هەنگوینی کوردستان بە یەکەمی وڵاتانی ئاسیا دەستنیشان کرا
زێدپرێس
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ڕۆژی چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣، لە میانی شانزەهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی هەنگەوانانی ئاسیا، لە وڵاتی سعودیە، پێشبڕکێی باشترین هەنگوینی ساڵ لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە هەنگوینی کوردستان بوو بە باشترین و پلەی یەکەمی تۆمار کرد.
لەو چوارچێوەیەشدا، هەنگەوان (فەرهەنگ حوسێن بەکر) کە لە هەولێرەوە بەشداری کرد بوو، لە پێشبڕکێی هەنگوینی شانە، بە یەکەمی ئاسیا دەستنیشان کرا.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەو بۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە هەنگەوانەکە دەکات و کارەکەی بە وەرچەرخانی مێژووی لەقەڵەم دەدات و جەختیش لەسەر پارێزگاری و بەباڕازکردنی بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی لە بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەتایبەتی دەکاتەوە.