شکۆ شێرکۆ
دوای تێپەڕبوونی نیوەی کاتی پڕۆژە جیهانییەکە و نزیکبوونەوە لە وادەی دیاریکراو، دەردەکەوێت کە زۆرینەی ئامانجە ناسراو بە ئامانجە جیهانییەکان، لادانێکی مامناوەند یان سەخت لە ئاڕاستەی خوازراو بەخۆیانەوە دەبینن، بەمەش چارەنووسی مرۆڤایەتی لەژێر مەترسیدا دەمێنێتەوە.
ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ١٧ ئامانجی بەیەکەوە بەستراو پێک دێن و کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە، وا دەکات هەر یەکەیان گرنگییەکی تا ڕادەیەکی زۆر یەکسانیان هەبێت و پێویست دەکات ئامانجە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیییەکان لە یەک کاتدا و لە سەرانسەری جیهان هەوڵیان بۆ بدرێت، بۆ ئەوەی کاریگەریی جێگیریان بەسەر کۆمەڵگەکاندا هەبێت. ئامانجەکان بە شێوەیەک دانراون بارودۆخی گوزەرانی تاکەکان لەبارتر بکەن، پەیوەندییە نێوخۆیییەکان ڕێک بخەن و لە هەمان کاتیشدا، یەکگرتوویی نێودەوڵەتی پەرە پێ بدەن، بە ئامانجی بەرگرتن لە کێشە جیهانی و کارەساتە سروشتییەکان.
ئامانجەکان بە شێوەیەک دانراون بارودۆخی گوزەرانی تاکەکان لەبارتر بکەن، پەیوەندییە نێوخۆیییەکان ڕێک بخەن و لە هەمان کاتیشدا، یەکگرتوویی نێودەوڵەتی پەرە پێ بدەن
ئامانجی سێزدەیەم، سەرەڕای ئەوەی بەتایبەت لەمەڕ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکات، جێگەی خۆی لەدڵی پڕۆژەکە دەکاتەوە، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەسەر ئامانجەکانی دیکە و پێویستبوونی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە.
جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە باردۆخێکی دژواردایە، سەرەڕای زیانە ملیار دۆلارییەکانی بەسەر گشت وڵاتانەوە، گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسیی زیانە چارەنەکراوەکان زیاتر دەکات و ئەگەری کارەساتە جیۆفیزیکییەکان بەرز دەکاتەوە. ئەگەر بە زووترین کات کارەکان لەسەر دەردراوە گازییە زیان بەخشەکان چڕتر نەکرێنەوە، ئەوا پلەی گەرمی لە بەرزبوونەوەدا دەبێت و ژیانی زیاد لە سێ ملیار کەس دەکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها، ئەگەری شەپۆڵی گەرما، وشکەساڵی، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و برسێتیی زیاد دەکات.
یەکێک لە ئامانجەکان بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا بریتییە لە نەهێشتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ١.٥ پلەی سیلیزی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێش پیشەسازی، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پلەی گەرمی جیهانی بەرزبوونەوەی ١.١ پلەی سیلیزی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی زیادبوونی گازە دەردراوەکان، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢١، کە ئاستی گازە دەردراوەکان گەیشتە لوتکە، ڕەنگە بەهۆی هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ئابوورییەکانی پەتای کۆڤید-١٩ بووبێت. جێی بایەخە کە ئاستی گازە دەردراوەکان ئێستا لە بەرزبوونەوەدایە و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ساڵانی دەیەی ڕابردوو زیادی کردووە و ئێستایش ئاستەکەی بە ڕێژەی ١٤٩٪ زیاترە لە سەردەمی پێش دەستپێکی پیشەسازی، لەبەر ئەم هۆکارانە، ناتوانرێت لەم ڕووەوە مەزەندەی داهاتوویەکی باش بکرێت.
ئاستی گازە دەردراوەکان ئێستا لە بەرزبوونەوەدایە و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ساڵانی دەیەی ڕابردوو زیادی کردووە
ئامانجێکی دیکە بریتییە لە ئاشناکردنی خەڵک بە گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی. لە توێژینەوەیەکی بەرنامەی خوێندنی ناوخۆیی ١٠٠ وڵاتانی جیهان، لە نزیکەی ٤٧٪ی باسی گۆڕانی کەشوهەوا نەهاتووە. هەروەها، سەرەڕای ئەوەی ٩٥٪ی مامۆستایان باسکردنی گۆڕانی کەشوهەوا گرینگ دەزانن، تەنیا سێیەکیان توانای شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەیە. لەپاڵ ئەوانەدا، ٧٠٪ی گەنجان تەنیا زانیاریی ڕووکەشییان لەسەر پڕەنسیپە گشتییەکانی کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٢٢ هەبووە.
گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی جیهانییە و پابەندنەبوونی وڵاتێک بە مەرجەکان، کاریگەریی بەسەر وڵاتانی دیکەشەوە دەبێت. بەهۆی ئەمە و بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی لە گەشەکردندان، لە ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٥ی پاریس، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری بەگەڕخستنی ١٠٠ ملیار دۆلاری ساڵانەی لە لایەن تێکڕای وڵاتە گەشەکردووەکان بۆ چارەسەری پرسی گۆڕانی کەشوهەوا داوە. بەگوێرەی ڕێکخراوی گەشەکردن و هاوکاری ئابووری بێت، بڕی ٨٣.٣ ملیار دۆلار وەک شایستەی دارایی لە ساڵی ٢٠٢٠ بەگەڕخراوە و زۆربەشی لە کەمکردنەوەی زیانەکان خەرجکراوە. ئەو پارەیەی کە پێویستە لە خۆگونجاندن تەرخان بکرێت ٥ بۆ ١٠ هێندەی پێویست کورتی هێناوە. سەرەڕای بەتەواوی نەپێکانی ئامانجی تەرخانکردنی ١٠٠ ملیار دۆلار، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی (ئۆکسفام)، تەنیا ٢٤.٥ ملیار دۆلار لە بڕە پارەی ئاماژەپێدراوی ساڵی ٢٠٢٠ بڕی بەخشراوی ڕاستەقینەیە بۆ پرسە ژینگەیییەکان، بڕە ماوەکەش لەبری بەخشش، وەک قەرز دراوە بەو وڵاتانەی لە گەشەکردندان، بەوەش ڕەنگە تێکڕای پارەکە بە مەبەستی چارەسەری گۆڕانی کەشوهەوا بەکار نەهێنرابێت یان لە پڕۆژەکاندا گرنگییەکی ڕووکەشی بە ڕەهەندە ژینگەیییەکان درابێت، ئەوەش مەترسیی زانیاریی هەڵە لە ڕاپۆرتە ئامارییەکان و کاریگەرییە نەرێنییە شاراوەکان زیاتر دەکات.
بەهۆی کاریگەرییە پێچەوانە نەکراوەکانی، گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر کردنی ڕاستەوخۆ و فرەوان لە لایەن گشت وڵاتانی جیهان هەیە. جگە لەمە، بە زوویی نەپێکانی ئەم ئامانجە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەربەست لە بەردەم ئامانجەکانی وەک نەهێشتنی هەژاری و برسێتی، سەقامگیری ئابووری، ڕێگریکردن لە تێکچوونی سیستەمە ژینگەیییەکان و هیی دیکەیش دروست دەکات. بۆ داهاتوویەکی خوازراو، پێویستە گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە توخمێکی سەرەکیی پڕۆژە ناوخۆیی و جیهانییەکان، ئەو وڵاتانەش کە ئابوورییەکی ناسەقامگیریان هەن، بەتایبەت لەم ڕووەوە هاریکاری بکرێن.