ژینگه‌شرۆڤه‌
ئاراستەکان

گەشەپێدانی بەردەوام و گۆڕانی کەشوهەوا

بەسەرکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ حکومڕانی و سیاسەتی ژینگەیی

هەفتەیەکە پلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەرزبوونەوەیە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی میسان، دیوانییە، بەسڕە و زیقاڕ، دەگاتە ٥١ پلەی سیلیزی. ئەم گۆڕانە جوڵە، سیستمی کۆمەڵایەتی و شێوەی ژیانی دەستکاری و سنووردارکردووە. بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە دەرەنجامە و کۆمەڵێک هۆکاری بینراو و نەبینراو دەیجوڵێنێت بەتایبەت گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

گەشەپێدانی بەردەوام Sustainable development چەمکێکە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دێتەکایەوە. سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ بەدامەزراوەیی دەبێت و پلان و ئامانج و ئاماژەی بۆ دادەندرێت. ئەم چەمکە چەندین مانا، ناساندن و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە. بەکورتی واتە: “بەکارهێنانی دەرامەتە سروشییەکان بەبێ کاریگەری نەرێنی بۆسەر ژینگە و بێبەشنەکردنی نەوەکانی داهاتوو لەو سامان و سەرچاوانە”. سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجەکانی گەشەپێدانی هەزارە یان هەزارەی نوێ Millennium Development Goals دادەڕێژێت<٢٠٠٠-٢٠١٥> کە هەشت کۆڵەگە لەخۆگرێت وەک بەشێک لە پڕۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام. ئامانجەکان نەهێشتنی برسیەتی و هەژاری و بەرزکردنەوەی چۆنایەتی خوێندن و تەندروستی و نەهێشتنی جیاکاری و زۆر بواری تری لەخۆدەگرت. بەشێکی زۆری ئامانجەکان بەدیهاتن. بۆ نموونە: ساڵی ١٩٩٠ (١.٩) ملیار کەس لە هەژارییەکی کوشندەدا دەژیان، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ ئەم ژمارەیە کەمبووەوە بۆ ٨٣٦ ملیۆن. بەشێک لە وڵاتەکان بەپێی ئاماژە Indicators و دۆخی ناوەکیان زاڵبوون بەسەر هەژاری و برسیەتی و بەشێکی تریش سەرکەوتوو نەبوون.

 

دواتر لەقۆناغی دووەمدا، ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام SDGs یان ئامانجە جیهانییەکان Global Goals <٢٠١٥-٢٠٣٠>داڕێژرا و ١٧ کۆڵەگەی جیاواز و ١٦٩ مەبەست لەخۆدەگرێت و وڵاتان بەڵێنیان دا کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان بکەن و بوارەکانی “مرۆڤ، گۆی زەوی، بوژانەوە، ئاشتی و هاوبەشی” لەخۆدەگرێت و بانکی نێودەوڵەتی World Bank, سندووقی دراوی نێودەوڵەتی IMF  و چەند دامەزراوەیەکی تر بەشداربوون لە داڕشتنی بەرنامەکەدا.

 

کۆڵەگەکان نەهێشتنی هەژاری و برسیەتی، چۆنایەتی پەروەردە، تەندروستی، یەکسانی جێندەری، ئاو و هەوای پاک، ژیانی زیندەوەرانی ژێرزەوی، گۆڕانی کەشوهەوا، وزەی نوێ، یەکسانی و دادپەروەری، شار و کۆمەڵگەی خۆجێی و ئاشتی و دادپەروەری و هاوبەشی نێوان ئەکتەر و دامەزراوەکان لەخۆدەگرێت. بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە کۆڵەگەکان ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوایە.

 

کێشەی بەرزبوونەوەی خێرای ژمارەی دانیشتووان و گۆڕانی کەشوهەوا بەیەکەوە گرێدراون و کارلێک دەکەن. دیارە پاراستنی کێشە و گرفتەکانی چینی ئۆزۆن وەک پارێزەری زەوی ئامانجێکی ستراتیژی گەشەپێدانی بەردەوامە و تا ئێستا نەتوانراوە هەنگاوی گەورەی بۆ بنرێت لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەشێوەیەکی خێرا بەرزدەبێتەوە. بۆ نموونە ساڵی ١٩٧٠ ژمارەی دانیشتووانی جیهان سێ ملیار کەس بووە. بەڵام ساڵی ٢٠١١ بووەتە حەوت ملیار. واتە ساڵانە ٨٠ ملیۆن کەس زیادیکردووە و چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە. دیارە کێشەی بنەڕەتی لێرەوە دەستپێدەکات کە ئەم زیادبوونە بەبێ هیچ ئامادەکاری و ڕێگەخۆشکردنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییە و ٩٠٪ زیادبوونەکەش لە وڵاتانی دواکەوتوون. هەر کەسێک کە دێتەژیانەوە، پێداویستی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاسایش و مانەوە و تەندروستی هەیە و ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووان بارگرانییەکەی یەکجار گەورەیە و دەکرێت بەمشێوەیە ماناکانی لێکبدەینەوە:

 

یەکەم: ئەم گەشە زۆرەی دانیشتووان فشارێکی زۆر لەسەر سامان و دەرامەتی سروشتی دروست دەکات و بەمەش پاشماوەی بەکارهێنان بە هەموو شێوەکانییەوە زیاد دەکات و دەبێت بە ئاماژەیەک Indicator بۆ پیسبوون و وێرانبوونی ژینگە و گەرمبوونی زەوی و ناهاوسەنگی لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و سەرچاوە سروشتییەکان دێتەکایەوە.

 

دووەم: زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دەبێتە هۆی کۆچ و چڕبوونەوە لە شارەکان. ئەمەش هێندەی تر فشار دروست دەکات بۆسەر سیستمی ژینگە، ڕێژەی سەوزایی کەم دەبێتەوە و زیادبەکارهێنان و بەتایبەتیش ئۆتۆمبێل دێتەکایەوە، بەتایبەتیش لە وڵاتانی دواکەوتوو. لێرەوە گوند چۆڵ دەبێت و ناسنامە ئابووری و کشتوکاڵییەکەی لەدەستدەدات. یان زەوییە کشتوکاڵییەکان ماندوودەبن و بەها و بەپیتی لەدەستدەدەن. بەگوێرەی هەندێک داتا، لە باشووری عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن دارخورما وشکی کردووە، جگە لە وشکبوونی هۆڕاوەکان و فرەوانبوونی ڕووبەری بەبیابانیبوون کە دەگوترێت ساڵانە زیاترە لە ٢٥٠٠ کیلۆمەتر لە عێراق.

 

سێیەم: حکومڕانی ژینگەیی Environmental Governance هێشتا نەیتوانیوە وڵاتە زلهێز و پیشەسازی و پیسکەرەکانی جیهان ناچاربکات ڕێژەی گازە ژەهراوییەکانیان کەم بکەنەوە. دیارە لە بنەڕەتدا ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام SDGs بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و دواکەوتووە و هەریەکە و بەجۆرێک وەڵامدەرەوەی ئامانجەکان دەبێت، بەدیاریکراویش بۆ پاراستنی ژینگە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لەڕێگەی ئاماژە Indicator جیاوازەکانەوە “ئاماژەی دۆخ و وەڵامدانەوە و بەردەستەکان” ئەو دۆخە ژینگەییەی کە ئێستا لە عێراق و چەند وڵاتێکی تری هەرێمی دەبینرێت، دەرخەری سەرەتایەکی تازەیە لە ژیانی مرۆڤ و پەیوەندی و کاریگەری نێوان زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گۆڕانی کەشوهەوا و وڵاتانی پیسکەری ژینگە کە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام دەیەوێت هاوسەنگیان لەنێواندا دروست بکات.

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...