ژینگه‌شرۆڤه‌

خنکاندنی سلێمانی

یەکێک کە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەڵکەوتە جوگرافی و سروشتییەکەیەتی. بەبێ ئەزمەڕ، گۆیژە، پیرەمەگروون و قەرەداغ، هیچ تایبەتمەندییەکی نامێنێت، بەتایبەتی گۆیژە و ئەزمەڕ کە لە ڕووی سروشتی و ژینگەییەوە، پارێزەری شارەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەم دوو چیا ڕووتەڵە کە ژمارەیەک داریان پێوەیە، بەکەڵکی چی دێن و بۆ نەکرێنە ڤیلا و باڵەخانە؟ هەڵبەتە ئێستا ئەم پرسیارە لە پرسیاردا نەماوە، گۆیژە و ئەزمەڕ کە بە ملیارەها ساڵ دروست بوون، کەوتوونەتە بەردەم ڕەحمی شۆفەڵ و حەفارەی کۆمپانیاکان.

لە هەموو لایەکەوە چاویان تێ بڕێندراوە و بەبێ هیچ حیسابێک بۆ شار و دانیشتووانەکەی دەستی چیمەنتۆئاسا خراوەتە هەناوی هەردوو چیاکە. لە ڕووی پێکهاتەی سروشتییەوە، بناری ئەزمەڕ و گۆیژە تێکدراوە و لە داهاتوودا کاریگەری ئەم تێکدانە، ژینگەی شار و ناوچەکە بەرەو وێران بوون دەبات.

 

یەکەم: خاکی ئەم بنارە سەختەی چیا، عەمبارێکی سروشتیی گەورەیە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربون، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەمە-جۆریی ڕووەک و وردیلەکانی خاکە. کاتێکیش ئەم ناوچە سروشتییە دەگۆڕن بۆ باڵەخانە و کۆنکرێت، لە بری هەڵمژینی کاربۆن و گەرمی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی گەرما. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژانە بەشێوەیەکی زەبەلاح پێویستیان بە وزە و ئاو هەیە، ئەویش لەسەر حیسابی دانیشتووان و لێرەوە ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت لەوەی هەیە.

 

دووەم: چیاکان تەنانەت ئەگەر بەردەوام سەوزیش نەبن، سەرچاوەی گلدانەوەی شێی هەورەکانن. کاتێک هەوری شێدار یان بارگاویی ڕووبەڕووی چیاکان دەبێتەوە، پێش بەرزبوونەوە و تێپەڕبوون، بارەکەی دادەگرێت. بەم شێوەیە چیاکان دەبنە هۆی دابارین. کاتێک پارچەی زەبەلاحی چیمەنتۆ و ئاسن، جێگەی خاکەکە دەگرنەوە، لەبری هەوایەکی سروشتیی، خانوبەرە و باڵەخانە و پارچە زەبەلاحەکانی کۆنکرێت، تەوژمێکی گەرم دەردەدەن و خەسڵەتی ڕەوتەکانی هەوا دەگۆڕن.

 

سێیەم: چیاکان سەرچاوەی ڕەوتی بای جیاجیان و ڕۆڵیان هەیە لە هەمەجۆری و گۆڕینی ئاوهەوادا. گۆڕینیان دەبێتە هۆکاری گۆڕان لە ئاوهەوادا.

 

چوارەم: چیاکان خەسڵەتی جوانتر دەبەخشنە دەوربەریان، دەشتاییەکانی نزیک چیاکان وەک هەمان ئەو دەشتایانە نابینردرێن کە لە بیاباندا هەن. کاتێک باڵەخانە جێگەی چیا دەگرێتەوە، شار دەبێتە بیابان.

 

پێنجەم: جگە لە ژێرخانی باش و بەهێز، یەکێک لە میکانیزمە بەهێزەکانی شار لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، نزیککردنەوەیەتی لە سیستەمی سروشتیی. بۆ نموونە دروستکردنی ڕووبەری تایبەتە بۆ هەمە-جۆریی (بەتایبەتی هەڵگر و گواستەوەرەکانی هەڵاڵە، وەک باڵندە و مێروو).

دروستکردنی ڕووبەری تایبەت بۆ سیستەمی ژینگەیی لە ناو شاردا، بە یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاری زیرەک دادەنرێت لە پلانی درێژخایەندا. بەڵام لە سلێمانیدا، بەپێچەوانی ئەم سیاسەتە ژینگەییەوە، کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون، دیواری کۆنکرێت بەچوار دەوری سییەکانی شاردا دروست دەکەن.

 

جێگەی ئەسەف و داخێکی گەورەیە، لەبری ئەوەی پەرە بەو خەسڵەتە سروشتییانە بدرێت و بپارێزرێن، ئەمڕۆ چەند کۆمپانیایەک بێڕەحمانە بەربوونەتە گیانی سروشتی سلێمانی و تێکدانی زنجیرە چیایەک کە تەمەنی لەگەڵ تەمەنی زەویدایە. بەڕاستی ئیتر، سلێمانی نە خاکی گەوهەرە و نە ئاوی کەوسەرە، تەنانەت سروشتەکەشی کەوتووەتە ژێڕ هەڕەشەی نەمان و لەناوچوونەوە.

 

دوو پرسیار

یەکەم: باشە ئەم ڕووبەرە سروشتییانە موڵکی گشتین و بەشێکن لە سیستەمی هەناسەدان و تەندروستی خەڵک، ئەوە چی یاسایەکە دەیانبەخشێتە کۆمپانیاکان؟

 

دووەم: قەیرانی نیشتەجێبوون لە ئارادا نییە و ئەمڕۆ بازاڕی کرێ و کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی و کوردستاندا لەوپەڕی هەرزانیدایە، ئەم چیایە لە پێناو چیدا دەبڕن و دەیکەنە شوقە و ڤیلا؟

خالید سلێمان

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...