هه‌واڵ

پێنتاگۆن پێشمەرگە وەک هاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا ناودەبات

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنتاگۆن پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و هێزی پێشمەرگەیشی وەک هاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا ناوبردووە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

 

دوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی فەرمی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و شاندێکی سیاسی بە سەردانێک گەیشتە واشنتن، سەرۆکوەزیران جگە لە کۆنگرێس لە چوار دامەزراوەی باڵای جێبەجێکردنی ئەمریکا پێشوازی لێ کرا، ئەوانیش کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پێنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینە.

سەرەتای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی دەرەوە بوو، کە تیایدا لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لێکرا. بلینکن لەبەردەم مەسرور بارزانی گوتی، پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر درێژخایەنە.

دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆشکی سپی کرد، لەوێ سێیەم بڕیاربەدەستی ئەمریکا کە جەیک سۆلیڤانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە پێشوازی لێکرد و لەسەر چەند پرسێکی گرنگی و ستراتیژی گفتوگۆیان کرد.

کۆشکی سپی وەک بەهێزترین ناوەندی بڕیار لەجیهاندا ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی جەیک سۆلیڤان و مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە؛ جارێکی دیکە دەستەواژەی “کوردستانی بەهێز”ی بە ئاشکرا بەگوێی جیهان دا و جەختی لەوە کردەوە، “هەرێمی کوردستان بە تەنیا نییە و ئەمریکا وەک هاوبەشێکی درێژخایەنی و جێگەی متمانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، پشتیوانی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە دەکات کە ڕووبەڕووی هەولێر بوونەتەوە”.

سێیەم گەورە دامەزراورەی ئەمریکا کە بڕیار و سیاسەتەکانی لە هەموو جیهاندا کاریگەرییان هەیە و پێشوازی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن بوو. تێیدا سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە. پێنتاگۆنیش هاوشێوەی دوو دامەزراوە باڵاکەی ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ کوردستانی بەهێز جەخت لێکردەوە، هێزی پێشمەرگەشی وەک هاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا ناوبرد و قوربانیدانی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆر بەرز نرخاند.

لە ڕووی سەربازییەوە، ئەمریکا وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی، سەیری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، ئەمریکا لە ساڵی 2014 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش لە 2016، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد بە مەبەستی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2022 پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتەکە دووپاتکردەوە.

هەروەها لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش، مانگی ئاداری 2023 لە هەولێر ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند، “پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، پێکەوە توانیمان 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش ئازاد بکەین”.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بریان نیڵسن، بریکارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاڵپشتی چاکسازییە داراییەکانی کابینەی نۆیەمی کرد و سەرۆکوەزیرانیش دڵنیایدایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی چاکسازییەکان بەمزووانە هەستپێدەکەن.

لە کۆتایی سەردانەکەییان بۆ واشنتن و لە تێکرای دیدارەکانیان لەگەڵ گەورە بەرپڕسانی ئەمریکا، جەخت لە هاوکاریکردنی بەردەوامی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکرایەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...