بە نهێنی ڕاو دەکرێن و بە ئاشکرا دەفرۆشرێن
زێدپرێس
ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێنماییەکی تایبەت سنووردارکراوە. بەڵام، ڕاوی نایاسایی بەردەوامە. هەرچەند ڕاوچییان بە نهێنی و دوور لە چاوی پۆلیسی دارستان و ژینگە، نێچیرەکانیان لە دەشت و چیاکاندا ڕاو دەکەن، بەڵام لە ناوەندی شارەکاندا بە ئاشکرا دەیانفرۆشن.
ئەحمەد لە نزیک شەقامی ٣٠ مەتری لە ناوەندی شاری هەولێر، بە خۆی و قەفەزێکی پڕ لە بەچکە سمۆرەوە وەستاوە. ئەو، بەچکە سمۆرەکانی لە ناوچە دارستانییەکانی سنووری هەولێر گرتووە. هەرچەند بە نهێنی و دوور لە چاوی هێزەکانی پاسەوانی ژینگە ڕاوەکەی کردووە، بەڵام لێرە، لە ناوەندی هەولێر بە ئاشکرا دەیانفرۆشێت.
هەموو ڕۆژانێکی هەینی، بازاڕی پەلەوەرفرۆشانی هەولێر، جمەی دێت لە کڕیار و فرۆشیار. پێش چەند ساڵێک تەنیا پەلەوەری گۆشت لە بازاڕەکەدا دەفرۆشرا. ئێستا ئەو ئاژەڵ و باڵندە کێوییانەیش بە نایاسایی ڕاوکراون، لە بازاڕەکەدا دەفرۆشرێن.
“خۆم سمۆرەکانم گرتووە و دەیانفرۆشمەوە”، ئەحمەد بە ئاماژەکردن بەو سمۆرانەی لە قەفەزێکدا هێناویەتی بۆ فرۆشتن، وای گوت.
ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ی تایبەت بە ڕاوکردن لە هەرێمی کوردستان، جگە لە چەند جۆرێکی دیاریکراو لە ئاژەڵ و باڵندە، لەناویاندا کەروێشک، ماسی، کەو و سوێسکە، ڕاوکردنی سەرجەم ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان قەدەغە دەکات.
“ئەو جۆرە گیانەوەر و باڵندانەی ڕێپێدانی سنووردار بۆ ڕاوکردنیان هەیە، هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەر نییە”، ڕەزاق خەیلانی گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان وای گوت.
سزای ڕاوکردنی نایاسایی بە پێبژاردنێک لە نێوان ١٠٠ هەزار تا ٢٠ ملیۆن دینار بەگوێرەی جۆری ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەستنیشانکراوە.
ڕێنمایی تایبەت بە ڕاوکردن، ڕێگەپێدانی سنووردار بۆ ڕاوکردنی چەند جۆرێک لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، لەماوەیەکی دیاریکراوی ساڵدا دابین دەکات. ڕاوچیانیش دەبێت مۆڵەتیان هەبێت. سزای ڕاوکردنی نایاسایی بە پێبژاردنێک لە نێوان ١٠٠ هەزار تا ٢٠ ملیۆن دینار بەگوێرەی جۆری ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەستنیشانکراوە.
بەگوێرەی خەیلانی، ژمارەیەک مۆڵەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە ڕاوچیان دراوە. زۆرترینی مۆڵەتەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیانە، بە پلەیەکی کەمتر لە پارێزگای دهۆک و پاشان پارێزگای دهۆک. “خەڵکی هەولێر و دهۆک کەمتر حەزیان لە ڕاوکردن هەیە، هەندێک لە خەڵکی دەشتی هەولێر وەک خوولیایەک حەزیان لە ڕاوکردنی کەروێشک بە تانجی هەیە”، خەیلانی گوتی.
یەکێک لە سنووردارکردنەکانی ڕاوکردن، کە ڕێنماییەکە دەیسەپێنێت، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئاگرینە لە ڕاودا، بەنموونە ڕاوی کەروێشک تەنیا بە تانجی ڕێپێدراوە، باڵندەکانی وەک کەو و سوێسکە بە داو و ماسی بە تۆڕ؛ جگە لە شوێنی دانانەوەی داو و تۆڕ، جۆری داو و تۆڕەکان و کاتی ڕاوەکە دیاریکراوە.
زۆرینەی ئەو ئاژەڵ و باڵندە کێویانەی ڕاو دەکرێن، لەوانەن کە گۆشتیان دەخورێت، بەڵام ڕاوکردن بەمەبەستی بازرگانیش هەیە، بەتایبەت ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی ماڵی دەکرێن یان بۆ گۆشتەکەیان بەکاردێن یان پەڕ و کەوڵەکەیان دەفرۆشرێتەوە.
بەرپرسەکەی دەستەی ژینگە ئاماژەی دا، “ئەو دەنگۆیەی پار لەسەر کەسێک بڵاوکرایەوە، کە کەوڵی ڕێوی بۆ بازرگانی بەکاردێنێت، ڕووبەڕووی دادگە کرایەوە و پاشان گوتی کەوڵە ڕێوییەکانی هاوردە کردووە، نەک لە کوردستان ڕاو بکرێن”.
بەردەوام ژمارەیەک لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بە نایاسایی دەگیرێن و دەفرۆشرێنەوە. وەک هەڵۆ، شەهێن، دووبرا و چەندانی دی
زێدپرێس لە چاودێریکردنی بازاڕەکانی تایبەت بە فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە، تێبینی کردووە، بەردەوام ژمارەیەک لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بە نایاسایی دەگیرێن و دەفرۆشرێنەوە. هەندێک جۆری باڵندە وەک هەڵۆ، شەهێن، دووبرا و چەندانی دی لە بازاڕی پەلەوەرفرۆشانی هەولێردا بینران.
خواردنگەی تایبەت بە گۆشتی باڵندە کێوییەکانی وەک کەو، کۆتر و سوێسکە، لە ناوەندی شارە گەورەکاندا هەن، کە ڕۆژانە، بە ژمارەی زۆرەوە ئەو باڵندانەیان تێدا دەکوژرێت و دەخورێت.
لە هەرێمی کوردستان پۆلیسی پاسەوانی ژینگە هەیە. ئەرکەکەی گرێدراوی دەستەی ژینگەیە، بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. چالاکی ئەوان دەکەوێتە دەرەوەی سنووری شارەوانییەوە. وا دادەنرێت ئەرکەکەیان بریتی بێت لە ڕێگریکردن لە ڕاوی نایاسایی لە دەشت، دۆڵ و چیاکاندا.
بازنەی شارەوانییەکان سنووری کار و چالاکی پۆلیسی ژینگە نییە، لەبەرئەوە ناتوانن هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو بازرگان و ڕاوچییانە بکەن، کە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە ناوەندی شارەکاندا دەفرۆشن.
ڕاوچییە نایاساییەکان لەگەڵ گەیشتنیان بە سنووری شارەوانییەکان، چیتر مەترسییەکیان لەسەر نییە و لەوێدا بە ئاشکرا، دەست بە فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەکەن.
ڕاوچییە نایاساییەکان تەنیا لە دوو قۆناغدا لەژێر چاودێریدان؛ کاتی ڕاوکردن و کاتی گواستنەوەی نێچیرەکانیان بۆ شارەکان. لە هەریەک لەو قۆناغانەدا، دەشێت لەلایەن پۆلیسی ژینگە و دارستانەوە دەستگیر بکرێن، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان بە سنووری شارەوانییەکان، چیتر مەترسییەکیان لەسەر نییە و لەوێدا بە ئاشکرا، دەست بە فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەکەن.
“ڕێگری لە ڕاوی نایاسایی پێویستی بە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی توند هەیە، پێویستە تیمەکانی چاودێری لە پۆلیسی ژینگە و دارستان زیاتر بکرێن”، لوقمان شێروانی شارەزای ژینگە وای گوت.
شێروانی، ئاماژە بە ڕێنمایی تایبەت بە ڕاوکردن لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە زیاتر لە جارێک هەموارکراوەتەوە. ڕێنماییەکە لە بنەڕەتدا ڕێگە بە ڕاوکردنی مەرجدار دەدات، کات و شوێنی ڕاوکردن سنووردار دەکات و مۆڵەتی ڕاوکردنیش بە ڕاوچییان دەدات. بەگوێرەی لوقمان شێروانی، “ڕێنماییەکە باشە، بەو مەرجەی ڕاوچییان پابەندبن. ڕاوکردن بۆ زۆر کەس بووەتە خوو، کەسانێک چێژ لە ڕاوکردن دەبینن، نەک مەبەستیان لە فرۆشتنەوەی نێچیرەکە بێت”.
پۆلیسی دارستان و ژینگە، سەرەڕای سنوورداری ژمارەکەی و لاوازی کەرەستە و ئامرازە پێویستەکانی، وەک چەک و ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەڵام ئەرکێکی فرەوان لە ئەستۆ دەگرێت.
هێزەکە بەرپرسن لە ڕێگری لە بڕینەوەی داری تەڕ، هەڵکەندنی بیری نایاسایی، ڕێگری لە ڕاوی نایاسایی، کە لە حالەتە هەرە بەربڵاوەکاندا، راوی ماسی، ڕاوی سوێسکە، کەو، کۆتر و چەندین ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دیکە دەگرێتەوە، کە بەگشتی لەو جۆرانەن گۆشتیان دەخورێت.
کەمبوونەوەی ناوچە دارستانییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕینەوەی درەخت و ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، کاریگەری لەسەر نەمان و پاشەکشەی چەند جۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی هەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچە دارستانییەکاندا دەژین. “ڕاوکردنی هەر جۆرێک لە ئاژەڵ و باڵندە، هاوسەنگی سروشت تێکدەدات”، شێروانی گوتی.
تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا و بەهۆی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کوردستان، زیاتر لە پێنج هەزار داری تەڕ بڕدراونەتەوە. ئامارەکە تەنیا ئەو ژمارەیە پیشان دەدات، کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر زیاترە.
هەندێک جۆری ئاژەڵی دەگمەن بە ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە هەرێمی کوردستاندا هەن، وەک جۆری پڵنگ، کە ساڵانی ڕابردوو یەک دوو حالەتی کوشتنیان تۆمارکرا. وەک خەیلانی دەڵێ: “ئەوەی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، کوشتنی ئەو ئاژەڵانە، کە خۆیان بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە کوردستاندا هەن”.
سەرەڕای هەبوونی ڕێنمایی تایبەت بە ڕاوکردن، کە ڕاوی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە ڕادەیەکی زۆر سنووردار دەکات، بەڵام هێشتا ڕاوکردن بە چەندین جۆری فرەوان و کاریگەر بەردەوامە. هەندێک بۆ مەبەستی خواردنی گۆشتەکەیان، هەندێک بۆ مەبەستی بازرگانی و هەندێکیش وەک خوولیایەکی تایبەت ڕاو دەکەن. ڕەوشەکە پێویستی بە چاودێری تایبەت و بەدواداچوونی ورد هەیە.