دیمانه‌

د. ئاریانا ئیبراهیم: پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی زۆر لە پڕۆپاگەندەی دەرەکی ترسناکتر و کارتێکەرترە

د. ئاریانا ئیبراهیم محەمەد، پڕۆفیسۆر و مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندن- کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین، لە دیمانەیەکی زێدپرێس، هەڵوەستە لەسەر پڕوپاگەندە و جەنگی دەروونی لە میدیادا دەکات. ئەو، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە پڕۆپاگەندەی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی بە ترسناکتر و کارتێکەرتر دەبینێت. ئەو پسپۆڕەی ڕاگەیاندن، ڕوونی دەکاتەوە، کە پڕۆپاگەندە زیاتر لە سۆشیال میدیادا بەڕێوەدەچێت و گەنجان و نەوەی نوێی کوردستانیش زیاتر لەژێر کاریگەری سۆشیال میدیا و بەو هۆیەشەوە پڕۆپاگەندە کارتێکەری زیاتری لەسەر نەوە نوێیەکە هەیە.

 

سازدانی؛ سیڤان کەنعان

 

پڕۆپاگەندە چییە؟ ئامانج لە پڕوپاگەندە بەگشتی چییە؟

پڕۆپاگەندە تاکتیکێکە زیاتر وڵاتان لەکاتی شەڕ و جەنگەکان بەکاری دەهێنن، هاوشێوەی ئامرازێکی سەربازییە، بەڵام کاریگەرییەکەی دوو هێندەی کاریگەری شەڕی سەربازی دەبێت. لەبەر ئەوەی کاریگەری لە سەر دەروون و ورەی بەرانبەر دادەنێت. ئەم تاکتیک یا پلانە بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە ئامرازێک لە وشە و وێنە، بە ئامانجی دروستکردنی گوتارێک و لەڕێگەیەوە دانانی کاریگەری لەسەر بەرانبەر، بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو، ئامانجەکانیش زۆر و جۆراوجۆرن بەپێی ڕەوش و دۆخ و ژینگەکە.

 

ئایا پڕۆپاگەندە تەنیا لەکاتی شەڕدا بەکاردەهێنرێت یان لە دۆخی دیکەشدا؟

زیاتر وڵاتان لەکاتی شەڕ و جەنگەکان بەکاری دەهێنن، بۆ نموونە کاتێک شەڕ ڕوودەدات لە نێوان دوو وڵات، پڕوپاگەندە بەرانبەر یەکتر دەکەن، وەکوو گەورەکردن و زەقکردنەوەی بابەتێک بۆ ئەوەی دووبەرەکی بخەنە ناو خەڵکەوە و بیروباوەڕیان بەرەو ئاڕاستەیەکی تر بگۆڕن، یاخود ئەو پەیوەندی و متمانەیەی خەڵک بە حکوومەت و دەسەڵاتی هەیە بشێوێنن، بەڵام مەرج نییە پڕوپاگەندە تەنیا لە کاتی جەنگ بێت، بەڵکوو لە کاتی ئاشتیش ئەنجام دەدرێت و زۆرجار بە شەڕی سارد ناودەبردرێت، ئەویش هەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە ئەنجام دەدرێت.

 

ڕۆڵی پڕۆپاگەندە لە جەنگی دەروونی چییە؟

پڕۆپاگەندە لە ڕێگەی گەورەکردنی هەندێک بابەت، دووبەرەکی دەخاتە ناو خەڵکەوە و لێکترازان دروست دەکات. هەروها کار دەکات لەسەر لاوازکردن و گۆڕینی بیروباوەڕ، پڕەنسیپ و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا. پڕۆپاگەندە زۆرجار هەر وەک جەنگی دەروونی پێناسە دەکرێتەوە، لەکاتێکدا گوتارەکە دەیەوێ کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی خەڵک دابنێت.

 

ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە دروستکردن و پەرەپێدانی پڕۆپاگەندە و جەنگی دەروونی چییە و چۆنە؟

سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکی نوێیە لە ئامرازەکانی میدیا، هەرچەندە بنەما و بنچینەکانی کاری میدیایی تێدا ڕەچاو ناکرێت و سانسۆری لەسەر نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانە و هەموو کەسێک دەتوانێت ئازادانە سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنێت، ئەوە وا دەکات سوود لەم تەکنەلۆژیایە ببینرێت بۆ بەکارهێنانی پڕۆپاگەندە. پڕۆپاگەندە لە سۆشیاڵ میدیادا ئاسانتر بەڕێودەچێت، بەهۆی ئەوەی سانسۆری لەسەر نییە، و بە ئاسانی و خێراییش دەگاتە هەموو کەسێک، بۆیە پڕۆپاگەندە ئاسانتر و خێراتر ئامانجەکەی دەپێکێت. کاریگەری سۆشیاڵ میدیا دوو هێندەی کاریگەری ئامرازە میدیاییە تەقلیدییەکانە وەکوو تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ. وەک نموونە، لە کاتی شەڕی داعش، داعش سوودی لە سۆشیاڵ میدیا بینی، شەڕێکی دەروونی لەگەڵ خەڵک دەکرد، هێزێکی گەورە نەبوون، بەڵام ئەوەندە گەورەکران خەڵکان ترسان و شارەکانیان چۆڵ کرد.

 

پێتان وایە لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا پڕۆپاگەندە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروستکردووە؟

بەڵێ، پڕۆپاگەندە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئێمە ستراتیجیەتێکی یەکگرتوومان نییە، ئێمە دوو ئیدارەمان هەیە، دوو لایەنی سەربازی و ئابووریمان هەیە، دوو ئیدارە و ئاڕاستەمان هەیە، تەنانەت ڕەنگی داوەتەوە لە میدیادا کە دوو گوتاری میدیاییمان هەیە. دەبێت لە پرسە نەتەوەییەکان و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەن، یەک ئاڕاستە، یەک گوتار، یەک ستراتیجیەتمان هەبێت لە بەرانبەر وڵاتان، بەڵام بەداخەوە ئەوە نییە، یەکێک لە هۆیەکانی دۆخەکەی خراپتر کردووە، هەر پڕۆپاگەندەیە.

 

کێ پڕۆپاگەندە بەرانبەر کورد یان هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت؟

کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان زۆر نەیاری هەن، دەوروبەرمان هەموویان وڵاتی گەورەن؛ تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق، کە هیچیان نایانەوێت هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی بەهێز دەرکەوێت، سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و فەڕەنسا پاڵپشتی و پشتگیریمان دەکەن، بەڵام ئەویش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و بەپێچەوانەوە پشتمان لێ دەکەن. هەموو وڵاتانی دەوروبەرمان پڕۆپاگەندە لە دژی هەرێمی کوردستان دەکەن بە تایبەت حکوومەتی بەغدا. بەنموونە کار دەکەن لەسەر گەورەکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت، بۆ شلەقاندن و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئاڕاستەکردنی خەڵک بەرەو بەغدا. حکوومەتی بەغدا دەیەوێت وا پیشان بدا کە حکوومەتی هەرێم هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ خەڵک و دژی بەرژەوەندی گەلی خۆیان وەستاون، لە کاتێکدا ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لە بەغدا نییە. ئامانجەکە فرەوانکردنی بۆشایی متمانەیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسییدا.

 

کەواتە پڕۆپاگەندە کاریگەری هەبووە لەسەر لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی؟

هەموو کەسێک هەستی ئینتیمابوونی بۆ وڵات و خاک و مێژووی خۆی هەیە. کاریگەری پڕۆپاگەندەیش زیاتر لەسەر نەوەی نوێیە، چونکە ئەو نەوەیە لەم لایەنەوە بە شێوەیەکی باش و درووست پەروەردە نەکراون، هەروەها ئەم نەوەیە، نەوەی سۆشیاڵ میدیان. ئەوەندەی متمانە بە سۆشیاڵ میدیا دەکەن ئەوەندە متمانە بە کەناڵە میدیاییەکان و تەنانەت حکوومەت و دەوڵەت ناکەن. لەدۆخێکدا پڕۆپاگەندە زیاتر لە سۆشیال میدیادا بەڕێوەدەچێت، بەهۆی نەبوونی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی سۆشیاڵ میدیا، ئەم پڕۆپاگەندانە کاریگەرییان کردووەتە سەر هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لای گەنجان و نەوە نوێیەکە.

 

ئەگەر پڕوپاگەندە وەک چەکێک لە دژی نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەک بەکاربهێندرێت، ئەرکی کێیە بەرەنگاری ببێتەوە؟

ئەرکی هەموومانە، ئەرکی ئەکادیمییەکان و ئەرکی مامۆستا و ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندانە ئەو خەڵکە هۆشیار بکەنەوە کە دەکەونە ژێر کاریگەر پڕۆپاگەندەوە. پڕۆپاگەندە بابەتێکی زۆر ترسناکە و هەروەها ئەرکی حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانە ئاگایان لەم مەترسییە بێت و کار بکەن و میکانزمی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکاربهێنن.

 

لە دەرەوەی پڕۆپاگەندەی دەرەکی، پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی لە کوردستان هەیە؟

بەڵێ هەیە، بەهۆی ئەو ئازادییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکراسی هەنگاو دەنێین، دیموکراسیەت واتا تۆ ئازادی بدەی بە هەموو کەسێک کە دەربڕین لە بیر و بۆچوونی خۆی بکات، ئەم ئازادییەی کە هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان قۆستراوەتەوە و بەکاری دەهێنن دژی میلەتەکەی خۆیان، بە تایبەتی ئەو پارتانەی کە خۆیان وەکوو ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدەن و بەگشتی کار لەسەر دروستکردنی پڕۆپاگەندە دەکەن.

 

ئەو لایەنانەی پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی دەکەن بە چی مەبەستێک دەیکەن؟

بەگشتی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک بەدەست بهێنن.

 

ئایا پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی کاریگەری زیاتر و قوڵترە لە پڕۆپاگەندەی دەرەکی؟

پڕۆپاگەندەی ناوخۆیی ترسناکترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پڕۆپاگەندە دەرەکی بێت ئێمە دەزانین دوژمنن، بەڵام ئەگەر پڕۆپاگەندە لەناوەوەی خۆت بێت بۆ تێکدانی شیرازە و کۆمەڵگای خۆت، ترسناکییەکەی لەوەدایە، کە سەرچاوەکەی لەناوەوەی خۆتە و وەک بەشێک لە کۆمەڵگاکەی خۆت مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکەی دەکەیت، ئەوەش وا دەکات کاریگەری و کارتێکەری زیاتری لەسەر جەماوەر هەبێت.

 

پێتان وایە خەڵک بەهۆی پڕۆپاگەندەوە متمانەیان بە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لاواز بووە؟

بەڵێ، کاتێک پڕۆپاگەندە دەکرێت دژ بە حکوومەت و دەسەڵات، تەنیا سەرنج لەسەر لایەنە نەرێنییەکان چڕ دەکرێتەوە، کار دەکرێت لەسەر بە خراپ پیشاندان و نەهێشتنی متمانە و ئومێد بە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی، ئەو دروستکردنی نامتمانەییە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسیی، لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئامانج و کارتێکەرییەکانی پڕۆپاگەندەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...