ئابووریهه‌واڵ

ئەمریکا لە هاوبەشیی بازرگانی لەگەڵ ئەڵمانیا پێگەی چین لەق دەکات

دوای ساڵانێک کە چین هاوبەشی سەرەکی بازرگانی ئەڵمانیا بوو، پێدەچێت ئەمریکا بە هێمنی ئەو پلە سەرەکییە بەدەستبهێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەناردەکردن و هاوردەکردنی  ئەڵمانیا و ئەمریکا لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئازاری ساڵی ٢٠٢٤دا کۆی گشتی ٦٣ ملیار یۆرۆ بووە (٦٨ ملیار دۆلار)، هاوکات بەپێی لێکدانەوەکانی کەناڵی سی ئێن بی سی، بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و چین کەمێک لە خوار ٦٠ ملیار یۆرۆوە بووە. ڕۆیتەرز بۆ یەکەمجار ڕۆژی پێنجشەم هەواڵی گۆڕانکارییەکەی بڵاوکردەوە.

کارستن برێسکی بەرپرسی جیهانی توێژینەوەی ماکرۆ لە کۆمپانیای ING Research بە کەناڵی CNBCی ڕاگەیاندووە، چەندین هۆکار ڕۆڵیان هەبووە لەم هەنگاوەدا.

“ئەم گۆڕانکارییە دەرئەنجامی چەند هۆکارێکە: گەشەی بەهێز لە ئەمریکا خواستی لەسەر بەرهەمە ئەڵمانییەکان بەرزکردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، جیابوونەوە لە چین، لاوازبوونی خواستی ناوخۆیی لە چین و هەروەها چین توانیویەتی ئەو کاڵایانە بەرهەمبهێنێت کە پێشتر هاوردەی کردووە.” ئەڵمانیا (بە شێوەیەکی سەرەکی ئۆتۆمبێل) هەناردەی بۆ چین کەمکردووەتەوە”.

چین ساڵانێک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەڵمانیا بووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا کەم بووەتەوە. هەروەها هۆلگەر شمیدینگ سەرۆکی  بانکی بێرنبێرگ بە کەناڵی سی ئێن بی سی ڕاگەیاندووە، ئەمریکا لە مێژە بازاڕێکی گەورەترە بۆ هەناردەکردنی ئەڵمانیا لەچاو چین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا پشکی ئەمریکا لە هەناردەکردنی ئەڵمانیا لە ساڵانی ڕابردوودا گەشە دەکات، بەڵام پشکی چین لە کەمبوونەوەدایە. شمیدینگ گوتی: ئابووری چین لەکەڵەکەبووندایە و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ڕووبەڕووی کێبڕکێی توندتر دەبنەوە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی کە چین پاڵپشتیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە ئێستا ئەمریکا گرنگتر دەبێت کاتێک باس لە هاوردە دەکرێت.

ئەڵمانیا ستراتیژی نوێی چین پەیڕەو دەکات و ساڵی ڕابردوو داوای لە کۆمپانیاکان کرد کە “مەترسی لاببەن” لە چین. چین بڕیارە وەک هاوبەشێک بۆ ئەڵمانیا بمێنێتەوە، حکوومەتی وڵاتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، و نابێت “لە یەکتر جیابوونەوە” هەبێت – بەڵام “ڕکابەریی سیستماتیکی” زیاتر تایبەتمەندی پەیوەندی نێوان ئەو دووانە بووە.

هەروەها گرژییەکان لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و چیندا زیادیان کردووە و ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە پراکتیزە بازرگانییەکانی یەکتر کردووە و هەڕەشەی دانانی باج لەسەر هاوردەکردن دەکەن.

مانگی ڕابردوو لە ڕاپرسییەکی دامەزراوەی ئابووری ئەڵمانی ئیفۆدا دەرکەوتووە کە بڕی ئەو کۆمپانیایانە کە دەڵێن پشت بە چین دەبەستن لە 46% لە شوباتی 2022 بۆ 37% لە شوباتی 2024 دابەزیوە، ئەمەش پەیوەندی بە کەمتربوونی کۆمپانیاکانەوە هەبووە کە پشت بە شتومەکی چینی دەبەستن وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.

برێسکی دەڵێت: “ئەو ڕاستییەی کە ئەمریکا بووەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەڵمانیا، بەڕاستی گۆڕانی شێوازەکانی بازرگانی و جیابوونەوەی وردە وردە لە چین دەردەخات”.

 

ئا: جەلال هۆرێنی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...