سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هەرێمی کوردستان پێویستی بە چ پەرلەمانێک هەیە؟

ئەرێ هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بۆچییە؟ یان چەندین ساڵە پەرلەمان چی بۆ خەڵک کردووە؟ یان پەرلەمان تەنها بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی دیکەی مووچەخۆری پلەباڵایە؟ یان ئایا پەرلەمان بە ڕۆڵی دەستووری ‌و یاسایی خۆی لە یاسادانان ‌و چاودێرکردنی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان هەڵساوە؟
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەموو ئەو پرسیارە سەرنجڕاکێش و واقعییانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی خولەکانی پەرلەمان لە شەقامی کوردی بەزەقی سەرهەڵدەدەن و دووبارە دەبنەوە. دیارە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان مافی خۆیانە سەرزەنشتی ئەوانە بکەن کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن تاڕادەی درۆی گەورە بەڵێن و پەیمان بە دەنگەدەران دەدەن و کەمترینیان جێبەجێدەکەن، خۆ ئەگەر پەرلەمانتارانی کوردستان کەمترین ئەو قسانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیکەن بیکەنە کردار بە دڵنیاییەوە دەتوانن ڕۆڵی زۆر ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بگێڕن، بە داخەوە جگە لە تاق‌ و تەرایان نەبێت، ئەوانی دی کەمترین ڕۆڵیان لەو ئەرکەکەی خۆیان دیوە و ڕاستگۆ نەبوون بەرانبەر بەڵێنەکانی خۆیان.

 

گومانی تێدا نییە لە هەر سیستمێکی سیاسی ئەگەر پەرلەمانەکەی کارا و چالاک بوو بە دڵنییایەوە پڕۆسە سیاسیەکەشی باشتر و یاساییانەتر بەطێوە دەچێت، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. لێرەدا ڕۆڵی دەنگدەر بەتەواوی کاریگەری دەبێت، دەشبێت هەموو دەنگدەرێک گرنگی بە کوالێتی پەرلەمان ‌و لێهاتوویی ‌و دڵسۆزی‌ و نیشتمانپەروەری و پاشخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و فکری سیاسی کاندیدەکان بدات، هەروەها نەکەوێتە ژێر کاریگەری پڕۆپاگەندەی پڕ درۆی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، چونکە ئەزموونی چەندین خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ‌و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی ئەوەندە ڕاستی و ناڕاستی ئەو قسانەی بۆ دەرخستووین.

 

زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کە باری ناجۆر و خراپی ئێستای کوردستان هەم لە باری سیاسی هەمیش لە باری ئابووری و حزبایەتی، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان، بە تایبەتیش لەم خولانەی کۆتایی، چونکە ئەگەر پەرلەمان هیی حزب بوو هیی خەڵک نەبوو، کەواتە دەزگایەکی نیشتمانی نییە، خۆ ئەگەر ئەندامێتی پەرلەمان بۆ خزمەت‌ و بەکارهێنانی تواناکان بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان نەبوو، بۆ چارەسەری تەنگژە و گرفتی وڵات نەبوو، ئەگەر بۆ چەسپاندنی یاسا و چاودێرکردنی چونیەتی بەڕێوەچوونی کاری دەزگا جێبەجێکارییەکان نەبوو، ئەگەر بۆ داکۆکیکردن لە دیموکراسی، ئازادی تاک‌ و گشتی نەبوو، ئەگەر بۆ چەندین ئەگەری دیکەی لەو شیوەیە نەبوو، ئەوا بوون و نەبوونی شتێک لەبیرکردنەوەی تاکەکان ناگۆڕێت و مشتێک ناخاتە سەر خەرمانەی پێشکەوتنی وڵات. ئەو کات هەموو کەسێک مافی خۆیەتی بەشداری پڕۆسەی دەنگدان نەکات، چونکە دەزانێت شتێک بۆ کۆی بەها نیشتمانییەکان زیاد ناکات، یان هەر لە بنەڕەتدا پڕۆسەی هەڵبژاردن بە کارێکی زیاد بزانێت‌ و بە کەم سەیری بکات.

 

هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی نائاسایی ‌و هەستیار تێدەپەڕێت، لەلایەنی دەرەکی بە کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی، سەربازی و ئابووری گەمارۆ دراوە، ئیقلیمێکی ناحاز لەسەر سنورەکانیەتی، عێراق بەناوی دەستوور و دادگای فیدڕاڵی، مەرجەکانی خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت، سەرباری هەموو ئەوانە و لەوانەش مەترسیدارتر دۆخێکی ناوخۆیی ناکۆک و لێوانلێو لە کێشەی هەیە، ئایندەی سیاسی مەترسی لەسەرە، ئاڕاستەی سیاسی هێز و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکێتیی جیاواز و پێک ناکۆکە، دوو زۆنی تۆخترە بووە، کێشەی ئابووری هەوکی گرتووە، ژیان ‌و گوزەران بەتایبەتیش مووچە بە زەحمەتی دابین دەکرێت، …..هتد.

 

لەم دۆخە ناهەموار و پڕ کێشەیەدا بڕیارە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی خولێکی دیکەی پەرلەمان ئەنجام بدات، باسی چۆنیەتی  هەڵبژاردن و ئەو چەلەحانێیە ناکەم کە هەڵبژاردن چۆن و بۆچی دواکەوت و گەیشتە ئێستا، چونکە ئەمە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام پرسیاری جددی ئەوەیە، ئەمجارە چ پەرلەمانێک دەتوانێت لەم دۆخەدا پارسەنگی لاسەنگی باری سیاسی هەرێم ڕاست بکاتەوە؟ دەبێ چ جۆرە هەڵبژاردن‌ و چ جۆرە کاندیدێکمان هەبێت؟ هەروەها دەبێت ئێمەی دەنگدەر چۆن دەنگ بدەین؟ دەنگەکانمان بەکێ بدەین؟ هەمان سیناریۆکانی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە؛ هاش و هوشی کاندید بماهەژێنێت و برین کولاندنەوە و تەخوینکردنی یەکتر بکەینە سەرمەشقی بیرکردنەوە، یان بەرژەوەندی نیشتمان و تێپەڕاندنی دۆخەکە، بڕیاردەرمان بێت و لەوانە بگەڕێین کە خەمی خاک و خەڵکیانە.

 

لە کۆتاییدا دەنگدان هێندەی مافێکی دەستەبەرکراوی دەستوورییە، دە هێندە بەرپرسیارێتییە، چونکە هاووڵاتی ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە چاک‌ و خراپی ئەو کاندیدەی دەنگی پێدەدا، بۆیە وا باشە ئەمجارە دە جار بیربکەینەوە، ئەوسا دەنگمان بخەینە ناو سندووقەکان؛ هەڵەی چەند جارە دووبارە نەکەینەوە، گرنگی تەواو بە کۆالێتی‌ و لێهاتوویی و نیشتمانپەروەریی کاندیدەکان بدەین، تاکو لە ڕێگای پەرلەمان و بەتوانایی پەرلەمانتار بە مانا سیاسییەکەی، پەرلەمان هەبێت و ئەرکی تەواوی خۆی لەیاسادانان جێبەجێ بکات و چاودێرێکی چاونەترسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت، بە کورتی‌ و بە کوردی بەڕاستی پەرلەمان بێت.

گۆران جەلال

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...