هه‌واڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران جێبەجێ نەکراوە

زێدپرێس

 

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئاسایش و سەقامگیری سنورەکان بۆ ئێران هێڵی سورە و هیچ نەرمییەکی لەسەر نانوێنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەندێک ڕوونکردنەوەی لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دا.

کەنعانی ڕوونیکردەوە، بڕیاربوو لە ماوەی شەش مانگ حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە “بوونی هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئێران لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن و بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە، بۆ ئەو شوێنانەی کە لە نێوان عێراق و ئێران ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، بەجۆرێک کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لەوڕووەوە بڕەوێنرێتەوە”.

زیاتر گوتی “ئەم بابەتە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و ئەو وادەیەی کە بۆی دیاریکرابوو کۆتایی هات، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە، بەشێک لە ڕێککەوتنەکە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، “لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دانرابوو، لێژنەیەک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ زانینی ئەوەی تا چ ڕادەیەک ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە”.

زیاتر دەڵێ، “لێژنەکە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە، کە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ وردەکارییەکانی بکەین. ئەوەی بۆ ئێمە ڕوونە ئەوەیە، کە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە و بەشێکی جێبەجێ نەکراوە و دەبێت بەوردی هەڵسەنگان بۆ ڕاپۆرتەکە بکرێت و وردەکارییەکانی بۆ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەرز بکرێتەوە”.

وەک کەنعانی ئاماژەی دا، “لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەسەر هێڵین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و لە دیدارەکانی بەرپرسانی عێراقی و ئێرانی لە دانوستانە دووقۆڵییەکاندا و هەروەها لە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قسەمان کردووە و هەردوولایان ڕایانگەیاندووە، کە ئێمە خۆمان بە بەرپرس دەزانین بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران”.

ئاشکرایشی کرد “بەرپرسانی عێراق ڕاپۆرتێکیان بە ئێمەیان داوە و تیایدا باسیان لەوە کردووە، کە بەشی زۆری بارەگاکانی ئەو هێزانە چۆڵکراون و بۆ قوڵایی خاکی عێراق گواستراونەتەوە، تەنانەت چەکەکانیان لێوەرگیراوە و لە سنورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوورخراونەتەوە، تەنانەت ڕایانگەیاندووە، بەشێکی زۆر لە ناوەندەکانیان لەناوبردران و بەشەکەی دیکەیش لەناودەبردرێن”.

کەنعانی پێداگیری کرد، “ئەمە بابەتێکی گرنگە، کە ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەسەر هێڵین و بەرەو تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنە هەنگاو دەنێین و هەروەک ڕامانگەیاندووە، ئاسایش و سەقامگیری سنورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێڵی سورە و هیچ نەرمییەکی لەسەر نانوێنین”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...