ئابووری
ئاراستەکان

داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان؛ بڕیارێکی چەند بارە و جێبەجێنەکراو

“پەنجا پاڵاوگەی نەوتمان داخست”، “سێ پاڵاوگەی دیکەمان داخست”، “تا ئێستا ٢٥ پاڵاوگەمان داخستووە”، “سەرجەم پاڵاوگەکانمان داخستووە”، ئەوانە نموونەی لێدوانەکانی پێش چەند ساڵی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتە خۆجێییەکانن لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی، کە ماوەی چەندین ساڵە دووبارە دەکرێنەوە. پێش چەندین ساڵ، لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا، دەیان و سەدان پاڵاوگەیان داخستووە، بەڵام وەک دەردەکەوێت، ئەو پاڵاوگانە بنبڕ نابن و دیسان سەرهەڵدەدەنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی یەکشەم، ٤ی ئابی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم لە زاری ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێرەوە، بڕیاری داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگاکە ڕاگەیاند. ئەمڕۆ دووشەم، میدیاکانی حکوومەت و حوکمڕانان، وەک هەموو جارانی ڕابردوو، وێنەی هەڵمەتەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانیان بڵاوکردنەوە. وێنەکان ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی پیشان دەدەن کە قوفڵی گەورە و بچووک لە دەروازەی پاڵاوگەکان دەدەن، ئەو وێنانە چەندین ساڵە دووبارە دەبنەوە.

چەندین جار لە ئاستی باڵادا بڕیار لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام بڕیارەکان لەسەر کاغەز و پاڵاوگەکانیش لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمانێکی وەزاری، بڕیاری لەسەر داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکرد و لیستێکی بە ناوی ١٦٤ پاڵاوگەوە هاوپێچی فەرمانەکە کرد، کە دەبوو لەماوەی چەند مانگێکدا وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەکان هاوکاری وەزارەتەکە بن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان و لە هەندێک شوێندا بۆ ماوەیەکی کاتی، کارکردنی چەند پاڵاوگەیەک ڕاگیرا یان هەر خۆیان ڕایانگرت. وەک سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێ، ئەوکات بۆ ماوەی سێ مانگ کارکردنی پاڵاوگەکان ڕاگیرا و دواتر دەستیان بە کارەکانیان کردەوە.

بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، جارێکی دیکە لە تەمووزی ٢٠١٨دا، ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستان کە بەرزترین ناوەندی پێوەست بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و لە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، وەزیرەکانی سامانە سروشتییەکان، دارایی و پلاندانان پێکهاتووە، بڕیاری لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکردەوە. بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکوومەت دەرکرا.

ئەوکات میدیاکان بڵاویان کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی میدیاییەوە حکوومەت بانگەشەی داخستنی پاڵاوگەکان دەکات، بەڵام لە واقیعدا بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. زۆر پێشتریش خودی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران سەبارەت بە دانەخستنی پاڵاوگەکانی نەوت گوتبووی: “ئێمە ئیشمان بەو پاڵاوگانە هەیە و نەوتمان بۆ دەپاڵێون“.

سەرەڕای ئەوەی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هیچ کاتێکدا جێبەجێ نەکرا، بەڵام دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز لە تەمووزی ٢٠١٨دا، میدیایەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کرد، هەوڵدەدرێت پاڵاوگەکانی نەوت لە هەولێر و سلێمانی دابخرێن، بەڵام بڕیارەکە پاڵاوگەکانی دهۆک ناگرێتەوە، چونکە خاوەندارێتی ئەو پاڵاوگانە بۆ مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆکی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. میدیاکان بەردەوام ڕاپۆرتیان داوە لەسەر ئەوەی خاوەندارێتی پاڵاوگەکان بۆ کەسانی دەستڕۆیشتوو دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کە حکوومەت ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە هۆکاری دانەخستنی پاڵاوگەکان.

پاش سێ مانگ لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، میدیای نزیک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان تەنیا لە هەولێر جێبەجێ کراوە و لە دهۆک و سلێمانی ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا، ڕزگار سدقی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، وێڕای دووپاتکردنەوە لە دانەخستنی پاڵاوگەکان، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دهۆک ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەن. بەڵام پارێزگاری سلێمانی لە نیسانی ٢٠١٩دا، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ داخستنی پاڵاوگەکان بەدەستگەیشتووە، دەستبەجێ دەستیان بەداخستنی پاڵاوگەکان کردووە و تا ٢٠ی نیسانی ٢٠١٩، بە ژمارە ١٤ پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی داخراون و ئەوانی دیکەش دادەخەن.

 

ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان

لە فەرمانەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ٢٠١٥دا، ئاماژە بە ناوی ١٦٤ پاڵاوگە کراوە، کە دەبێت دابخرێن، لەپاڵ ناوی ٢٦ پاڵاوگەی دیکە کە مۆڵەتی کارکردنیان دەدرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی پاڵاوگەی زیاترەوە، هەر لە فەرمانەکەدا ئاماژە بە هەر پاڵاوگەیەکی دیکە کراوە، کە ناوەکەی نەهات بێت.

بەردەوام ژمارەی جیاواز لە پاڵاوگە نایاساییەکان دراوە، سەرچاوەی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئاماژەیان بە هەبوونی ٥٢ پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک کرد، کە گوایە بڕیار لەسەر داخستنی ٤٥ لەو پاڵاوگەیانە هەبووە و جێبەجێش نەکراوە. لەکاتێکدا لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، خەلیل مەحموود قایمقامی قەزای سێمێل لە دهۆک ڕایگەیاند: “لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ەوە، سەرجەم پاڵاوگەکان داخراون کە ٤٥ پاڵاوگە بوون و ئەگەر پاڵاوگەیەک بە سەرپێچی بڕیارەکە یەک دوو کاتژمێر کاری کردبێت و لێپرسینەوەمان لەگەڵ ئەوانیش کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا ١٦ خاوەن پاڵاوگەمان ئاڕاستەی دادگا کردوون و ئێستا هیچ پاڵاوگەیەک لە سنورەکەدا کار ناکەن“. میدیاکان لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕاپۆرتیان دا لەسەر هەبوونی ١٧٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەی کواشێ لە پارێزگای دهۆک، لەپاڵ جەختکردنەوە لەسەر هەبوونی بڕیاری حکوومەت بۆ داخستنی پاڵاوگەکان و لە بەرانبەردا تێبینیان کرد، دوای بڕیارەکە، بەپێچەوانەوە ژمارەی پاڵاوگەکان هەڵکشاوە.

پاڵپشت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٢٠١٨دا، لێژنەیەکی باڵا بۆ داخستن و لابردنی پاڵاوگەکان بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامێتی نۆ کەس پێکهات، لێژنەکە ماوەی سێ مانگ سەرقاڵی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەبارەی پاڵاوگەکان. سەرۆکی لێژنەکە ئاشکرای کرد، بەو ئەنجانە گەیشتوون کە ٥٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن: “بڕیارمانداوە بە داخستنی ٢٠٠ پاڵاوگەیان کە زۆر شوێنەکەیان هەستیارە و لە نزیک شارەکانن، لە قۆناغی دوومیشدا هەڵدەستین بە داخستنی ٣٠٠ پاڵاوگەکەی تر“. ئەوە لێدوانێکی د. سامانی جەلال سەرۆکی لێژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکانە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا.

ئەوکات د. سامی جەلال سەرۆکی لێژنەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، پاڵاوگە نایاساییەکان نەک هەر دادەخرێن، بەڵکوو ئامێر و کەلوپەلەکانیشیان کۆدەکرێنەوە و بگرە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی، سێ پارچە زەوی بۆ کۆکردنەوەی ئامێرەکانی پاڵاوگەکان دابینکراون. بەگوتەی ئەو، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەر تەرخانکردنی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ هەڵگرتنی تەواوەتی پاڵاوگەکان تەرخانکردووە و حکوومەت سەرجەم پاڵاوگەکان لادەبات. هەروەها دەیگوت: “ئەگەر(پاڵاوگەکان) لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دانەخرێن بە زەبری هێز دایاندەخەن“. ماوەی دیاریکراو بۆ داخرانی پاڵاوگەکان لە ٢١ی نیسانی ٢٠١٩دا کۆتایی هات و سەرۆکی لێژنەکە ڕایگەیاند، لەئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان لادەبردرێن.

 

پاڵاوگەکان دانەخران

وێڕای هەموو ئەو بڕیارانەی هەر لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ئاست وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتە خۆجێییەکان دەرکران، بەڵام پاڵاوگەکان دانەخران.

لە نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بۆ داخستنی ١٦٩ پاڵاوگەی نایاسایی پێکهێناوە و دادەخرێن. لەو چوارچێوەیەدا، فەلاح مەولوود بەڕێوەبەری ئەوکاتی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی، “ئێمە لە ١ی ئابەوە دەستمان پێکردووە و تاوەکو ٢٣ پاڵاوگەمان داخستووە.” لە ٣٠ی ئابی هەمان ساڵ، قایمقامیەتی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی داخستنی هەشت پاڵاوگەی نایاسایی بڵاوکردبووەوە. لە ئابی ٢٠٢١دا، تەنیا لە هەفتەیەکدا ١٢ پاڵاوگە لە هەولێر داخران. ئەوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەسەر “زۆر جددی”بوونی حکوومەت لە بڕیارەکەی دەکردەوە و دڵنیاییان دەدا لەوەی ئەمجارە پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن.

هەر لە ئابی ٢٠٢١دا، میدیاکان لە زاری سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە، بڵاویان کردەوە، لەکۆی ١٢٠ پاڵاوگەی سنوری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ٥٠ پاڵاوگەی نایاسایی داخراون.

لە دوای سەرجەم بڕیارەکانی داخستنی پاڵاوگەکان میدیاکان ڕاپۆرتیان لەسەر بەردەوامیی پاڵاوگەکان لە کارکردن کردووەتەوە.

زۆر پێشتر و لە ئابی ساڵی ٢٠١٧دا، حکوومەتی خۆجێی هەولێر، بڕیاری لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دابوو، عەباس موحەمەد سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێ: “ئەوەیە ئەوکات ١٢٤ پاڵاوگەی نایاساییمان هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکەیان بۆ ١٣٨ پاڵاوگە بەرزبووەتەوە“. لەکاتێکدا دەستەی پاراستن و ژینگە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، نزیکەی ١٥٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگای هەولێر تۆمارکردووە.

ئەندامێکی ئەو لێژنە نۆ کەسییەی لەکۆتایی ماوەی کابینەی هەشتەم بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهات بوو، بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەماوەی کابینەی ڕابردوودا نەکرا و لە سەرەتای کابینەی نۆیەمیشدا، پێیان ڕاگەیەندراوە، کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت داوای کردووە، شەش مانگی دیکە دەرفەت بە خاوەن پاڵاوگەکان بدرێت، دوای ئەو شەش مانگەیش پاڵاوگەکان دانەخران و دواتریش پەتای کۆڕۆنا بڵاوبوویەوە و کارەکانی لێژنەکە وەستان و بڕیارەکەش جێبەجێ نەکرا.

ساڵی ٢٠٢٢، دەستەی ژینگە هەبوونی هەڵمەتێکی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ڕاگەیاند. بەرپرسێکی دەستەکە لە ئاداری ٢٠٢٢دا ئاشکرای کرد، لەماوەی هەڵمەتەکەدا ٢٨ پاڵاوگەی نایاساییان داخستووە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکە، بەرپرسەکە دەڵێ: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێیان باش بووە لەڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی بۆ دەرهێنانی مۆڵەت، سنور بۆ پاڵاوگەکان دابنرێت. بەو مانەیەی ئەوەندە مەرج و ڕێنمایی توندوتۆڵ دابڕێژرێن، کە پاڵاوگەی ستاندارد نەبێت، نەتوانن مۆڵەت دەربهێنن و بەوەش کۆتایی بە پاڵاوگە نایاسایی و ناستانداردەکان بێت.

وەک چۆن بڕیارەکانی داخستنی پاڵاوگەکان هەر لەسەر کاغەز مانەوە، ئەوهایش پاڵاوگەکان لە شوێنی خۆیان مانەوە. جارێکی دیکە، لە ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکرد و حکوومەت ڕایگەیاند، لە هەر پارێزگایەکدا لێژنەیەک بۆ داخستنی پاڵاوگەکان پێکهێنراوە. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بێدەنگی لێکرا و پاش نزیکەی چوار مانگ لە زاری پارێزگاری هەولێرەوە، بڕیاری داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوری پارێزگاکە و هەڵمەتی داخستنیان ڕاگەیەندرا، بەڵام تەنیا لە پارێزگای هەولێردا.

ڕاگەیاندنی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەکاتێکدا دێت، کە لەوەتەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، پاڵاوگە نایاساییەکان بەشداری دەکەن لە ساخکردنەوەی نەوتی خاو و ئەوەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم داخستنیان.

ڕۆژنامەوانێکی بواری نەوت، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پاڵاوگەکان بە چەند هۆکارێکی دیاریکراو داناخرێن، لەناویاندا بەشدارییان لە ساخکردنەوەی نەوتی قاچاخ و هەروەها بەشدارییان لە دابینکردنی بەرهەمەکانی سووتەمەنی، لەکاتێکدا حکوومەت خۆی شکستی هێناوە لە پەرەپێدانی ژێرخانی پاڵاوتن لە هەرێمی کوردستاندا و ئەوەش مانەوەی پاڵاوگە ناستانداردەکانی وەک پێویستییەک هێشتووەتەوە.

سەرۆکی ئەو لێژنەیەی لەکابینەی ڕابردوودا، بۆ لابردن و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهاتبوو، ئەوکات دووپاتی لەوە کردببووەوە، کە زۆرینەی پاڵاوگەکان خۆیان دایانخستووە. ئەوە ڕاستییەکی گرنگ بوو، بەڵام نەک ئەوەی پاڵاوگەکان بەهۆی بڕیاری داخستنیانەوە کارەکانیان ڕاگرت بێت، بەڵکو بەهۆی دەستنەکەوتنی نەوتی خاوەوە، هەر لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ژمارەیەکیان هیچ بەرهەم و کارێکیان نەبوو، لەو ڕێککەوتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆتایی بە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی خاو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێنا و تەواوی ئەو نەوتەی بەرهەم دەهات، هەناردەی دەرەوە دەکرا، بەوەش زۆر لە پاڵاوگەکان چیتر نەوتی خاویان دەست نەکەوت و کارەکانیان بەسروشتی خۆی وەستا.

“ڕەنگە ژمارەیەک لە پاڵاوگە هەرە بچووک و ناکاریگەرەکان دابخرێن کە دەشێت هەندێک لەوانە هەر خۆیان کارەکانیان ڕاگرت بێت و وەها پیشان بدرێت، ئێستا داخراون، بەڵام داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئەستەمە، لەکاتێکدا بەشێکن لە پڕۆسەی ساخکردنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم”، سەرچاوەیەکی بەرپرس وای بە زێدپرێس گوت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...