ئابووریهه‌واڵ

٣٦ هەزار و ٥٦٧ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن

لە هەرێمی کوردستان ٣٦ هەزار و ٥٦٧ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تۆمارکراون و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێ، بەهۆی ئەو کارئاسانییانەی پێشکەشکراون، تۆمارکردنی کۆمپانیا زیاتر بووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری بڵند محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕایگەیاندووە: “سەرەڕای قەیرانی دارایی و فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکان خۆیان تۆمار کردووە”.

گوتیشی: “تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا هەشت هەزار و ٢٧٤ کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، ٣٦ هەزار و ٥٦٧ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن و لەو ژمارەیەدا ٣٢ هەزار و ٢٣ کۆمپانیا ناوخۆیین، هەروەها سێ هەزار و ٤٠٥ لقی کۆمپانیای بیانین، جگە لەوەش هەزار و ١٣٩ کۆمپانیای دیکە لقی کۆمپانیاکانی بەغدان لە هەرێمی کوردستان”.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم، لەماوەی ساڵانی کابینەی نۆیەمدا، تۆمارکردنی کۆمپانیا زیادبووە و ئەوەش بۆ چەند ڕێکارێک گێڕدراوەتەوە، لەناویاندا:

یەکەم: هەمواری یاساکانی ١١ و ١٢ و ١٣ و ١٤، تایبەت بە یاساکانی بواری بازرگانی و یاسای کاری یەکێتییە بازرگانییەکان و یاسای وەزارەتی بازرگانی.

دووەم: دەرچوواندنی پەیڕەوی ژمارە ١٥ی ناوی بازرگانی، یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوون لە خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەکی.

سێیەم: بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی تۆماری کۆمپانیاکان کە بەشێوەیەکە خاوەنکار دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا سەرجەم ڕێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکەی ئەنجام بدات.

چوارەم: کەمکردنەوەی ڕێژەی تێچوونی دارایی بە ڕێژەی لە ٨٠٪ لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان.

پێنجەم: دەرکردنی پەیڕەوی ژمارە ١ی لە ساڵی ٢٠٢١؛ بەگوێرەی پەیڕەوەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کۆمپانیاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە کە بتوانن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە تێچووی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کەم کراوەتەوە، بەڵام داهاتەکان بە نزیکەی ڕێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ هەزار و ٢٠٠ کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە سێ هەزار کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...