ژینگه‌هه‌واڵ

ڕێکخراوێکی ژینگەیی: چاوەڕوانی قڕکردنی درەختەکانی کوردستان بن

زێدپرێس

 

ڕێکخراوێکی ژینگەیی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بێباکی حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە دابینکردنی نەوتی پێویست بۆ ناوچە شاخاوییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە ساڵی ڕابردوو دار و درەخت بەمەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی، ببڕدرێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەمڕۆ چوارشەم ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیدا، “ساڵانە لەگەڵ نزیکوونەوی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، بەهۆی کەمتەرخەمی حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، داوامان کردووە فریای ناوچە کوێستانییەکان بکەون، بۆ پێدانی بەشە سووتەمەنی پێویست، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار نەبن پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانە سرووشتییەکان ببەن”.

زیاتر دەڵێ “لە ساڵانی ڕابردوو بینیمان، کە بەناچاری ئەوەی چاوەڕوانیمان دەکرد ڕوویدا، دڵنیاشین ئەمساڵ زیاتر درەخت و داری دارستانە خۆڕسک و دەستکردەکان مەترسیان لەسەر دەبێت.”

ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات، “ناکرێ حکوومەت لە ئێستاوە بیر لەوە بکاتەوە ئەو نەوتەی دەیدات بە هاووڵاتییان بە شێوەی بازرگانی پێیان بدات و بیر لە قازانج بکاتەوە، کە دڵنیاین ئەمساڵ بەهۆی پێشبینییەکانی کەشوهەوا  وه‌رزی باران بارین زووتر ده‌ست پێده‌كات و سەرما و سۆڵە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن”.

ڕوونی دەکاتەوە، “بەداخەوە ژینگە و سرووشتی کوردستان و دارستانە خۆڕسک و دەستکردەکان، بەهۆکاری سرووشتی و دەستی مرۆڤەکان و هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتربووە، هەر لە ئاگرکەوتنەوە و وشکەساڵی و بڕینەوەی درەختەکان”.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێ “نەبوونی پلانی گونجاو و جێگرەوەی پێشوەختە بۆ ڕێگریکردن لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو دوا هەناسەکانی سروشت هەنگاو دەنێت، درەختەکان بە پێوە دەنێژرێن و ڕووبارەکان دوا فرمێسکی خۆیان تەیی دەکەن”.

“مرۆڤەکانیش بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و بێباکی حکوومەت دەستیان داوەتە بینایی درەختەکان کورەی ئاگریان پێ گەرم دەکەن”، ڕێکخراوەکە وا دەڵێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، “ئێستا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا، لەسەر ئاستی جیهان چەندین ڕێکاری هەنووکەیی و نوێ دەگیرێتە بەر، تازە بە تازە لای خۆمان، دەست بۆ سیییەکانی زەوی دەبردرێت و دەیانبڕنەوە، کەواتە دەبێت حکوومەت هەست بەو مەترسییانە بکات، یاخوود شتێک نییە لای حکوومەت کە ناوی گرفتی ژینگەیی بێت”.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، باس لە ئامارێک دەکەن، کە پیشانی دەدات، “بەشێکی زۆری پاوان و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو سوتاون، یاخود بوونەتە هۆکاری شێواندنی ناوچەکە وەکو کۆچی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان”.

 

بەپێی ئامارەکە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢١، ڕووبەری زیاد لە یەک ملیۆن دۆنم پاوەن و دارستان لە هەرێمی کوردستان سوتاون.

جگە لەمەش هەر لە زیان گەیاندن بە ڕووبەری دارستان و پاوانەکان لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی و زیادەڕەویش هەبووە وەکو (بڕینەوە. سوتاندن، تەختکردن، تەلبەندکردن، ڕەژوکردنی بێمۆڵەت، دروستکردنی بیناو کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبیل، ڕاوکردن، دروستکردنی پڕۆژەی بچووک، دروستکردنی ڕێگاوبان)، کە بەهۆیانەوە ڕێژەیەکی زۆر دارستان و پاوان لەناوچوون و ژینگەی ناوچەکان تێکدراون.

ڕێکخراوەکە ئەوەش دەڵێ “پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ڕێکخراوە ژینگەیی و کشتوکاڵییەکان، بێنە سەرخەت و قبوڵ نەکەن، کە بەهۆی کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت، کۆتایی بەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە بهێنرێت”.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات “ئەگەر ئەمساڵ حکوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستوبرد نەکات لە پێدانی سووتەمەنی بە تایبەتی بە ناوچە کوێستانییەکان، ئەوا دڵنیابن چەند ساڵێکی تر، شتێک نامێنێت بەناوی دارستان لە هەرێمی کوردستان، وەکو ساڵانی نەوەدەکانی لێدێتەوە کە هاووڵاتییان تەنانەت کۆتەرەی درەختەکانیشیان لە زەویدا دەردەهێنا”.

ئەو ڕاگەیەنراوەی ڕێکخراوەکە لەکاتێکدا دێت، کە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ٤ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە دەستکردن بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا کرد و بەپێی ڕاگەیەنراوەکە پڕۆسەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و هەر ماڵێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە ١٠٠ هەزار دینار پێدەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button