ژینگه‌هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە دەستەی ژینگە و گەشتوزارەوە

هەردوو دەستەی ژینگە و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە گەشتیاران و سەیرانکەران دەکەن، لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز و سەیرانەکانیاندا، پابەندی ڕێکارەکانی ژینگەپارێزی بن.

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٤ی ئازاری ٢٠٢٤، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز و هاتنەپێشەوەی وەرزی بەهار، کە چاوەڕوانی گەشت و سەیرانی تێدا دەکرێت، هەردوو دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان و سەیرانکەران کراوە، لە گەشت و سەیرانەکاندا، پابەندی ڕێکارەکانی ژینگەپارێزی بن و لەو ڕوانگەیەشەوە ئاماژەیان بە چەند خاڵ و ڕێوشوێنێک کردووە لەپێناو پیادەکردنیان لەلایەن گەشتیاران و سەیرانکەرانەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و دەستەی گەشتوگوزار:

پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی كوردی لە گشت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی گەشت و سەیران لە ناو بەهارێكی خۆش و ڕەنگین لە كوردستان. هیوادارین كاتێكی خۆش و كامەران بەسەربەرن لە شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكان و ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

 

  1. 1. پاراستنی سەیرانگاكان و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكوخاوێنی و پیس نەكردنیان .
  2. 2. لە دوای ئاگركردنەوە و تێپەڕاندنی ڕۆژێكی خۆش لە سەیرانگاكان و لە ناو دارستانەكان، ئاگرەكە بە تەواوی بكوژێننەوە و دڵنیابن لەوەی كە هیچ پاشماوەیەكی ئاگر نەماوە.
  3. 3. پاراستنی دارستانەكان و نەشكاندنی دار و درەختەكان و بەكارنەهێنانیان وەك سووتەمەنی .
  4. 4. فڕێنەدانی پاشماوەكان لە سەیرانگاكان و كۆكردنەوە و هێنانەوەی پاشماوەكان بۆ ئەو شوێنانەی تەرخانكراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان یان هێنانەوەیان لەگەڵ خۆتان بۆ حاویەی زبڵ و خاشاكی بەردەمی ماڵەكانتان .
  5. 5. دروستكردن و ئامادەكردنی خواردن بەو بڕەی كە دەخورێت و بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی نەبێتە پاشماوە و سەیرانگاكان پیس نەكات، لە كاتی هەبوونی خواردنی زیادە لە شوێنێك دابنرێت بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵەكان بیخۆن .
  6. 6. پیس نەكردنی ڕووبار و چەمەكان بە فڕێنەدانی پاشماوەكان بۆ ناویان بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو و كاریگەری لەسەر زیندەوەرانی ناو ئاوەكە دروست نەکات .
  7. 7. گوێڕایەڵی بۆ پۆلیسی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان .
  8. 8. لەشەوی سەری ساڵدا واتە لە نەورۆز تایە مەسوتێنن، لەبەرئەوەی زۆر پیسکەری ژینگەیە، تەنیا لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگا و ئیدارەکان مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێت.
  9. 9. كۆمپانیا گەشتیارییەكان ڕاسپێردراون كە ژینگەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاك و خاوێنی بپارێزن.
  10. 10. داوا لە گەشتیاران و سەیرانكاران دەكەین هاوكاری تیمەكانی گەشتوگوزار و ژینگە بن كە ڕێنوێنی و ڕێپیشاندەریانن بۆ سەیران و گەشتەكان.
  11. 11. دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە مەترسی هەبوونی مینی لێ دەكرێت و دەستكاری نەكردنی بۆ سەلامەتی هەمووان.
  12. 12. ڕاونەكردن و ئازارنەدانی ئەو گیانلەبەرە كێویانەی كە لە نزیك شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان هەن.
  13. 13. خۆدوورگرتن لە دروستكردنی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل لە ڕێگاكان و پەكخستنی ڕێڕەوی ڕۆیشتن و بەكارنەهێنانی ئامێری ئاگاداركردنەوە (هۆڕن لێدان) بۆ ئەوەی ژاوەژاو دروست نەبێت.

 

لەگەڵ ڕێزماندا

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگە

٤/٢٠٢٤/٣/٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...