
دەنگۆکە، کە بەفرەوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، پشتی بە لێدوانێکی ساختەکراوی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەستووە، کە گوایە گوتوویەتی: مشک ٦٢ ترلیۆن دیناری لە بانکی ناوەندی عێراق خواردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، زانیارییەکە ڕاست نییە و سوودانی هیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی نەداوە. بەڵام، ئەو بەشەی دیکەی زانیارییەکان کە جەخت لە لەناوچوونی بڕی حەوت ملیار دینار بەهۆی دزەکردنی ئاوی بارانەوە دەکەن لە یەکێک لە بانکە حکوومییەکانی عێراق، ڕاستە. هەرچەند ڕووداوەکە هیی ئێستا نییە و بۆ ساڵی ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە.
بابەتەکە، یەکەمجار لەلایەن لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق وروژێندرا. بەها ئەعرەجی سەرۆکی ئەوکاتی لیژنەکە، ئەو دۆسیەیەی کردەوە و ڕایگەیاند کە بڕێکی زۆر پارە لە بانکی ڕافیدەین بەهۆی کەمتەرخەمییەوە لەناوچووە. وێنەی پارە تێکچووەکان کە بە شێوەی “بلۆکی گەورە” بە یەکەوە نووسابوون و ڕەنگیان گۆڕابوو، لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە و شۆکێکی گەورەی دروست کرد.
بابەتی لەناوچوونی حەوت ملیار دینارەکە، گومانێکی زۆری دروستکرد، کە ڕەنگە سیناریۆیەک بێت بۆ شاردنەوەی دزییەکی گەورە. واتە ڕەنگە پارەکە دزرابێت و دواتر بڕێکی کەم پارەی کۆن و بەسەرچوو خرا بێتە ژێرزەمینەکە و سیناریۆی ئاوی باران بۆ داپۆشینی تاوانەکە دروست کرابێت.
هەندێک لایەن ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕەنگە ئەو پارانە لە بنەڕەتدا پارەی کۆن و تێکچوو بووبن کە دەبوو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لەناوببردرێن، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمییەوە لەوێ فەرامۆش کرابوون.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا کرد. لە ئەنجامدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوکاتی بانکی ڕافیدەین و چەند کارمەندێکی دیکە بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کران. دواجار، دادگا بڕیاری بەندکردنی بۆ بەڕێوەبەری ئەو لقەی بانکەکە دەرکرد بە تۆمەتی “کەمتەرخەمیی گەورە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی سامانی گشتی.”
لە ساڵی ٢٠١٨دا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق بانگەشەی ئەوەیان کرد، پارەکە ١٢ ملیار دیناری عێراق بووە نەک حەوت ملیار دینار، بەڵام هیچ بەڵگەیەک پاڵپشتی ئەو قسەیەی نەکرد. دواتر عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە دانیشتنێکی پەرلەماندا، پێداگیری کردەوە، کە بڕی حەوت ملیار دینار لە ئەنجامی دزەکردنی ئاوی بارانەوە بە تەواوەتی زیانی بەرکەوتووە، ئەویش لە ژێرزەمینێکی بانکی ڕافیدەیندا.
سەرەڕای سزادانی چەند کەسێک، هێشتا گومانەکان لەسەر ڕاستیی چیرۆکەکە وەک خۆیان ماونەتەوە و زۆر کەس بڕوایان بەوە نییە کە تەنها کەمتەرخەمی بووبێت.
لە کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، کە دووبارە عەلاق بە پارێزگاری بانکی ناوەندی دەستنیشانکرایەوە، نیگەرانی دروست لە شەقامی عێراقیدا دروستکرد، بەهۆی “شکستی دارایی” لە ساڵانی پێشتردا، لەناویاندا دابەزینی بەهای دینار لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی و هەروەها دۆسیەی ئەو حەوت ملیار دینارەی کە گوایە بەهۆی دزەکردنی ئاوی بارانەوە زیانی بەرکەوتووە.



