هه‌واڵ

ئەمریکا؛ سەدان کەسایەتی جوو دەستگیرکران

زێدپرێس

 

ڕێکخراوی دەنگی جوو بۆ ئاشتی، کە سەرپەرشتی خۆپیشاندان و چالاکییەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگای جووی ئەمریکایان دەکرد، دەستگیرکردنی ٥٠٠ خۆپیشاندەر ڕادەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، گرووپی ڕێکخراوەیی (دەنگی جوو بۆ ئاشتی) ڕایگەیاند، ٥٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە دەستگیرکران، “لەکاتێکدا ١٠ هەزار کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیرکردنی فەڵەستین و داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان”یان دەکرد.

خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەرفرەوانەکە دوێنێ چوارشەم ١٨ی تشرینی یەکەم لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەچوو، سەدان لە خۆپیشاندەران چوونە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە و دروشمەکانی “دژەشەڕ”یان دەگوتەوە و داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەستیان دەکرد لە غەززە.

ڕێکخراوەکە، دەڵێ “هەوڵماندا سەرنجی جەماوەر بۆ سەر بەشداری ئەمریکا لە ستەمی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستینییەکان ڕابکێشین”.

لەپاڵ خۆپیشاندەرە جووەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمان و فەڵەستینییە نیشتەجێکانی ئەمریکا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هێشتا کارەکانمان تەواو نەبوون. دەتوانین جینۆساید لە غەززە بوەستێنین و دەیکەین”.

دەنگی جوو بۆ ئاشتی، پێداگیری دەکات، کە ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی هەیە، زەمینەکەی بۆ ٧٥ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و زیاتر دەڵێ “لە ساڵی ١٩٤٨ەوە حکوومەتی ئیسڕائیل سیستەمی ئاپارتاید و داگیرکاری نایاسایی بنیادناوە”.

گرووپە ڕێکخراوەییەکە، هەروەها دەڵێ “وەک چۆن داوای کۆتاییهێنان بە جینۆساید لە غەززە دەکەین، دەبێ هەمان هەوڵ بدەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی زایۆنیزم و ئاپارتاید و کۆلۆنیالیزم، کە ئێمەی بەم چرکەساتە گەیاندووە”.

ئەوان بانگەشە دەکەن، کە “تاکە ڕێگە بۆ ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەمووان”، خۆی لە دەستبەرکردنی “دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەمووان” دەبینێتەوە. وەک دەڵێ “ئەمەش بە واتای وەستان لە هاودەنگی لەگەڵ فەڵەستینییەکان. واتە بنیاتنانی جیهانێک لە دەرەوەی زایۆنیزم. واتە دروستکردنی سیستەمی سەلامەتی لە ڕێگەی هاوبەستییەوە”.

ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، کۆمەڵکوژییە و هەنگاونانە بەرەو جینۆساید، “ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە کۆببینەوە بۆ ئەوەی ئەم جینۆسایدە نەچێتە پێشەوە؛ ئێمە وەک جووەکانی ئەمریکا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەین”، ڕێکخراوەکە وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...