ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

سزای سەرپێچی کارەبا بە سەرووی دوو ملیار و ٧٠٧ ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت

زێدپرێس

 

لەساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار سەرپێچی بۆ سەر پێوەری زیرەک و تۆڕەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە و بڕی زیاتر لە ٧٠٥ ملیۆن دیناریش سزای سەرپێچی دراوە، بەڵام سزای سەرپێچی بەگشتی بە زیاتر لە دوو ملیار و ٧٠٧ ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٣دا، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ١٠ هەزار و ٢٧ سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک و تۆڕەکانی کارەبا تۆمار کراون.

 

سەرپێچییەکانی سەر پێوەری زیرەک

لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و ١٤٢ سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک تۆمار کراوە. زۆرترینی سەرپێچییەکان لەسەر پێوەری زیرەک لە پارێزگای سلێمانی بوون کە دوو هەزار و ٩٩٥ سەرپێچی بووە. بەدواییدا لە پارێزگای دهۆک کە ٧٣٨ سەرپێچی و لە پلەی سێیەمیشدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە ٦٤٣ سەرپێچی بۆ سەر پێوەری زیرەک تیایدا تۆمار کراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هەبوونی ٥٢٦ سەرپێچی و گەرمیان بە ٢٠٠ سەرپێچی پلەی چوارەم و پێنجەمیان لە ژمارەکانی سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەکی کارەبا وەرگرتووە.

لە پارێزگای هەڵبجە ٣٠ سەرپێجی و لە هەولێر تەنیا ١٠ سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک تۆمار کراوە. بەڵام لە ڕاپەڕین هیچ سەرپێچییەک لەسەر پێوەری زیرەک نەبووە.

بەشێوەیەکی ئاسایی، هەبوونی پێوەری زیرەک لە شارەکاندا و ڕێژەی پێوەری زیرەک لەهەریەک لەو شارانەدا، کار دەکاتە سەر ژمارەکانی سەرپێچی لەوڕووەوە.

 

سەرپێچییە ئاساییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا

داتاکانی وەزارەتی کارەبا پیشانی دەدەن، هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، چوار هەزار و ٨٨٥ سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا تۆمار کراون. پارێزگای هەولێر بە تۆمارکردنی هەزار و ٩٩٩ سەرپێچی ئاسایی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بە پلەی یەکەم دێت، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە ٩٠٢ سەرپێچی و پارێزگای سلێمانی بە ٨٥٤ سەرپێچی لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.

پارێزگای دهۆک بە ژمارەیەکی کەمتر کە ٧٣٩ سەرپێچییە لە پلەی چوارەم دێت، بەدوایدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٢٥٦ سەرپێچی تێدا تۆمار کراوە.

کەمترین ژمارەی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لە هەڵەبجە ٨٣ سەرپێچی، سۆران ٣٣ سەرپێچی و گەرمیان ١٩ سەرپێچی تێدا تۆمار کراوە.

ڕەچاوکردنی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەریەک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەرچاوڕوونییەکی زیاتر دەدات لەسەر ڕێژەی سەرپێچی تیایاندا، لەکاتێکدا داتاکەی وەزارەتی کارەبا لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی سنوری کارگێڕی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە کراوە، نەک ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەریەک لەو سنورانەدا، کە ڕاستییەکە ڕەچاوکردنی پێوەری دووەمیانە، واتە ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بەپێی سنورە کارگێڕییەکان.

 

سزادانی سەرپێچێکارانی کارەبا

هەرچەند زیاتر لە ١٠ هەزار سەرپێچی لەسەر تۆڕی کارەبا و پێوەری زیرەک تۆمار کراوە، بەڵام تەنیا هەشت هەزار و ٦١٢ دۆسیەی سزادان هەبووە.

پارێزگای سلێمانی بە هەبوونی سێ هەزار و ٤٢٥ حاڵەتی سزادان پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندی ژمارەی سزادان بەهۆی سەرپێچی کارەبا وەرگرتووە. پاشان پارێزگای دهۆک بە هەزار و ٤٧٧ ژمارەی سزادان و پارێزگای هەولێر بە هەزار و ٣٣٥ سزادان پلەی دووەم و سێیەمیان لە ڕیزبەندییەکەدا وەرگرتووە. کەمترین سزادانیش لە پارێزگای هەڵەبجەدا تۆمارکراوە کە تەنیا ١١٣ حاڵەتی سزادان هەبووە.

لەسەر ئاستی ئیدارە سەربەخۆکاندا، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە ٩٠٢ حاڵەتی سزادان پلەی یەکەمی وەرگرتووە، بەدواییدا ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە ٧٨٣ حاڵەتی سزادانی بەهۆی سەرپێچی کارەباوە تێدا تۆمار کراوە. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٤٨٨ حاڵەت و لە گەرمیان تەنیا ٨٩ سزادان هەبووە.

 

بڕی سزا و بڕی خەمڵێندراوی سزا

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی سزای داسەپێندراوی سەرپێچی کارەبا زۆر کەمترە لە بڕی خەمڵێندراوی سزای دارایی بۆ سەر سەرپێچیکارانی کارەبا، ئەوەش هاوشێوەیە لەگەڵ جیاوازی لە ژمارەی سەرپێچییە تۆمارکراوەکان و ژمارەی ئەو سەرپێچیکارانەی سزا دراون.

هەرچەند بڕی سزای داسەپێندراو لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، تەنیا ٧٠٥ ملیۆن دینار بووە، بەڵام بڕی خەمڵێندراوی سزای سەرپێچییەکان زیاترە لە دوو ملیار و ٧٠٧ ملیۆن دینار. جیاوازییەکە بەڕادەی دوو ملیار دینارە، کە ژمارەیەکی خەیاڵییە.

 

 

بڕی سزای دارایی سەرپێچیکارانی کارەبا

کۆی گشتی سزای سەرپێچی لە هەرێمی کوردستاندا، ٧٠٥ ملیۆن و ٧٢٥ هەزار و ٥٠ دینار بووە.

زۆرترین بڕی سزاکە بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە، کە ٢٢٥ ملیۆن و ٥٢٥ هەزار دینار بووە. پارێزگای دهۆک بە ١٣٥ ملیۆن و ٤٨٠ هەزار دینار لە پلەی دووەمدا و پارێزگای هەولێر بە ١٠٣ ملیۆن و ١٤١ هەزار دینار لە پلەی سێیەم دێت. هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیە، بە هەشت ملیۆن و ٧٥٩ هەزار دینار پلەی چوارەمی لەسەر ئاستی پارێزگاکان وەرگرتووە.

لەسەر ئاستی ئیدارە سەربەخۆکانیشدا سۆران لە پلەی یەکەم دێت لەڕووی سزای داراییەوە، کە ٩٥ ملیۆن و ٤٢١ هەزار و ٥٠ دینار بووە، لە پلەی دووەمدا ئیدارەی ڕاپەڕین ٧٢ ملیۆن و ٦٧٩ هەزار دینار، پاشان ئیدارەی زاخۆ بە ٦٣ ملیۆن و ١٦٠ هەزار دینار و گەرمیان بە یەک ملیۆن و ٥٦٠ هەزار دینار لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن لەڕووی بڕی سزای دارایی بەهۆی سەرپێچی کارەباوە.

 

بڕی خەمڵێندراوی سزای سەرپێچی کارەبا

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا بڕی خەمڵێندراوی سزای سەرپێچی یەکجار لە بڕی سزای سەپێندراو زیاترە. ژمارەی خەمڵێندراو گەیشتووەتە دوو ملیار و ٧٠٧ ملیۆن و ٢٦٨ هەزار و ٩٧٣ دینار.

لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، هەولێر لە پلەی یەکەم دێت بە یەک ملیار و ١٤٧ ملیۆن و ٨٧٢ هەزار و ٥٦٣ دینار، لە پلەی دووەمدا پارێزگای سلێمانی بە ٧٨٠ ملیۆن و ٢٨٤ هەزار و ١٧٤ دینار و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای دهۆک بە ٣٤٣ ملیۆن و ٨١٨ هەزار و ٣٢٣ دینار دێت. لەکاتێکدا بڕی خەمڵێندراوی سزای کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا ٩٤٢ هەزار دینارە.

لەسەر ئاستی ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرترین بڕی خەمڵێندراوی سزای سەرپێچی کارەبا لە ئیدارەی زاخۆ تۆمار کراوە بە ٢٠٣ ملیۆن و ٨١٣ هەزار و ٧٥٠ دینار. لە پلەی دووەمدا ئیدارەی سۆران دێت بە ١١٣ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار و ٦١٨ دینار و هەروەها ئیدارەی ڕاپەڕین بە ١٠٦ ملیۆن و ٤٦٩ هەزار و ٥٤٥ دینار لە پلەی سێیەم و ئیدارەی گەرمیان بە ١٠ ملیۆن و ٦١٦ هەزار دینار لە پلەی چوارەم هاتووە.

 

ئەو دۆسیانەی دراونەتە دادگا

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، تەنیا حەوت دۆسیە لەسەر سەرپێچی کارەبا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا دراونەتە دادگا. لەو ژمارەیەشدا پێنج دۆسیە لە پارێزگای هەولێر و دوو دۆسیەکەی دیکە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button