هه‌واڵ

ئاسایش خاوەن ئەکاونتی “حەمە بارزانی” دەستگیر کرد

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ڕایدەگەیەنێت، کەسێکیان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە خاوەنی هەژماری “حەمە بارزانی” بووە، دەستگیر کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دا، کە لە ڕێککەوتی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، چەندین سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر کەسێک تۆمارکراوە، کە هەژمارێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی حەمە بارزانی (Hama Barzani) دروستکردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەندین ئافرەت کردووە لە بەرانبەر پێدانی پارە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە دوای هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆر لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی خەلیفان و بەپێی ماددەی ٢ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، تواندراوە تۆمەتبارێک بەناوی (م. ڕ. ح) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر دەستگیربکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە دانیشتووی هەولێرە و دانی بە تەواوی ئەو هەڕەشانە ناوە، کە لە هاووڵاتییانی کردووە و هاوکات خاوەنی چەندین هەژماری جیاجیا بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بۆ هەمان مەبەست بەکاریهێناون.

بەهۆی بەربڵاوی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێشتر دەزگاکانی ئاسایش بەگشتی چەندین جار هۆشدارییان بە هاووڵاتییان و بە تایبەت ئافرەتان داوە، کە خۆیان لە هەر وەڵامدانەوەیەک و پەیوەندییەک لەگەڵ هەژمارە نەناسراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن و لە حاڵەتی هەر هەڕەشە و مەترسییەکیشدا ڕاستەوخۆ دەزگاکانی ئاسایش ئاگادار بکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...