دیمانه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

دیمانە لەگەڵ ئاشتی هەورامی: مافەکانی نەوت و گازی هەرێمەکان و پارێزگاکان

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

د. ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان لە کابینەی پێنجەم تا هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی باڵای نەک هەر لە پڕۆسەکانی نەوت و گازی کوردستان، دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، بەڕێوەبردنی کێڵگەکان و دواتر بەبازاڕخستنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵکوو کاریگەرییەکی بێوێنەیشی لە داڕشتنی ژێرخانی یاسایی نەوت و گازی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕێکخستنی جۆری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق هەیە.

وا دەردەکەوێت، پێشتر و بەگوێرەی دەستووری نوێی عێراق دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی، هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان ڕوونکرابنەوە، بەڵام دەستوور، وردکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی، بە یاسایەکی تایبەت سپاردووە، کە بەدرێژایی ١٨ ساڵی ڕابردوو، نەتوانراوە لە عێراق پەسند بکرێت.

لە نائامادەیی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، بۆشاییەکی یاسایی لە بوارەدا دروستبووە. ئەو بۆشاییە یاساییە خۆراک بە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت دەدات، هەرچەند لە واقیعدا، تەنیا کوردستان وەک هەرێمێک لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا بوونی هەیە و ناکۆکییەکانیش بەدرێژایی هەموو ساڵانی ڕابردوو لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بوون.

ئەم دیمانەیەی د. ئاشتی هەورامی، نزیکەی ١٨ ساڵ لەمەوبەر(لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٠٦) سازکراوە و لە بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە. وەڵام و ڕوونکردنەوەکانی وەزیرەکە، نوێنەرایەتی ڕوانگەی فەرمی حکوومەتی هەرێم دەکەن، پێوەست بە چۆنیەتی ڕاڤەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە دەستوورییەکانی گرێدراو بە نەوت و گاز و هەروەها دەسەڵاتە هاوبەشیپێکراوەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتە حەسرییەکان لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت و گازدا.

لێرەوە، بەهای دیمانەکە دەردەکەوێت، بەتایبەت بۆ ئێستا، کە گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و کوردستان لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەستی پێکردووەتەوە.

زێدپرێس

 

دەقی دیمانەکە:

 هەولێر، (krd.org) – بۆ ڕوونکردنەوەی پرسی هەمەجۆر، د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان لەسەر سامانەکانی نەوت و گاز، دەداتەوە.

 

چەند ڕاگەیەنراوێکی میدیایی بڵاوکراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، وتار و دیمانە بەستراون، کە تێیاندا داواکراوە ماددە دەستوورییە فیدراڵییەکانی تایبەت بە سامانەکانی نەوت و گاز چاکسازییان تێدا بکرێت. تیڕوانینی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەم کێشەیە چییە؟

د. ئاشتی هەورامی: ئەو داواکارییانە ناپێوەستن. زۆربەیان لە لایەن ئەوانە بەرزکراونەتەوە، کە تێڕوانینی دژە-فیدراڵییان هەن، هەروەها لە لایەن هاوسۆزانی ڕژێمی پێشوو پاڵپشتی دەکرێن. ئەو کەسانە وا دەردەکەون لەبیریان کردبێت دەستوور جێگەی خۆی قایم کردووە. لەڕێی ڕیفراندۆمێکی سەرانسەری وڵاتەوە ڕەزامەندی لەسەر دەربڕدراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق یەکەمین حکوومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراسییانەی خۆی پێکهێناوە.

قبووڵکراوە هەمووان گشت ماددەکانیان بەدڵ نەبێت، بەڵام ئەو ماددانەی دەستوور وەک یەکەی لەیەک دانەبڕاو لە لایەن هەمووانەوە ڕەزامەندی لەسەر دەربڕدراوە؛ نووسراوێکی تاکە. بۆیە، ناتوانرێت ماددەکان دەستکاری بکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕوانگە و خواستی چەند تاکێک یان حزبێکی دیاریکراو یەک بگرنەوە. مافەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان ڕوونن، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت دەستکاری بکرێن بۆ ئەوەی دامەزراوە فیدراڵییەکان بەهێزتر ببن.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە دووبارە دانوستان یان چاکسازیکردن لەو ماددانەی تایبەت بە نەوت و گاز دەکاتەوە؟

د. ئاشتی هەورامی: ئێستا دانوستانەکانی دەستوور تێپەڕیون، پێویستە لەگەڵ دەستوور ڕێبکەین و وەک یاسای ڕەهای ئەم ناوچەیە ڕێزی بگرین. ماددەکانی پێوەست بە نەوت و گاز بۆ هەموو وڵاتەکە گرنگن، بۆیە ئێستا پێویستە سەرنج بخەینە سەر بەردەستخستنی ڕێبەرە پێویستەکان بۆ پەرلەمانەکانی هەرێمەکان و فیدراڵی، هەروەها بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی ناو پارێزگاکان، بۆ دانانی ڕەشنووسی پێویستی یاساکانی نەوت و گاز. ئەمە دەبێت دوور لە چاوی گشتی ئەنجام بدرێت، بەبێ خۆتێهەڵقورتاندنی میوانە بێسوود و بانگهێشت نەکراوەکان و شرۆڤە میدیایییەکان.

 

ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان سەبارەت بە داڕشتنی یاساکانی نەوت و گاز، هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا؟

د. ئاشتی هەورامی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەڕێی بەرپرسە کوردەکانی حکوومەتی فیدراڵی، هەروەها کەمێک بەر لە دامەزراندنمان، د. حوسێن شەهرستانیم بینی، وەزیری فیدراڵی نەوت لە بەغدا، هەروەها ڕەزامەندبووین لەسەر هاوکاریکردنی تەواوی یەکتری لە بەرژەوەندی هەموو عێراق. هەرێمەکان و پارێزگاکان نوێنەرایەتی دەکرێن و لە ڕەشنووسی یاساکانی نەوت بەشدارییان دەبێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیازی وایە دەستپێشخەر، بنیادنەر و هاریکاریکەر بێت لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە.

 

چۆن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماددەکانی پێوەست بە نەوت و گاز لێک دەداتەوە؟

د. ئاشتی هەورامی: بە هەمان شێوەی هەموو ئەوانەی لێدوانیان لەسەریان داوە و ڕەخنەیان لێ گرتوون. ئەو ماددانە بۆ لایەنانی پەیوەندیدار ڕوونن، بۆیە ئێمە لێکدانەوەیەکی جیاوازیان بۆ ناکەین بە بەراورد بەوانەی ڕەخنەیان لێ دەگرن. تاکە جیاوازی ئەوەیە ئێمە بەدڵمانن و ئەوان نا.

 

دەتوانی زانیاری زیاتر لەسەر ماددەکانی نەوت و گاز بدەیت و ڕوونیان بکەیتەوە، بە تایبەت ڕۆڵی بەغدا، دابەشکردنی داهات، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنەکانی کێڵگەکان، هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ ئۆپێک و نەوتی هەناردەکراو؟

د. ئاشتی هەورامی: دوو ماددەی تایبەت و ماددەیەکی تەرخان بۆ دەسەڵاتە حەسرییەکان لە دەستووری فیدراڵی، پێوەست بە سامانەکانی نەوت و گاز، هەن.

لە ماددەی ١١١ هاتووە، “نەوت و گاز موڵکی گشت خەڵکی عێراقن، لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان.”

ئامانجی ئەو ماددەیە ڕوونکردنەوەی ئەوەیە ئەو سامانە سرووشتییانە موڵکی گشتین و ناتوانرێت بە کەرتی تایبەت بفرۆشرێن. ئەو دەقەشی لە کۆتایی ماددەکەدا هاتووە، جەخت لە مافەکانی خەڵکی هەرێمەکان و پارێزگاکان دەکاتەوە بەسەر ئەو سامانە سرووشتییانە، بەڵام مامەڵە لەگەڵ دابەشکردنی داهات ناکات، وەک ئەوەی بە جیا پێناسە کراوە لە ماددەی ١١٢.

ماددەی ١١٢ دوو بڕگەی جیاوازی هەیە. بڕگەی یەکەم مامەڵە لەگەڵ کێڵگە و هەرێمە بەرهەمهێنەکانی ئێستا دەکات:

“حکوومەتی فیدراڵی، بە هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و هەرێمە بەرهەمهێنەکان، پێویستە ئیدارەی نەوت و گازە دەرهێنراوەکان (بەرهەمهێنراو) لە کێڵگە کاراکانی ئێستای نەوت و گاز، بکەن، بە مەرجێک دەستکەوتەکان (داهاتەکان) بە یەکسانی دابەش بکرێن بەگوێرەی دابەشبوونی دێمۆگرافی لە تەواوی وڵاتەکە، هەروەها بڕێکی دیاریکراوی دەستکەوتەکان، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، پێویستە بۆ ئەو هەرێمانە تەرخان بکرێت، کە بە ناڕەوا لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە بێبەش کرابوون، ئەوەش کاریگەری بەسەریانەوە هەبووە، لە پێناو گەشەکردنێکی هاوسەنگانەی ناوچە جیاوازەکانی وڵات، ئەوەش پێویستە بە یاسا ڕێک بخرێت.”

ئەم بڕگەی ماددەی ١١٢ ڕوونی دەکاتەوە، ڕۆڵی حکوومەتە فیدراڵییەکان ڕۆڵێکی ئیدارییە، تەنیا لەئەستۆگرتنی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوت و گازی دەرهێنراوی کێڵگە کاراکانی ئێستا دەگرێتەوە. ئەوە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان سەرپشک ناکات لەوەی ڕۆڵێکی فرەوانتریان بەسەر ئۆپەراسیۆنەکاندا هەبێت؛ ئەگەر نا، وشەی ‘دەرهێنان’ (‘بەرهەمهێنان’)، لە دەقەکەدا بەکار نەدەهێنرا.

مافی مامەڵەکردن بە نەوت و گازی دەرهێنراو ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە دابەشکردنی داهات. بۆیە، ڕۆڵی ئیدارە فیدراڵییەکە بۆ پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت و گاز درێژ نابێتەوە، وەک هەڵکەندن، ئۆپەراسیۆنەکانی کێڵگەکان، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژانەی کێڵگەکانی نەوت و گاز. ئەوە نابێت کێشە بێت، چونکە ئەم کارانە ئێستا، وەک چۆن لەوەتەی هەیە، لە لایەن دانیشتوانی هەرێمەکان و پارێزگاکان بەڕێوە دەبردرێت.

هەرچەندە بەگوێرەی دەستوورە نوێیەکە، بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەکان، سەرپشکن لە ئیدارەدان و سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی دەرهێنانەکە، بە دەربڕینێکی دیکە، بەڕێوەبەرانی کێڵگە نەوتییە خۆجێییەکان لەژێر فرمانی بەرپرسە ناوخۆیییەکاندان. ئەوە پرسێکی گەورە نییە، ئێمە هەر چۆنێک بێت لە یەک عێراق دەژین.

هەروەها ڕوونیشە ئەو ڕۆڵە سنووردارەی بەردەستە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان وەستاوەتە سەر ڕێککەوتنی نێوان هەرێمەکان و پارێزگاکان  لەسەر: یەکەم، دابەشکردنێکی یەکسانانەی دەستکەوتەکان (داهات) لەسەر بنەمای دێمۆگرافی، دووەم، زیادەیەکی دیاریکراو لە داهات لەسەروو مافە دێمۆگرافییەکان، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ناوچە پشتگوێخراوەکان تەرخان بکرێت.

ئەوە واتای گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەسەر مەودایەک لە هاوکێشەی بەڕوونی پێناسەکراو و پشت بە یاسا بەستراو، بۆ ئەوەی بێمەرجییانە ڕێژەیەکی زیادەی داهات تەرخان بکرێت بۆ هەریەک لە هەرێم و پارێزگاکان بۆ ماوەیەک (دەبێت دیاری بکرێت) تاوەکوو هاوسەنگی دێتە بوون، هەروەها ڕێژەیەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دیاری بکرێت لەسەروو ماوە دیاریکراوەکەوە. بەدڵنیایییەوە، نابێت هیچ ناکۆکییەک هەبێت لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی باشوور، بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێخراون. بۆیە، ئەو ناوچانە پێشبینی وەرگرتن یان دانوستان لەسەر بڕە پارەیەکی زیادەی ڕەوا لە داهات دەکەن.

بڕگەی ٢ی ماددەی ١١٢ مامەڵە لەگەڵ بابەتی ڕێکارە ستراتیجییەکان دەکات و تێیدا هاتووە:

“حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان دەبێت ڕێکاری ستراتیجیی پێویست جێگیر بکەن (بهێننە کایەوە)، بۆ گەشەکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی نەوت و گاز، تاوەکوو زۆرترین سوود بۆ خەڵکی عێراق بەدەست بهێنن، لەڕێی گرتنەبەری مۆدێرنترین بنەماکان و تەکنیکەکانی بەبازاڕکردن، بۆ هاندانی وەبەرهێنان.”

ئەلێرە سەرنج لەسەر ڕێککەوتنێکە لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکان، بۆ هێنانە کایەی ڕێکاری ستراتیجی بۆ هەموو عێراق. ئەمە بە پلە یەک دەگەڕێتەوە بۆ ئامانج یان سنووری کورت-مەودا، ناوەند-مەودا، یان درێژ-مەودای بەرهەمهێنان، کە هەریەک لە هەرێم یان پارێزگاکان دەبێت پێی بگەن یان ڕێگەیان پێدراوە، هەروەها بەستنەوەی هەمووان بەو سنوورەی ئۆپێک، کە بۆ عێراق دانراوە.

هەر یاسایەکی پێوەست بە ماددەی ١١٢ پێویستە ڕەزامەندی هەرێمەکان و پارێزگاکانی لەسەر بێت. بۆیە، تاکە بەربەست لێرە دروست دەبێت، ئەگەر نەگەن بە هیچ ڕێککەوتنێک، لەم حاڵەتەشدا، هەرێمەکان و پارێزگاکان سەرپشکن لەسەر دانانی یاسای تایبەت بە خۆیان. ئەم یاسایانە بەسەر یاسا فیدراڵییەکان پێشدەخرێن لەڕێی پشتبەستن بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ماددەی ١١٥، کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە. لە کاتێکدا ئەوە تەنیا کاتێک ڕوودەدات ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان ناڕەوایانە مامەڵە بکات، دەبێت گەشبین ببین و بیر لە ڕوودانی ئەوە نەکەینەوە.

 

ئایا ماددەی ١١٥ تایبەتە بە نەوت و گاز، هەروەها چۆن کار دەکات؟

د. ئاشتی هەورامی: ئەوەیان ماددەیەکی باڵاترە، کە بەسەر سامانەکانی نەوت و گاز، هەروەها گشت مافە هاوبەشیپێکراوەکانی دیکەی هەرێمەکان و پارێزگاکان دەسەپێت بەگوێرەی دەستوور. لە ماددەی ١١٥ هاتووە:

“هەر مافێک کە لەژێر دەسەڵاتە حەسرییەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان ئاماژەی پێ نەدرابێت، دێتە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان، هەروەها سەبارەت بە گشت دەسەڵاتە هاوبەشیپێکراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان و پارێزگاکان، پێشخەری دەبێت بدرێت بە یاساکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە ئەگەری ناکۆکی لە نێوانیاندا.”

ئەو ماددەیە دان بە باڵایی یاسا هەرێمییەکان بەسەر یاسا فیدراڵییەکان دەنێت، هەروەها دەکرێت کاری پێ بکرێت ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێک بە ئەنجام نەگەیشت لەسەر بەڕێوەبەرایەتی سامانەکانی نەوت و گاز، لەگەڵ دابەشکردنی دەستکەوتەکان لەژێر ماددەکانی ١١١ و ١١٢. هەرچەندە ئەوە تەنیا کاتێک ڕوودەدات، ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان ناڕەوایانە مامەڵە بکات، کە ئەگەری کەمە. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا هەرێمەکان و پارێزگاکان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر تەواوی کێڵگەکان دەبێت، هەردوو کۆن و نوێکان، لەگەڵ بەشێک لە نەوت و گازی هەناردەکراویش، هەروەها کۆکردنەوەی داهات و دابەشکردنی.

 

کێ دەسەڵاتی بەسەر دەزگاکانی ژێرخان، چالاکییە پاشکۆکان، گەڕان و هەناردەکردنی پێوەست، هەروەها داهاتی کێڵگە نوێکان هەیە؟

د. ئاشتی هەورامی: ماددەکان لەسەر زۆر ڕەهەندی پیشەسازیی نەوت و گاز بێدەنگن. هەرچەندە، هەر شتێک لەژێر دەسەڵاتە فیدراڵییەکان یان هاوبەشەکان ئاماژەی پێ نەدرابێت، بەتەواوی دێتە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان. بۆ نموونە وەک ئەوەی لە لایەن زۆر کەس تێبینی کراوە، سەبارەت بە سامانەکانی نەوت و گاز، لە هیچ شوێنێک باسی ئەمانەی خوارەوە نەهاتووە، بۆیە دەکەونە ژێر دەسەڵاتە حەسرییەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان:

  • ماددەی ١١٢ ئاماژە بە هیچ شتێک نادات سەبارەت بە کێڵگە دۆزراو و پەرەپێنەدراوەکان، یان سەبارەت بە کێڵگە نوێکان، یان ناوچە نەپشکنراوەکان.
  • ماددەی ١١٢ ئاماژە بە مامەڵەکردن بە نەوت و گازی دەرهێنراو نادات، یان پڕۆسەکانی دواتری، لە کێڵگە پەرەپێنەدراوەکان، یان هەر کێڵگەیەکی نوێی دیکە لە ئەنجامی چالاکی گەڕانی نوێ و زیاتر دۆزرابێتەوە.
  • ماددەی ١١٢ ئاماژە بە هیچ ژێرخان یان چالاکییەکی پاشکۆ نادات، وەک پاڵاوتن، کۆگاکان، بۆڕییەکانی نەوت، بنکەکانی دەرهێنان، بەندەرەکانی هەناردەکردن، تانکەرەکان، بنکە و بیناکانی پڕکردنەوە، هەر بۆیە، ئەوانە موڵکی هەرێمەکان و پارێزگاکانن.

 

کێ دەسەڵاتی بەسەر گرێبەستە نوێکان، ڕێککەوتنەکانی هاوبەشیی بەرهەمهێنان و گرێبەستە سەرەکییەکانی خزمەتگوزاری هەیە؟

د. ئاشتی هەورامی: دووبارە، لەبەر ئەوەی ئەوانە لەژێر دەسەڵاتە هاوبەشەکان ئاماژەیان پێ نەدراوە، هەرێمەکان و پارێزگاکان دەسەڵاتی تەواویان دەبێت. هەرچۆنێک بێت، بۆ هەمووان ئاسانتر و خوازراوتر دەبێت ئەگەر پشت بە گرێبەست و مۆدێل و مەرجە داهاتییە باوەکان ببەسترێت، بۆ سادەکردنەوەی بابەتەکان و خۆدوورگرتن لە لێکتێنەگەیشتن لەگەڵ وەبەرهێنەران و خزمەتگوزاران. جارێکی دیکەش، ئەوە کێشەیەکی گەورە نییە، هەموومان لە یەک عێراق دەژین، بۆیە دەکرێت ناوخۆیییانە گرێبەستەکان ئەنجام بدرێن و بەڕێوە ببردرێن. بەڵام بەرپرسان، لە هەر کوێیەک بن، دەبێت بەتەواوی شەفافی بنوێنن و بەرپرسیارێتی هەڵگرن، وەڵامی پەرلەمانەکان و دەسەڵاتەکان بدەنەوە بۆ هەر بڕیارێکیان.

پێویست ناکات گوێمان بۆ ڕوانگەی زێدە-شڵەژاوەکان شل بکەین، کە دەڵێن ئەو ڕێکارانە کار ناکەن و ڕەنگە لەدەست دەربچن. ئەگەر چەند کەسێک لە ئۆفیسەکانیان لە بەغدا متمانەیان پێ بکرێت هەموو ئەو شتانە ئەنجام بدەن، ئەوا لەبەرچی ئەو خەڵكە ڕاستەقینەی کە بەڕاستی کارەکان ئەنجام دەدەن لەناو هەرێمەکان و پارێزگاکان، ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت هەمان کار ئەنجام بدەن؟ چەند کەسانێک دەتوانن بڵێن هەرێمەکان و پارێزگاکان ڕەنگە هەندێک کارامەیییان نەبێت، تۆزێک لە ئەرکەکانی گرێبەستەکان ئەنجام بدەن. هەرچۆنێک بێت، تەنانەت ئەگەر بەو شێوەیەش بێت، چارەسەرەکە هێشتا نەگۆڕینی ماددەکانە، بەڵام لێگەڕێن شارەزاکان بڕۆن لە هەرێمەکان و پارێزگاکان کار بکەن لەبری ئەوەی لە بەغدا دابنیشن.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی نوێ پێشکەش دەکات؟

د. ئاشتی هەورامی: لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیە لەڕێی دی ئێن ئۆوە (DNO) دۆزینەوەیەکی نایابمان هەبوو لەژێر دەستوورە نوێیەکە، ئەوەش باشە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهیوای هاتنی بۆ عێراقیش لە داهاتوودا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چالاکییە ناوخۆیییەکانی بەرەوپێش دەچێت لەڕێی پشتبەستن بە دەستوور، هەروەها گفتوگۆی گرێبەستی دیکە دەکات لەگەڵ چەند لایەنێکی دی.

 

دامەزراندنت وەک وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناوبانگت وەک جێبەجێکارێکی پێشوو و شارەزای نێودەوڵەتی نەوت، سەرنجی زیاتری لەگەڵ خۆی هێناوە؟

د. ئاشتی هەورامی: بەڵێ، لەوەتەی گەڕاومەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان داواکاریان بۆ هاتووە لە لایەن کۆمپانیا بەتوانا، بەناوبانگ و بەئەزموونەکان، کە خوازیاری دامەزراندنی بنکەکانیانن لە هەولێر و سلێمانی، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەم هەرێمە بکەن، هەروەها ڕەنگە لە باشووریش کاتێک بارودۆخە ئەمنییەکە باشتر دەبێت.

 

نیازی ئەوەتان هەیە چ جۆرە گرێبەستێک ئەنجام بدەن و چی لەبارەی شەفافییەتەوە؟

د. ئاشتی هەورامی: بەتەواوی شەفاف دەبین، هەروەها ئەو مۆدێلانەی گرێبەست بەکار دەهێنین، کە لە جیهاندا ستانداردن و دانپێدانراون، کە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا بەرگریان لێ بکرێت، هەروەها دەمانەوێت سەرچاوە بگرن لە یاسای تایبەت بە نەوت، کە خوازیارین لە چەند مانگی داهاتوودا جێگیر بکرێن. هەرێمی کوردستان سەلامەت و جێگیرە، هەروەها دەستمان کردووە بە گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای بەناوبانگ. بەهیوای ئەوەی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوویەکی نزیک لە هەموو عێراق جێی خۆی بکاتەوە.

 

سه‌رچاوه‌
سەرچاوە ڕەسەنەکە:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...