هه‌واڵ

وەزیری دارایی: هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە میانەی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ لیو جیون کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ دووشەم، ٨ی تەمووزی ٢٠٢٤ لەگەڵ چین جیۆجینگ بەرپرسی بەشی سیاسی و جو دیمەن بەرپرسی بەشی ئابووری و بازرگانی کونسوڵخانەی چین سەردانی وەزارەتەکەیان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە: “لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەکان کراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لە خەرجی و داهات بکرێت”.

وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونیکردەوە: “هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە”.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کراوە و وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە کە “لەسەر ئاستی حکوومەت کارئاسانی تەواومان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردووە تا وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بکەن، لەو ڕووەشەوە هەنگاوی باش نراوە لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و  پیشەسازی و سێکتەرە جیاوازەکان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button