هه‌واڵ

هەر ناوەندێکی خوێندن نزیکەی ٥ تا ٦ بەرمیل نەوتی بەردەکەوێت

زێدپرێس

 

حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دابینکردنی ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی سپی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و ئەگەر نەوتەکە بە یەکسانی دابەش بکرێت، هەر ناوەندێکی خوێندن کەمتر لە ٥ بەرمیل نەوتی ماڵان یان نزیکەی ٦ بەرمیل نەوتی ستانداردی بەردەکەوێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە دابینکردنی ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

ناوەندەکانی خوێندنی سەربە وەزارەتی پەروەردە، باخچەی ساوایان، قوتابخانە و پەیمانگە حکوومییەکان دەگرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروردە، لە هەرێمی کوردستان ٦ هەزار و ٨١١ ناوەندی خوێندنی حکوومی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەگەر بڕی نەوتی دابینکراو بە یەکسانی بەسەر سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا دابەش بکرێت، هەر ناوەندێکی خوێندن تەنیا ٩٦٩ لیتر نەوتی بەردەکەوێت؛ لە باشترین حاڵەتدا دەکاتە نزیکەی ٥ بەرمیل نەوتی ماڵان (٢٠٠ لیتر بۆ هەر بەرمیلێک) یان بەپێوەری ستاندارد بۆ بەرمیل (١٦٠ لیتر) و لەسەر ئەو بنەمایەش هەر ناوەندێکی خوێندن نزیکەی ٦ بەرمیل نەوتی بەردەکەوێت.

ناوەندەکانی خوێندن لەڕووی ژمارەی پۆل و قوتابییەوە، یەکسان نین؛ لەکاتێکدا قوتابخانە هەن نزیکەی هەزار قوتابی لەخۆدەگرن و قوتابخانەی دی هەن، کە دەشێت کەمتر لە ٥٠ قوتابی لەخۆبگرن، بەتایبەت لە گوندەکاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ناوەندەکانی خوێندن لە ناوچە شاخاوییەکاندا پێویستیان بە نەوتی زیاتر هەیە بۆ گەرمبوونەوە.

هێشتا پێوەرەکانی دابەشکردنی نەوتەکە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن ڕانەگەیەندراوە. لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکەشدا ئەوەندە هاتووە، کە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سبەینێوە دەست پێدەکات و “پێویستە سەرجەم لیژنەکانی وەرگرتن و ناوەندەکانی خوێندن دڵنیابن لە بوونی بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە کوالێتی نەوتی دابینکراو بۆیان و هیچ جۆرە نەوتێکیش وەرناگیرێت بەبێ بەڵگەنامەی شیاوێتی سامانە سروشتییەکان”، ئەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...