هه‌واڵ

سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بۆ بەڕێوەبەرێکی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی دەرکرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بۆ بەڕێوەبەرێکی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان ڕادەگەیەنێت، بەتۆمەتی گەندەڵی و زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە سەرمایەی وەزارەتەکە.

 

دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەم، ٣ی ئاداری ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە، لەلایەن دادگەی تاوانەکانی ڕەسافە/دوو سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەشێوەیەکی غیابی بەسەر عەلی شافی ئەسعەد ئەرزیج بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان سەپاند، بەتۆمەتی زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە سامانی گشتی، کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەکدا، بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی ٣٠٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی.

 

عەلی شافی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی نەخشەکێشان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی بوو. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستپاکی، ناوبراو، بەئەنقەست تەواوکردنی کاری یەکەی پرۆسێسکردنی لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگەی پیشەسازی نەهرەوان بە نادروستی بەڕێوەبردووە، و دواجار یەکلایی نەکردۆتەوە و کاری یەکەکەی ڕادەست نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو کۆمپانیایە نەگرتووەتە بەر کە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات. بەهۆی دواکەوتنی لە جێبەجێکردنی ئەرکە گرێبەستییەکانی لە کارەکانی یەکەی چارەسەرکردندا، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکە؛ کە بووە هۆی بەفیڕۆدانی بڕی ٣٠٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی.

 

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەرچەند دادگەی تاوانەکانی ڕەسافە، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تاوانباردا سەپاندبووە، بەڵام ناوبراو پێشتر هەڵهاتووە و دەستگیر نەکراوە. بەوهۆیەوە دادگاکە بەشێوەی غیابی سزاکەی بەسەردا سەپاندووە و فەرمانی دەستگیرکردن و بەدواداگەڕان و دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی تاوانبارە هەڵهاتووەکەی دەرکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...