هه‌واڵ

وەزیری دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر نەناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ بەغدا دەدات

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەیە و دەستیش بە جێبەجێکردنیان کراوە.

 

ئەو گوتانەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە میانەی کۆبوونەوەیان هات لەگەڵ ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ دووشەم، ٤ی ئازاری ٢٠٢٤، وەزیری دارایی و ئابووری، لە دیداری نێوان وەزیری دارایی و کونسوڵی ژاپۆندا، گفتوگۆ لە بارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن کراو جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی کراوەتەوە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: “هەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت”.

وەزیری دارایی ڕونیشیکردەوە “هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە “ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی تایبەت بەو کارە بێپشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق”.

لای خۆشییەوە کونسوڵی ژاپۆن “پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دابین بکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی نەکرێت”، لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...