“نیەتێکی دوژمنکارانە دژی فەرمانبەرانی کوردستان هەیە”
سیپان شێروانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: “دواكەوتنی تەمویلی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم تا كاتێك كە دەبووایە چاوەڕێی تەمویلی موچەی مانگی پێنجمان بكردایە، هیچ پاساوێكی یاسایی و كارگێڕی هەڵناگرێت، چونكە حكوومەتی هەرێم سەرجەم ئەركەكانی جێبەجێكردووە”.
شێروانی، کە ئەندامی لێژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: “چەندبارەبوونەوەی ئەم حالەتە، دەرخەری نیەتێكی دوژمنكارانەیە لە دژی فەرمانبەرانی هەرێم و ئامانج لێی برسییەتی و نەهێشتنی ئاسوودەیی فەرمانبەرانی هەرێم بەتایبەتی و سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە بە گشتی”.
ئەو، زیاتر دەڵێ: “ئەو لایەنە كوردییانەی كە پاساو بۆ ئەم سزادان و برسیكردنەی گەلی كورد دێننەوە، بەقەد بكەرانی لەم دۆخەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوانبارن”.