هه‌واڵ

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی دەکات

زێدپرێس

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەڕێگەی لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسانەوە، سەرکۆنەی ڕەفتاری ئاسایشی زاخۆ دەکات، پێوەست بە دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی ڕۆژنامەوان.

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، لێژنەی داکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان/سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدە لە شاری زاخۆ، بڵاو کردەوە.

بەیاننامەکە بەناوی لێژنەی داکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسانەوە، سەرکۆنەی ڕەفتاری دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی دەکات لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە و دەڵێ “سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەین و بە پێشێلکاری یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی هەرێمی کوردستان و بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕینی دەزانین لە هەرێمەکەماندا”.

لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان، زیاتر دەڵێ “دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان، دەبێت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگری لێبکرێت”.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە “لە ئەگەری لێپێچینەوە لە هەر ڕۆژنامەنووسێک دەبێت یاساییانە بێت و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی لێ ئاگەداربکرێتەوە”.

لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان، لە هەمان بەییاننامەدا، داوا دەکات، “هەرچی زووترە ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین لە زینداندان، ئازاد بکرێن. لەهەمانکاتدا ڕۆژنامەنووسانیش دەبێت پابەندی ئەرکە پیشەیی و ئیتیکییەکان بن لەکاتی ئەنجامدانی کارە میدیاییەکانیاندا”.

ئەو ڕاگەیەنراوەی لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەکاتێکدا دێت، کە دوێنێ پێنجشەم، دوابەدوای دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە، نووسینگەی زاخۆی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لە سەر زاری ئاسایشی دەڤەرەوە بڵاوی کردەوە، کە دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی دەبێت لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی نەبێت و ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، ئاسایش ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەی بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە نییە و تەنیا ئەوە نەبێت، کە ئاسایشی دەڤەرە ددانی بەوەداناوە ڕۆژنامەنووسەکە لەلایەن ئەوانەوە دەستگیر کراوە.

لە کاتژمێر ٩:٤٥ خوولەکی بەیانی دوێنێ چوارشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، لە ڕێگەی چوون بەرەو کارەکەی لە نووسینگەی زاخۆی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و کەناڵی خابیر، ئیسلام کەشانی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە دەستگیر کرا. وەک بەرپرسانی تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی و بەرپرسانی مەڵبەندی زاخۆی حزبەکە ئاشکرایان کرد، هیچ زانیارییەک لەسەر کەشانی نەبووە تا ئەوکاتەی هێزێکی ئاسایش چوونەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵی ڕۆژنامەنووسەکە کردووە و ئەوکات ئاشکرا بووە، کە ئیسلام کەشانی لای ئاسایش دەستگیرکراوە.

ئیسلام کەشانی بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و کارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...