ژینگه‌

عێراق؛ تیمی نیشتمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا پێکدەهێندرێت

ئەنجوومەنی باڵای لاوان لە عێراق، تیمی نیشتمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ڕادەگەیەنێت. تیمەکە لە هەزار خۆبەخش پێکدێت و بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکات.

 

ڕۆژی چوارشەم، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، تیمی نیشتمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا وەک دەستپێشخەرییەک لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای لاوان لە عێراق ڕاگەیەندرا. دەستپێشخەرییەکە هەزار خۆبەخش لەخۆدەگرێت و هەمان کات فۆڕمی داواکاری بۆ چوونە پاڵ تیمەکە خرایەڕوو، بۆ گەنجانی شارەزای بوارەکە یان ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە وەها دەستپێشخەرییەکی پێوەست بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرتاسەری عێراقدا بکەن.

ئامانجی تیمەکە ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئاڵنگارییەکانی ژینگەیی و کەشوهەوا بکات کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە و هاوکات هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرییەکان دەدات بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.

ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای لاوانی کرد و لەو کۆبوونەوەیەدا پێکهێنانی تیمی نیشتمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا پەسندکرا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕۆڵی گەنجانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەکان و پەرەپێدانی بەرنامە و چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیار لەسەر خستنەڕووی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ “پێشبڕکێی بەرنامەی نیشتمانیی لاوان” درا، کە ئامانجی هەڵبژاردنی ١٠٠ بەرنامە و دەستپێشخەری لاوانە، کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و تیمە خۆبەخشەکانەوە پێشکەش دەکرێن، بەمەبەستی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆیان و ئەو پاڵپشتییە داراییەش لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات تا ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی، بەپێی کارنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣.

پێکهێنانی تیمی نیشتمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لەکاتێکدا دێت، کە بەگوێرەی ناوەندە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پێوەست بە ژینگە، عێراق بە قورسی لەژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادایە، کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوون هەڕەشەن لەسەر بەشێک لە وڵاتەکە و وا دەردەکەوێت کاریگەرییەکە زیاتر لەسەر ناوچەکانی باشووری عێراق بێت.

عەقیل لەتیف ئەندامی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای لاوان، بە میدیاکانی عێراقی گوتووە، ئامانج لەم دەستپێشخەرییە پێکهێنانی تیمێکی نیشتمانییە کە خواستی کارکردن لە پرسە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکان و پێشنیازکردنی چارەسەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە تایبەتمەندەکانی بواری ژینگە   کەشوهەوا.

بەگوتەی ئەو، کارەکانی تیمەکە چەند لایەنێکی گرنگی دەبێت، گرنگترینیان پێکدێن لە؛ هاندانی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە و چاندنی نەمام و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، هەروەها پێشخستنی گواستنەوەی بەردەوام و باشترکردنی کارایی وزە لە ماڵەکاندا، هۆشیاری ژینگەیی و بەرنامەکانی چاککردنی ژینگە و پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییە ژینگەییەکانی جیهانی.

“بەشێک لە کاری تیمەکە؛ بەدواداچوون لەگەڵ دەزگا حکوومییەکان بەمەبەستی پەسەندکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و پاڵپشتیکردنی بیرۆکە و داهێنان و پاڵپشتی زانستی پەیوەست بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەشداریکردن لە هەڵمەتە ناوخۆیی و جیهانییەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا”، عەقیل لەتیف وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...