ئابووریسیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئەنجوومەنی هەماهەنگی عێراق و سعوودییە

بەرایی

هێرشی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوێت، لە ساڵی ١٩٩٠، بووە هۆی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودییە، نەمانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، نەبووە هۆکارێک بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە؛ هۆکاری سەرەکیش، کەوتنە ژێر ڕکێفی حکوومەتە نوێیەکەی عێراق بوو بۆ ژێر هەژموونی کۆماری ئسیلامی ئێران، واتە ڕکابەرە سەرسەختەکەی سعوودییەی سووننە مەزهەب لە ناوچەکە.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ساڵی ٢٠١٥، عێراق و سعوودییە دووبارە دەستیان بە دامەزراندنی پەیوەندی دوولایەنەیان کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سعوودییە، سەردانی عێراقی کرد؛ هۆکاری سەرەکی سەردانەکە پاراستنی سەقامگیریی عێراق بوو، چونکە داعش لە عێراق سەریهەڵدابوو؛ مەترسییەکی جیددی بوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئالی سعوود. ئەم پەیوەندییە دوولایەنە پەرەی سەند تا لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانەتی حەیدەر عەبادی، لە ساڵی ٢٠١٧، لە دیدارێکی نێوان عەبادی و مەلیک سەلمان، بە فەرمی ئەم ئەنجوومەنە دامەزرا، واتە دوای نەمانی داعش یادداشتنامەیەکی لیکتێگەیشتنی دوو لایەنە بۆ ڕێککەوتنێک لەپێناو دامەزراندنی ئەنجوومەنی هەماهەنگی نێوان سعوودییە و عێراق واژۆکرا، کە لەسەردەمی مستەفا کازمی چووە واری جێبەجێکردن و تا ئیستا پێنج خولی دانیشتن لە نێوان شاندی هەر دوو لایەن بەڕێوەچووە و خولەکانیش ساڵانە دووبارە دەبنەوە.

لە دیداری نێوان پاشای سعوودییە و سەرۆکوەزیرانی عێراق (٢٠١٧) و لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ڕێکس تیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەبوو، ئەمەش بە واتای هەوڵدانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە دێت. مەبەستی سەرەکی ئەمریکا لە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق و سنوردارکردنی دەسەڵاتی میلیشیکانی سەر بە تاران بوو لە عێراق. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگی ئەنجوومەنەکە.

 

ئەنجوومەنی هەماهەنگی

یەک ساڵ دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەنجوومەنی هەماهەنگی نێوان عێراق و سعوودییە، لە ساڵی ٢٠١٨، لە کوێت کۆنفرانسی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراقی دوای داعش بەسترا. لە کۆنفرانسەکەدا سعوودییە ڕایگەیاند کە بە بڕی ١.٥ ملیار دۆلار هاوکاری عێراق دەکات، دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ لە دانیشتنی کۆمکاری عەرەبی، هەر یەک لە کوێت و عەرەبستان بڕیاریاندا کە لەو ٧٠ ملیار دۆلار قەرزەی ئەم دوو وڵاتە لەسەر عێراق، خۆشدەبن. ئەمە دەستکەوتێکی سەرەکی بوو بۆ عێراق و ڕێگە خۆشکەربوو بۆ بەرفرەوانکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ڕیاز و بەغدا. بەغدا باشترین ئامرازی چالاککردنی ئەم پەیوەندییانەی لە میانەی بەهێزکردنی ئەنجووومەنی هەماهەنگی دەبینی؛ هەر بۆیەش مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە، هەماهەنگی و هاوکاریی دوو لایەنە بووە لە بوارەکانی سیاسیی، ئاسایشی و ئابووری؛ دواتر بوارەکانی وەک بازرگانی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، سەرمایەگوزاریی، کەلتوور، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و کەرتی وزە بەم بوارانە زیادکرا.

 

ئامانجی عێراق لە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە

عێراقی دوای ٢٠٠٣ بە تەواوەتی کەوتە ژێر هەژموونی ئێران، ئەمە کێشەی بۆ بەغدا دروستکردبوو، بەغدا نە دەیتوانی بە تەواوەتی واز لە ئێران بهێنێت، نە حکوومەتەکەی بەغدا دەیتوانی بەردەوامی بەم جۆرە پەیوەندییەی نێوان تاران و بەغدا بدات. بۆیە لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی دەرفەتێک ڕەخسا بۆ بەرفرەوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بەتایبەتیش وڵاتانی هاریکاری کەنداوی عەرەبی/فارسی. یەکەم وڵات بۆ ئەم مەبەستە عەرەبستان بوو. عەرەبستان نزیکەی ٨٤٠ کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و زلهێزێکی سیاسی و ئابووری ناوچەکەیە و لە ڕووی داهاتەوە بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت، کە ئەندامە لە (G20) و چەندین ڕێکخراوی تری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

 

کەرتی کارەبای عێراق، یەکەم هەنگاو بۆ دەرچوون لە ژێر هەژموونی ئێران

حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، وەک باس دەکەن، بە هۆی ناتوانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەتایبەتیش کارەبا، ناچاربوو دەست لەکار بکێشێتەوە و هەڵوەشێنرێتەوە. کارەبا گرفتی سەرەکی عێراقە. بەپێی داتای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، ساڵانە عێراق نۆ تراوات کاتژمێر هاوردەکردنی کارەبای هەیە، بە واتایەکی تر، توانایی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق (٩-) تراواتە، کەواتە عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی کارەبایە. بەپێی لۆژیکی سیاسیی هێزە شیعەکانی عێراق (نەک لۆژیکی دارایی و ئابووری) باشترین دەوڵەت بۆ عێراق کە بتوانێت ئەم کارەبایە هاوردە بکات ئێرانە، هەر بۆیەش ئێران بووە بە وێستگەی سەرەکی دابینکردنی کارەبای عێراق. ئەویش بە شێوەی هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق! چونکە سەرووی ٨٠٪ی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق، لە ڕێگەی بەکارهێنانی گازە. کێشەی سەرەکی عێراق ئەوەیە کە خودی خۆی خاوەنی گازە، بەڵام بە هۆکاری سیاسیی ئەم گازە بە هەدەردەرێت و لە ئێران گاز دەکڕدرێت. تەنانەت ڕێگە نادرێت گازی کۆرمۆر وەبەرهێنانی لەسەر بکرێت بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کەرتی کارەبای عێراق. هەر بۆیەش جارناجار لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ڕێگەی درۆن و هاژەک هێرش دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە.

بەگوێرەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵاتەکە، عێراق ڕۆژانە ١٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی خۆی دەسووتێنێت، لە بەرانبەردا هەزار ملیۆن پێ سێجا گاز لە ئێران هاوردە دەکات. سووتاندنی گازەکە (٤-٥) ملیار دۆلار و هاوردەکردنیشی نزیکەی (٤) ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەکەوێت، ئەوە دانپێدانانی سوودانییە لە ئەیلوولی ٢٠٢٣دا. لەلایەکی ترەوە، گواستنەوەی پارەی کڕینی گاز بۆ ئێران سەختە، بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی بانکی ئێران. بۆیەش عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا پەنای بردە بەر سعوودییە بە چەندین هۆکار:

 

یەکەم، عەرەبستان کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، نەک گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دابین بکات.

 

دووەم، دابینکردنی ئەم کارەبایە کە ٨٠٠ مێگاواتە (بەسڕە ٥٠٠ مێگاوات و سەماوە ٣٠٠ مێگاوات)، زۆربەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم دێت. هەروەها، لە خولی پێنجەمی دانیشتنی شاندی هەر دوو دەوڵەت لە جەدە، ساڵی ٢٠٢٣، بڕیاردرا ئەم برە بۆ ١٠٠٠ مێگاوات بەرزبکرێتەوە.

 

سێیەم، عەرەبستان ئەندامە لە وڵاتانی هاریکاری کەنداو، کەرتی کارەبای ئەم وڵاتانە پێکەوە گرێدراوە، کەواتە هاوردەکردنی کارەبا لە عەرەبستان بە ناڕاستەوخۆ، کەرتی کارەبای عێراق بەم وڵاتانەوە گرێدەدات، هەر بۆیە کوێتیش ئامادەگی نیشاندا بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق.

 

چوارەم، تێچووی هاوردەکردنی کارەبا لە سعوودییە بۆ هەر کیلۆواتێک دوو سەنتە، کەچی ئەگەر لە ئێرانی بکڕێت نۆ سەنتە. کەواتە لە ڕووی لۆژیکی داراییەوە بۆ عێراق هاوردەکردنی کارەبا لە سعوودییە بە سوودترە.

 

هەم عێراق دەیویست تاڕادەیەک لە ژێر هەژموونی کارەبای ئێران دەربچێت کە خودی ئێران لە وەرزی گەرما پێویستی بە کارەبایە، هەمیش گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق زیادیکردبوو، کە بە دوای جێگرەوە بگەڕێت، ئەگەرچی ئیدارەی ئەمریکا ڕێگەی دەدا عێراق کارەبا/گاز لە ئێران هاوردە بکات و ئەم کەرتە وەبەر سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا نەکەوێت.

 

کەرتی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار

گرنگترین دەروازی سنوری/بازرگانی نێوان عەرەبستان و عێراق بریتییە لە دەروازی ”عەرعەر” یاخود ”عەرعەر ئەلجەدیدە”، کە ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن عەرەبستانەوە ئەم دەروازەیە داخرا. گرنگی ئەم دەروازەیە نەک تەنیا لە ڕووی بازرگانییەوە دێت، بەڵکوو خاڵێکی گرنگی وشکانییە بۆ چوونی حاجییەکان بەرەو مەککە. لە ساڵی ٢٠٢٠، عەرەبستان بڕیاریدا سەرلەنوێ ئەم دەروازەیە بکاتەوە.

عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودییە، لە ساڵی ٢٠٢٢ و لە ڕێگەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی عێراقی-سعوودی، یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و سامانی ماسی واژۆ کرد بۆ چۆنییەتی پەرەدان بەم کەرتانە و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون لە عێراق و ئاسایشی خۆراک.

ئەنجوومەنی هەماهەنگی بەتایبەتیش لەلایەن عێراقەوە هەوڵەکانی پەرەیسەند؛ ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠٢٣، هەر دوو لایەن بە ڕێککەوتنێک گەیشتن تا عەرەبستان بە بڕی یەک ملیار دۆلار سەنتەرێکی بازرگانی لە بەغدا بە ناوی ”شەقامی بەغدا” لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بکاتەوە، کە مۆڵ، ٤٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون، ٢٥٠٠ ڤێلا و نووسینگەی کڕین و فرۆشتن لەخۆ بگرێت، ئەوە، لە سەر ئاستی عێراق بە گەورەترین ناوەندی بازرگانی هەژماردەکرێت.

ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە تا ساڵی ٢٠١٧، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سعوودییە و عێراق لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دەربازی نەکردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە سەرووی ١.٥ ملیار دۆلار و لە پێنجەمین خولی دانیشتنی ئەم ئەنجوومەنە بڕیاردرا ئەم قەبارەیە بۆ ساڵانی داهاتوو ٥٠٪ زیاتر بکرێت.

 

هەرێمی کوردستان چی بکات؟

یەکەم: سعوودییە، وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە کە هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایە، ئەندامێکی کارای ئۆپێک، ئۆپێک پڵاس، کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوە. عێراق بە دوای سیاسەتی ”فرەجۆرکردنی پەیوەندییەکان” دەگەڕێت. باشترە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی نوێنەری لەم شاندەدا هەبێت. بۆیە گرنگە بە بەردەوامی وەزارەتێک لە بەغدا وەربگرێت کە ئەندامی شاندی عێراقن لەو ئەنجوومەنە.

دووەم: کردنەوەی نووسینگەیەکی هاوشێوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودییە.

سێیەم: داواکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەر جۆرە سەرمایەگوزاری و پڕۆژەیەکی گەشەسەندن لە چوارچێوەی چەمکی ”گەشەسەندنی هەرێمەکان” کە لە بودجە و دەستووری عێراق ئاماژە پێدراوە.

پێنجەم: بەرفرەوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودییە بەتایبەتیش لە بواری کشتوکاڵ و خۆراک.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button