هه‌واڵ

لە نێوان ٦٥٠ تا ٧٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەن

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە نێوان ٦٥٠ هەزار تا ٧٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

“تەیف سامی باش دەزانێت چەند سەد هەزار شەریفی بندیوار لە لیستی مووچەی عێراقدا هەیە!”، مەریوان قەرەنی وا دەڵێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوە دەکات، “لە چوارچێوەی ئەو پاساوە یەك لە دوای یەكانەی بۆ دواخستنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەیهێنێتەوە كە بەداخەوە ئامانج لێی برسیكردنی گەلی كوردستان و هەوڵدانە بۆ نانەوەی دووبەرەكی لەنێو هەرێمەكەماندا، بەداخەوە هەندێك لە میدیاكان لە زاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە باس لەوە دەكەن كە گوایە شەریف ناوێكیان دۆزیوەتەوە چەند مووچەیەكی هەیە!”.

ئاماژەی کردووە: “هەرێمی كوردستان پێشتر لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم، چاكسازییەكی گەورەی كرد و مووچەی سەرجەم ئەوانەی بڕی كە زیاتر لە مووچەیەكیان هەبووە. بۆیە هیچ گومانێكمان لەوە نییە كە ئەو پاساوەی باسی دەكەن راست نییە و تەنانەت یەك كەسیش نییە زیاتر لە مووچەیەكی هەبێت، مەگەر یاسا خۆی ڕێگەی بەوە دابێت، بۆ نموونە كەسێك مووچەخۆر بێت، لە هەمان كاتدا وارسی شەهید بێت، ئەوە یاسا ڕێگەی داوە”.

مەریوان قەرەنی هەروەها دەڵێ: “باسكردنی ئەو شەریف ناوە بابەتێكی گرنگی لەگەڵ خۆیدا جووڵاندووە، بەوەی داخوا چەند مووچەخۆری بندیوار و وەهمی لە عێراقدا هەن؟ لەم ڕۆژانە چاوپێكەوتنی بەڕێزێكم بینی بە ناوی ڕەحیم دەڕاجی كە سەرۆكی جووڵانەوەی (كفی)یە، ئەو دەڵێت ٧٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەن و تەنانەت دەڵێت بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانێكی عێراق پێی گوتووە كە ٦٥٠ هەزار بندیوار لە عێراقدا هەن”.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەش بیر دەخاتەوە، کە پێشتر لە میدیاكانەوە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكە باسیان لەو سەدان هەزار بندیوارانە كردووە كە مووچە لە حكوومەتی فیدڕاڵی وەردەگرن و لەو ڕوانگەیەوە دەپرسێت: “كەواتە ئێستا تەیف سامی خۆی دەزانێت چەند سەد هەزار شەریفی بندیوار لە لیستی مووچەی عێراقدا هەن، ئیتر بۆ بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگرێت؟!”.

“باشترین چارەسەر بۆ تەیف سامی تاوەكوو بتوانێت شەریفە بندیوارەكانی نێو لیستی مووچەكەی عێراق بدۆزێتەوە، ئەوەیە كە سوود لە ئەزموونی پرۆسەی بایۆمەتریی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەویش ئەگەر بوێرێت داوای ناو و ژمارەی لیستی مووچەخۆرانی (دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكانی عێراق، حەشدی شەعبی، وەقفی شیعی و زۆر جێگەی دیكەش) بكات”، مەریوان قەرەنی وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...