هەرچەند بەڕێژەی ٤٥٪ی پێویستی دانیشتووانی هەولێر لە زێی گەورە و لە ڕێگەی پڕۆژەی ئیفرازەوە دابین دەکرێت، بەڵام هێشتا بەڕێژەی ٥٥٪ی پێویستی شارەکە، لە ئاوی ژێرزەوی دابین دەکرێت، کە ڕۆژانە (٣٥٨.٤٠٠) مەتر سێجا ئاو دەبێت. داتایەکی وەزارەتی شارەوانیش ئاماژە بەوە دەکات، بەگشتی پارێزگای هەولێر ٪٣٥ پشت بە ئاوی سەرزەوی و ٪٦٥ پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت.
تا ساڵی ٢٠٢١ بە فەرمی ٢٤ هەزار و ٣١٠ بیری قووڵی مۆڵەتدراو لە هەرێمی کوردستان لێدراوە. زۆرینەی بیرەکان لە پارێزگای سلێمانی و لە پلەی دووەمیشدا پارێزگای هەولێر دێت، پاشان پارێزگای دهۆک و دەڤەری گەرمیان. جگە لە هەزاران بیری دی کە بەشێوەی نایاسایی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان هەڵکەندراون.
ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕوونی دەکاتەوە، کە تا ساڵی ٢٠١٥ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ٤٠ هەزار و ٦٠٨ بیری بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت لە کوردستان هەڵکەندراون، کە زیاتر لە نیوەیان(٢٠ هەزار و ٨٠٠ بیر) بە نایاسایی لێدراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زێدپرێس، ژمارەیەک لەو بیرانەی پێشتر لێدراون، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوییەوە، بە تەواوەتی وشکبوون، بەڵام لێدانی بیر بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت بەردەوامە. پڕۆژەکانی بەکارهێنانی ئاوی سەرزەوی، بۆ سەرجەم مەبەستەکانی (خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی) لە ئاستی پێویستدا نین. ئەوەش بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی زیاتر کردووە. لە ساڵانی ڕابردووشدا، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی باران، هۆکارێکی کاریگەر بوو لە وشکبوونی سەرچاوە ئاوەکانی وەک چەم، کانی و کارێزەکان کە بەتایبەت جووتیاران و گوندنشینان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ پشتیان پێدەبەست.
داتایەکی ورد، کە لە ڕێگەی دەستەی ئاماری کوردستانەوە دەست زێدپرێس کەوتووە، هەڵکشانی ژمارەی بیرە بە مۆڵەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا پیشان دەدات. بەپێی ئامارەکە، تا ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی بیرە مۆڵەتدراوەکان گەیشتووەتە ٢٤ هەزار و ٣١٠ بیری قووڵ. پارێزگای سلێمانی زۆرترین بیری قووڵی تێدا لێدراوە کە نۆ هەزار و ٦٨٦ بیرە، بەدوایدا نۆ هەزار و ٢١٥ بیری دی لە پارێزگای هەولێر، پاشان پارێزگای دهۆک کە سێ هەزار و ٦١٣ بیر و لە دەڤەری گەرمیانیشدا هەزار و ٧٩٦ بیری قووڵ لێدراون.
زیاتر لە نیوەی بیرەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بۆ مەبەستی خواردنەوە لێدراون، کە ١٢ هەزار و ٣٧٤ بیری قووڵن. بەدوایدا ١٠ هەزار و ٩٨٦ بیری قووڵ بۆ مەبەستی کشتوکاڵ لێدراون. جگە لە ٩٥٠ بیری قووڵ کە بۆ مەبەستی پیشەسازی لێدراون.
بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە کەرتی پیشەسازیدا، بەجۆرێکە کە پڕۆژەکانی پیشەسازی بەدەگمەن نەبێت، یەکەی چارەسەری ئاویان نییە و بەو جۆرەش هەر بڕە ئاوێک بۆ یەکجار بەکاردێنن. لەکاتێکدا هەبوونی یەکەی چارەسەری ئاو، وا دەکات هەر بڕە ئاوێک بۆ چەند جارێک بەکاربێننەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ژینگەییەکان دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کاریگەری نەرێنی لەسەر جۆر و کوالێتی ئاو هەیە؛ دەبێتە هۆکاری زیابوونی ڕێژەی توخمە کیمیاییە زیانبەخشەکان لە ئاودا، کە چیتر شیاوی خواردنەوە نەبێت و بەوەش دەگوترێت (پیسبوونی کیمیایی) و ئەگەرەکانی پیسبوونی بەکتریۆلۆژیش زیاتر دەکات.
داتا فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، کەمبوونەوە و وشکبوونێکی سەرنجڕاکێش لە ژمارەی کانیاو و کارێزەکانیش پیشان دەدەن.
لەماوەی ساڵی ٢٠١٣دا، ژمارەی کانیاوەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە پێنج هەزار و ٢٧٤ کانیاو دەستنیشان کراوە، کە هەزار و ٥١٢ کانیاویان وشک بوون. لە ٢٠١٦دا، ژمارەکە بۆ سێ هەزار و ٣٦٥ کانیاو لە کورتی داوە و لەو ژمارەیەشدا ٩٩٣ کانیاو وشک بوون کە دەکاتە ڕێژەی زیاتر لە (٢٩٪)ی تەواوی کانیاوە تۆمارکراوەکان و تەنیا دوو هەزار و ٣٧٢ کانیاو ماونەتەوە.
جگە لە کانیاوەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، هەزاران لە کارێزەکان وشک بوون. ئەو دیاردەیە بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی تۆمار کراوە، کە زۆرترین ژمارەی کارێزەکانیان لەخۆگرتووە. خشتەی خوارەوە، باری کارێزەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
ساڵ بە ساڵ ژمارەی کارێزەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو کەمبوونەوە و وشکبوون دەچن. لە ساڵی ٢٠١٣دا، لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٣٧1 کارێز تۆمار کراوە، کە لانیکەم ٤٠٢ لە کارێزەکان بە تەواوەتی وشکبوون، جگە لەوەی زانیاری لەسەر باری ٦٧٣ کارێز لە پارێزگای سلێمانی نەبووە و بەدڵنیاییەوە ژمارەیەک کارێزی دیکەی وشکبوو لەخۆدەگرێت. ژمارەی کارێزەکان لە ٢٠١٦دا، بە هەزار و ٣٣٣ کارێز تۆمار کراوە و لەو ژمارەیەشدا هەزار و ١٠٥ کارێز وشکبوون کە دەکاتە بەڕێژەی (٨٣٪)ی تەواوی کارێزەکان کە تا ساڵی ٢٠١٦ وشک بوون.
دابەزینی خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی، یەکێک لەو مەترسییە جددییانەیە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. ئەوە لەپاڵ وشکەساڵی و مەترسییەکانی لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی تۆمارکراوە.
تا ساڵانی پێش دروستبوونی قەیرانی ئابووری، حکوومەتی هەرێم دەستی بە دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوی بچووکی لە هەرێمی کوردستان کرد. بەمەبەستی پاڵپشتی لە ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لە ئاوی بەنداوەکان، بەڵام قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامیدان بە دروستکردنی بەنداوەکانی سست کرد و ئێستایش حکوومەتی هەرێم هەڵمەتی دروستکردنی پۆندە هەرەوەزییەکانی ڕاگەیاندووە.
بهگوێرهی ڕووپێوی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی سهرچاوهكانی ئاو “نزیكهی ٨٠٠ گوند مهترسیی وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و چۆڵبوونیان لهسهره”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پۆندە هەروەزییەکان، ئاشکرای کرد، ههرێمی كوردستان، بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە تووشی گرفت دەبێت، وەکوو دووبارهبوونهوهی وشكهساڵی، كهمبوونهوهی ئاستی ئاوی ژێرزهوی و لێدانی زۆری بیره قووڵهكان؛ بهگوێرهی ڕووپێوی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی سهرچاوهكانی ئاو “نزیكهی ٨٠٠ گوند مهترسیی وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و چۆڵبوونیان لهسهره”. لەو ڕوانگەیەوە حکوومەتی هەرێم پێی وایە، ئەم دەستپێشخەرییە، کێشەی کەمئاوی و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کەم دەکاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەکی نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری: “ئەم پرۆژەیە، سنوورێک بۆ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزهوی دادەنێت و گلدانەوەی باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونی گوندهكان”.
پۆندەکان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکانی باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێری.