ٢٠٢٣
پارتی داد و گەشەپێدان لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ٢٦٨ کورسی بردەوە و زۆرینەی لە دەستدا. پارتی کۆماری گەل وەک براوەی دووەم ١٦٩ کورسی بردەوە. دەمپارتی( نوێنەرایەتی کورد دەکات) وەک براوەی سێیەم ٦١ کورسی هێنا. پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە) کە براوەی چوارەم بوو تەنها ٥٠ کورسی هێنا.
ئەردۆگان بۆ تێپەڕاندنی کابینەکەی پێویستی بە ٣٣ دەنگی دیکەی هەبوو تا لەگەڵ ٢٦٨ کورسی خۆی نیوە + ١ مسۆگەر بکات، بۆیە هەرنەچوو بە لای پارتی کۆماری گەل و دەمپارتی کە براوەی دووەم و سێیەم بوون، یەکسەر وەک خولی پێشووتر لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە (براوەی چوارەم) هاوپەیمانی بەست و بە ٣٣٦ بوونە زۆرینەی پەرلەمانی و بەو جۆرە تورکیا بەڕێوە دەبەن.
لە ٢٠٠٥ بە دواوە برایانی یەکگرتوو و کۆمەڵ لە حکوومەت بووبن یان موعارەزە قەبارەیان لە نێوان ١٢- ١٥ کورسییە، بۆ نموونە یەکگرتوو پێش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ لە حکوومەت بووە ٥ کورسی هێناوە، دواتر بۆتە موعارەزە لە ٢٠٢٣ دوو کورسی زیادی کردووە و بۆتە ٧ کورسی. ئەگەر هەر موعارەزە بێ لە ٢٠٢٨ نابێتە ١٥ و ٢٠ کورسی! ئەوپەڕی دەبێتە ٩ کورسی! ئەو حزبانەی کورسی کەم دەهێنن هەندێجار بەو کورسییە کەمانەش دەتوان بچنە ناو حکوومەت و پۆستی گرنگ وەربگرن و ڕۆڵیان هەبێ لە حوکمڕانی وڵاتەکەدا.
لە کۆتایی دا بۆ شکاندنی چەقبەستووی دۆخی سیاسی هەرێم ٤ ئەگەرمان لە پێشە:
١- یەکێتی واز لە مەرجی تەعجیزی بێنێ و بەپێی قەبارەی خۆی پۆست لە حکوومەت وەربگرێ. بەردەوام بوون لەسەر گەڕانەوە بۆ پەنجا بە پەنجا واتا ملنەدانە بۆ خواستی دەنگدەران.
٢- پارتی بە مەرجەکانی یەکێتی ڕازی بێت و بەپێی ویستی یەکێتی کابینەی ١٠ پێک بێت.
٣- یەکگرتوو و ڕەوتی هەڵوێست کە بە هەردووکیان ١١ کورسییان هەیە بێنە ناو پڕۆسەکە، یان لەگەڵ پارتی یان لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەون و پەرلەمان کارا بکەن و حکوومەت پێکبێنن. بمانەوێ و نەمانەوێ بەرپرسیارەتی یەکگرتوو و ڕەوتی هەڵوێست بە قەد بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی گرنگە، چونکە ئەوان دەتوانن پڕۆسەکە یەکلابکەنەوە.
٤- ئەگەری کۆتاییش دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا نە لە عێراق کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کارایە نە لە هەرێمی کوردستان! دۆخەکە هێندە ئاڵۆزکراوە مەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ بکات و چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە کە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێی ڕازی بن!




