مەسرور بارزانی: لەم چەند ڕۆژەدا مووچە دابەش دەکرێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی لە میانەی گوتارێک کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شارۆچکەی ئامێدی پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە لەم چەند ڕۆژەدا مووچە دابەش دەکرێت.
ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی ١٢٠ ملیار دیناریان وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە گەنجینەی فیدڕاڵی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: “ناحەزیان دەیانەوێ بە کێشەی مووچە سەرقاڵمان بکەن. مووچە مافێکی ئاساییە؛ کەس خێرمان پێ ناکات و منەتێک نییە بەسەرماندا بکەن”.
گوتیشی: “دەبێت مەمنون بن ئێمە بە فیدڕاڵیەت لە عێراق ڕازی بین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: “زۆر دژایەتی “هەژماری من” کرا، ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان پێی هەڵدەکێشن، دوێنێ ڕێگر بوون لەوەی هەندێک پڕۆژە سەرکەوتوو بن”.



