هه‌واڵ

مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبوونەوە

ڕۆژی دووشەم، ٤ی ئاداری ٢٠٢٤ لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گلین مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی “بارەگای بارزانی”، لەدیدارەكەدا “باڵیۆزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و، خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵكردنەوەی ئەم پەیوەندییە خستەڕوو”.

لەدیدارەكەدا باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدریت و وەک ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: “لەم ڕووە تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا، لەبەرئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان”.

ئەوەش خرایە ڕوو، کە “هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیریی لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بونیات نراوە”.

زیاتر هاتووە: “پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و، لەبەر توندیی کێبڕکێکان ڕەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دەست بخەن”.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە تەوەرێكی تری دیدارەکەدا، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق باس کراوە و بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە “ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان و، پێویستە لەم ڕوانگەیەوە درک بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...