ئابووری
ئاراستەکان

ئەو بەرپرسانەی تاوانی گەندەڵیان بەسەردا ساخبووەوە لە سزا بەخشران

زێدپرێس

 

٢٣ بەرپرسی پلەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، تاوانی گەندەڵیان بەسەردا ساخبووەتەوە، بەڵام لەلایەن دادگاکانەوە لە سزادان بەخشراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ١٤٨ تاوانبار لە هەرێمی کوردستاندا تاوانی گەندەڵییان بەسەر ساخبووەتەوە و لەلایەن دادگاکانەوە بڕیاری سزاییان بۆ دەرکراوە. لەناو ئەو تاوانبارانەدا، ٢٣ بەرپرسی پلەتایبەت هەن، بەڵام هەر ٢٣ تاوانبارەکە، لەلایەن دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێکردنی بڕیاری سزادانیان ڕاگیراوە.

د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەک “تێبینی”یەکی دەستەی دەستپاکی، پێداگیری لەسەر ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری سزادانی ئەو ٢٣ پلەتایبەتە کردەوە و ڕوونیکردەوە، بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بەو جۆرەیە، کە ئەگەر تا سێ ساڵ لە دوای بڕیاری سزاکەوە، هیچ تاوانێکی گەندەڵی نەکەن، بڕیارەکەی پێشوویش ناچێتە ناو دۆسیەی کەسییانەوە.

بەو شێوەیە، هەموو ئەو پلە تایبەتانەی وەک وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەکانی دیکە کە لە تاوانی گەندەڵی تێوەگلان و تاوانەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە، ئەگەر لە ماوەی سێ ساڵی دوای دەرکردنی بڕیاری سزادانەکەیان، بە هیچ دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی تاوانبار نەکرێنەوە، وەک ئەوەیە لە بنەڕەتدا هیچ تاوانێکی گەندەڵییان ئەنجام نەدابێت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی، لەماوەی چوار تا پێنج ساڵی ڕابردوودا، ٩٨٧ دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان کراون و لەماوەی ئەمساڵیشدا ٢٣٠ دۆسیەی گەندەڵی بۆ دادگاکان بەرزکراونەتەوە. لە هەمانکاتدا هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

بەگوێرەی داتایەکی دەستەی دەستپاکی، لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٣، ٣٦٧ دۆسیەی گەندەڵی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان یەکلاکراونەتەوە؛ لەناویاندا ١٨٩ تۆمەتبار ئازادکراون و ١٧٨ تۆمەتباری دیکە لەلایەن دادگاکانەوە تاوانی گەندەڵییان بەسەردا ساخبووەتەوە و سزادراون.

داتاکانی لە دەستەی دەستپاکییەوە دەست زێدپرێس کەوتوون، پیشانی دەدەن، هەر لەماوەی ئەمساڵدا، ٧٨ تاوانبار بە تاوانی گەندەڵی سزادراون، لەناویاندا وەزیرێکی پێشوو، بریکار وەزیرێکی پێشوو، چوار بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆک زانکۆیەک و دوو سەرۆک شارەوانی هەن.

زۆرینەی تاوانبارەکانی دیکەی دۆسیەکانی گەندەڵی، لە هاووڵاتی، کاسب، فەرمانبەر، کارمەندی کۆمپانیا، فەرمانبەری وربین و ژمێریار، پارێزەر، خاوەن کۆمپانیا، ئەفسەری پۆلیس و بەڕێوەبەر پێکهاتوون.

وەک لە داتاکاندا ڕوون دەبێتەوە، زۆرینەی ڕەهای ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستاندا بە تاوانی گەندەڵی سزادراون، لە فەرمانبەر و کارمەندی ئاسایی یان پلەنزم پێکدێ. ئەو پلەتایبەتانەیش کە لەلایەن دادگاکانەوە بە تاوانی گەندەڵی بڕیاری سزاییان بۆ دەرکراوە، دواجار هەر لەلایەن هەمان داداگاکانەوە، بە دەرکردنی بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزا، لە سزادان بەخشراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...