هه‌واڵ

دژەتیرۆری کوردستان: فڕۆکەخانەی هەریر چۆڵکراوە

زێدپرێس

 

دژەتیرۆری کوردستان/پارتی، هێرشێکی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێ، پێشتر فڕۆکەخانەکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە چۆڵکراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دژەتیرۆری کوردستان/پارتی، ڕاگەیاند، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە لە کاتژمێر ٧:١٥ خوولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجامدراوە و بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە.

ڕوونی دەکاتەوە، فڕۆکەخانەکە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکاردەهات، بەڵام لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە چۆڵکراوە.

ڕاگەیاندنی چۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەکاتێکدا دێت، کە هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، دژەتیرۆری کوردستان، لەبارەی ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەکە، ڕایگەیاندبوو، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر “بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر”.

بەو شێوەیە، ڕاگەیەندراوەکەی ئێستا، لەبارەی نەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەکە، پێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکەی پێشووترە(پێش ٨ کاتژمێر)، کە فڕۆکەخانەکەی وەک بنکەی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ڕاگەیاندووە.

فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێرە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...